ئەنجومەنی شەنگال لە دەرەوە وڵات-مەشەدە لە بارەی پلانە داگیرکەری و قڕکەریەکانی سەر شەنگال، ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە دەوڵەت تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە تۆڵەی #داعش# لە شەنگال بکاتەوە و ئەو خاکە پیرۆزە داگیر بکات.
مەشەدە لە ڕاگەیێنراوەکەدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بە تایبەت پەدەکە و چەند لایەنێکی تر لە دژی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی لێدوان و ڕاگەیێنراو بڵاو دەکەنەوە و کۆمەڵگای ئێزدی بە ئامانج دەگرن.
مەشەدە وتی: بە تایبەت پەدەکە و لایەنە نزیکەکانی، ئەم ئەرکەیان پێسپێردراوە و حکومەتی عێراقیش بە بێدەنگیەکەی پشتیوانی لەو سیاسەتە دەکات. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڕێگە بە دەوڵەتی تورکیا دەدات هێرش بکاتە سەر کۆمەڵگاکەمان لە شەنگال.
لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەی مەشەدەدا ئاماژە بەوە کرا کە بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا بە دەیان فەرمانی بە مەبەستی لەناوبردنی و بە زۆرەملێ مسلمانکردنی کۆمەڵگای ئێزدی، دەرکردووە و دەیەوێت ئەم کۆمەڵگایە لە سەر جۆگرافیای کوردستان نەهێڵێت و وتیشی، دەوڵەتی تورک لە مێژوودا هەمیشە ویستوویەتی ئەم کۆمەڵگایە لەناو بەرێت، دوایین جاریش لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا ویستی ئەم ئامانجە بە ڕێگەی داعش بهێنێتەدی و پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش هاوکاری بەشێک لەو سیاسەتەیە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەو ژن و منداڵە ئێزدیانە کراوە کە دوای فەرمانی 3ی ئاب لە لایەن داعشەوە بە دیل گیراون و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە ناو تورکیا لە دەستی دڕندەکانی داعشدان.
مەشەدە هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو فەرمانانەی کە لە مێژوودا لە دژی کۆمەڵگای ئێزدی دراون و ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا کۆمەڵگای ئزیدی هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار و کۆمەڵکوژی بووەتەوە بۆ ئەوەی یان تەسلیم ببێت، یان بتوێنرێتەوە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا مەشەدە ئاماژە بە سیاسەتی بە عەرەب کردنی کۆمەڵگای ئێزدی دەکات لە لایەن ڕژێمی بەعسە و ئەو خیانەتەی بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە مێژوودا لێی کردووە و بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات:بە هۆی پشتیوانی ئێزدیەکان بۆ هێزە کوردیەکان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵگای ئێزید لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە سزا درا. پەدەکە بە سەرکێشی بارزانیەکان، لە ساڵی 75 بە دواوە گەورەترین زیانیان گەیاندووەتە کۆمەڵگای ئێزی. پارتی دیمۆکراتی کوردستان، شێخ حوسێنی کوری بابە شێخی ئێزیدەکانی لەو سەردەمەدا کوشت. شێخ حوسێن دوای پەیمانی جەزاییری ساڵی 1975 لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام #جەلال تاڵەبانی#دا بوو، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان-یەنەکە. لە ساڵی 1978دا لە جەنگی قلەباندا لە لایەن پەدەکەوە بەدیل گیرا و بە دڕندانەترین شێوە لەسەر فەرمانی مەلا مستەفای بارزانی لە لایەن سامی عەبدولرەحمانەوە کوژرا.
دوای ئەو ڕووداوە، بە هەزاران ئێزدی لە بزوتنەوەی کوردی، بە تایبەت پەدەکە دوور کەوتنەوە و لە سەدەی بیستەمدا، بۆ یەکەم جار سارد بووەوە لە بەرامبەر دۆزی کوردی. بەمەش سیاسەتی بە عەرەب کردنی ئێزدیەکان کە ڕژێمی بەعس دەستی پێکرد، لە ناو بەشێک لە ئێزدیەکاندا کاریگەری دروست کرد. ئەگەر ئەمڕۆ سیاسەتی تواندنەوە، لە ناو کۆمەڵگاکەماندا کاریگەری خۆی هەبووە، هۆکارەکەی فەرمانە یەک لە دوای یەکەکانی میر و بەگ و دەسەڵاتدارانی کوردە لە ماوەی 200-300 ساڵی ڕابردوو، هاوکات سیاسەتەکانی پەدەکەیە.
مەشەدە لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا تیشکی خستووەتە سەر ڕۆڵی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە هێرشەکانی ساڵی 2014دا و وتی:بەر لە 3ی ئابی 2014 لە شەنگال پەدەکە تاکە هێز بوو. بە تایبەتیش دوای داگیرکردنی موسڵ لە 9ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە لایەن داعشەوە، پەدەکە بە هەموو شێوەیەک کۆنتڕۆلی شەنگالی بەدەست هێنا، نزیکەی 12-15 هەزار پێشمەرگەی لەوێ جێگیر کرد. لەسەر داوا و بانگەوازی کۆمەڵگای ئێزدی، پەدەکە وتی، تا کۆتایی ئەو ناوچانە دەپارێزم و ڕێگەی نەدا خودی کۆمەڵگای ئێزدی خۆی بپارێزێت. بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدا کۆمەڵگای ئێزدی لە ناو خۆیدا هێزی خۆی دروست بکات بۆ خۆپاراستن. کاتێک لە 3ی ئابدا داعش بە 300 کەسەوە هێرشێ هێنایە سەر شەنگال، نزیکەی 15 هەزار پێشمەرگە ڕایان کرد و ڕێگەیان نەدا ئێزدیەکان خۆیان بگەیێننە شوێنە ئارامەکان. ئەمە بووە هۆکاری گەورەترین کۆمەڵکوژی و قڕکردنی ئەم سەدەیە.
