دەستەی بەڕێوبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوویەوە، لەدوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵۆزیانە کرا کە لە ناوچەکە و جیهان دا پەرەی سەندووە، بە تایبەت گرنگی بە دۆخی خراپی هەرێمی کوردستان درا و گفتوگۆی قوڵ لەسەر شێوازی چارەسەریی کرا، لەو چوارچێوەدا هەرچەندە لەڕابردوودا تەڤگەری ئازادیی بۆ چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکان پڕۆژە وپلانی هەبووە، بەهەمان شێوە لە داهاتووشدا بێ چارەسەریی نابین و زۆرتر هەوڵ دەدەین، کە تیشک بخەینەسەر ئەو گیروگرفتانە، کە ڕووی لەهەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردووە.
هەروەها هاتووە: لەم قۆناغەدا دەمانەوێت ببین بە چارەسەرییەک و بەردەوام جموجۆڵەکانمان زیاتر بکەین و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و ڕادیکاڵ بگێڕین، هەر بۆیە دەستەڵات دەیەوێت لەهەموو جێگایەک کادیر و ئەندامانمان بخاتە ژێر قورسترین فشار و دەزگیریان بکات، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک مایەی قبوڵ کردن نییە و دەبێ هەموو لایەکیش خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئاخۆ لە بەرەی زوڵمی دەستەڵاتی هەولێر دان، یان لەگەڵ تێکۆشان و ناڕەزایەتیەکانی گەلی خۆیان دان، لەو ئاستەدا با کەس بێ لایەن نەبێت، چونکە پێمان وایە بێ-لایەنیش هەمدیسان خزمەتی دەستەڵاتی هەولێر دەکات.
تەڤگەری ئازادیی لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان دەڵێت: ئەندامەکانی تەڤگەری ئازادیی هەرچەندی ڕووبەڕووی ڕاوەدونان و فشار و ڕەشبگیریی و زیندانی ببێتەوە، هەرگیز تەنازوول و پاشەکشێ لە فکر و ماف و کار و هەڵوێستەکانیدا ڕوونادات و بگرە پێداگر و بە پلانتر ڕووبەڕووی هەموو پیلانگێڕیەکان دەبێتەوە، وەک چۆن لە ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵ بووین، بەو دەستگیرکردنانە ڕادیکاڵتر دەبین و کۆڵ نادەین، چونکە پێمان وایە ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە شێوازیی ماندێلا کارکردن هەیە، هەر بۆیە خۆمان حازر دەکەین بۆ ئەم قۆناغە، وە لەهەوڵداین هەموو ئەو دەرگایانەی بە ڕووماندا داخراون بیانکەینەوە و هەوڵە دیبلۆماسیەکانمان پەرە پێبدەین و کراوەتر لە جاران ئیش و کارەکانمان ئەنجام بدەین.[1]