لە ئەنجامی ئەم فەرماندا بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران کچ و ژنی ئێزدی ڕفێندران، سەدان هەزار کەس لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون. بە بەرچاوی جیهان و هێزە سیاسیەکانی ناوچەکەوە، بە هەزارن منداڵ لە تونیەتی و برسیەتی مردن. بە سەدان هەزار ئێزدی بڵاو بوونەوە و هەندێکیان تا ئێستاش لە ناو کەمپەکاندا دەژین. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا بە سەدان هەزار ئێزدی لە جیهان بڵاو بوونەوە و بوون بە پەنابەر. بەر لە هێرشەکە 3ی ئابی 2014 لە شەنگال نزیکەی 500 هەزار ئێزدی هەبوون، ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوانەی گەڕاونەتەوە، 150 هەزار کەس ماون. بەم سیاسەتی قڕکردنە، نەک تەنها کۆمەڵگایەک یان ئایین و کلتورێک، بەڵکو میراسێکی مرۆڤایەتی لەناو دەبرێت.
مەشەدە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، وەکو ئەوەی بڵێی ئەو قڕکردن و ماڵوێ#ڕانیە#ی بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا هاتووە، بەس نیە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە بووە بە هۆکاری ئەو قڕکردنە، دەیەوێت جارێکی تر ڕێگە بۆ فەرمان و قڕکردنێکی تر بکاتەوە و خاکی پیرۆزی ئێزیدیەکان داگیر بکات.
مەشەدە هاوکات داواکاریەکی ئاڕاستەی حکومەتی ناوەندی عێراقیش کرد کە واز لە سیاسەتی نەژادپەرەستی بهێنێت و هەنگاو بۆ ناسینی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزیدی بنێت، چونکە ئارامی و پێگەی شەنگال دەبێتە هەوێنی ئارامی و دیمۆکراسی لە سەرتاسەری عێراق.
لە بەردەوامی ڕاگەیێنراوەکەی مەشەدەدا هاتووە: ئێمە لێرەوە دەمانەوێت بە پەدەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێین، ئێوە لە ساڵی 2003وە تا ساڵی 2014 لە شەنگال دەسەڵاتدار بوون. لە ساڵی 2007دا کۆمەڵکوژیەکەی سبا و تل عزێر-مان بەسەر هات. لە ساڵی 2014دا کۆمەڵکوژی سەدە ڕوویدا. ئەو کاتە نە #پەکەکە# و نە هیچ هێزێکی تر لە ناوچەکە بوونی نەبوو. ئەو هێزانەی کۆمەڵکوژ و قڕیان کردینەوە، بوونی ئێوەیان بە بیانوو هێنایەوە. لەگەڵ ئەوەی ئێمەتان نەپاراست، ئێمەش ئەمڕۆ دژایەتی ئێوە بۆ مێژوو دەهێڵینەوە. ئێمە ئەمڕۆ تەنها ئەوەتان پێدەڵێن کە واز لە هەڵەکانتان بهێنن و ئیدی نەبنە هۆکاری فەرمان و داگیرکردنی خاکەکەمان. ئێوەش دەزانن کە لە 1ی نیسانی 2018 وە پەکەکە هێزەکانی خۆی لە ژێر چاودێریی جیهان و بە تایبەت لە ژێر چاودێری ئەمریکادا لە شەنگالل کشاندەوە و ئەمەش بە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە پشتڕاست کراوەتەوە. هەموو لێدوانەکانتان کە بوونی پەکەکە وەکو ڕێگری دەبینن لە بەردەم گەڕانەوە و بونیادنانەوەی شەنگال، بێبنەمان. شەنگال لە هەموو ناوچەکانی تری عێراق ئارامترە. ئەگەر ئاستەنگی و ڕێگریەک هەبێت لە بەردەم گەڕانەوە و بونیادنانی شەنگال، ئەوا گەمارۆدانی شەنگال و سیاسەتە هەڵەکانی ئێوە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. پەکەکە لە شەنگال بوونی نیە، بەڵام ئێزدیەکان فەلسەفەی بزوتنەوەی ئازادی و ئەزمونەکانی ژیانی هاوبەش و یەکسانیان بۆ خۆیان کردووە بە ڕێباز و سیاسەت.
مەشەکە هاوکات جەختیشی کردەوە کە مافی هیچ کەس و لایەنێک نیە گەل و ڕۆڵەکانی کۆمەڵگای ئێزدی لەم خاکە بکاتە دەرەوە و ئەگەر گشت جیهانیش لە دژمان بوەستێتەوە، واز لەو خاکی پیرۆزە ناهێنین.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەشدا مەشەدە وتی:ئەگەر ئەمریکا و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئارامی و یەکسانیان دەوێت لە عیڕاق، دەبێت ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی لە شەنگالی قبوڵ بکەن. نە پەدەکە نە هیچ هێزێکی تر مافی ئەوەی نیە بڕیار لەسەر دواڕۆژی شەنگال بدات. بە تایبەت ئەو هێزەی شەنگالیان بەجێهێشت، بلا شەرم بکەنەوە.
ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی کۆمەڵگای ئێزدی دەکەین کە باش لە سیاسەتی پەدەکە و دەوڵەتی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیستی تورک تێبگەن و بە یاریەکانی پەدەکە هەڵنەخەلەتێن و لە هەموو کاتێک زیاتر خاوەنداریی لە شەنگال بکەن. سروشتی شەنگال ئازادیی ئێزدخانە.[1]