سکرتێرە 17
ئەعسابم لێیان نەماو گۆتم : وەرن بزانم ئەوە لەکێ بوون ؟ هەردووک بە پێکەنین لۆلای من هاتن و گۆتیان : کوو عومرت بەزایەع چووە، ئەتوو هەر خۆ لەژۆرێنێ باشە، کورە دەوەرە دەرێ جەولەکی لێدە بزانە چ هەرایەکە ماخران..! گۆتم : مەوزوعی مەگۆڕن و پێم برێن بزانم چتان کردیەو لۆ دۆخینتان تووند دەکەنەوە ؟ مام عەوڵا گۆتی : دەی بزانە ئەوەشمان لێ مەعن ناکەی، وەڵلا لێت دێ..! گۆتم : ئەولاو ئەولای مەکەن و تێم بگەینن لەکێ بوون ؟ جەعۆ گۆتی : عەوڵا پێی برێم ؟ عەوڵا گۆتی : کەیفی خۆتە ! جەعۆ گۆتی : کورە ئاخر نە شتەکە عەیبەو لەڕووم نایێ..! گۆتم : قورعان بەهەقتان بە ساحێبتان پێم نەرێن هەونکە دەتان نێرمەوە مارێ..! وەکی وەمگۆ مام عەوڵا شلی کردو گۆتی : کورە برام لەکێ بووین، لەئەدەبخانەی بووین..!! کە ئەو قسەی کرد پشیەکم هاتەوەو بەرێ و گۆتم : سوپاس لۆ خوای هەر ئەوەندەبوو، ئەمن فکرم لۆ چشتی قۆڕ چوو..! جەعۆ گۆتی : چشتی قۆڕی چ ؟ گۆتم : بەسە ببڕێنەوە، بەران ئاودەست ئەو هەموو پێکەنینەی دەوێ ؟ مام عەوڵا گۆتی : نە ئەمن ئێکەم جارمە ئەو نەوعە ئەدەبخانانە بەکار بینم، بڕوا بکە چووبوومە سەرێ پێم هاویشتبووە سەر ئەولاو ئەولای ئەوجە خۆم خاری کردتەوە، وەڵلا بابە ئەوە زەعمەتەو بەمە ناکرێ..!!
گۆتم : وەرن دانیشن با دوو قسەتان لۆبکەم..! چووین دانیشتین و گۆتم : ئاگاتان لەخۆبی و زۆر خۆ تێکەری ژنان نەکەن، کورە ناو ئەو وەزارەتەی هەمووی کامیرەیەو ڕسمتان دەگرن، دوایێ چشتەکی بکەن حەیاو نامووستان دەچی، بەئاقری لەکنەمن بن و زۆریش مەرێن، دوایێ لەسەرتان دەکەوی..! مام عەوڵا گۆتی : ئەدی کەنگی ئەمر ئیداریەکەی من دەردەینی و دامدەمەزرێنی ؟ گۆتم : چابوو وەتگۆ، بابنێرمە دوو مریەم خانی و هیممەتکت لۆبکەم..!
جەڕەسەکم لێداو گۆتمە زێخەی لۆم بنێرە دوو مریەم خانی..! هەندەی نەبرد هات، گۆتی : فەرموو جەنابی وەزیر، گۆتم : بزانە داواکاریەکی بەناوی مام عەوڵای نانووسی دایمەزرێنین وەکو پاسەوانی من ! مریەم خان گۆتی : وەڵلا ئەوە زەحمەتە جەنابی وەزیر، ئی تەمەنی مام عەوڵای وا خانەنشین دەبن، کوو دەتانین دایمەزرێنین، گۆتم : مام عەوڵا تەمەنت چەندە ؟ گۆتی : چشتەکی وەها نیە، بەینی شێست و عەفتایە..! گۆتم : وەڵلا ئەتوو کۆتایت پێهاتیە، ئیشی توو بڕەک زەحمەتە، مریەم خان گۆتی : جەنابی وەزیر گەنجەکت بهینابا باشتر بوو، ئەوە تاقەتی چیمایە، هەتا پاسەوانی تووبکا..! مام عەوڵا توڕەبوو، قیت بۆوەو گۆتی : وەڵلا تەمر خان ترێی هینا، مریەم خان مادام قسەی باش نازانی، ئی خراپ لۆ دەکەی..!! گۆتم : مام عەوڵا جاری ڕاوەستە، بزانین چارەکی ناکەین..!
گۆتم : باشە مریەم خان چارە چیە ؟ گۆتی : وەڵلا ئیللا ئەگەر بەگرێبەست دایمەزرێنین، مام عەوڵا گۆتی : وەڵلا چایە پەستم گێ لێبووە بەران گرێ پەستم گێ لێنەبووە..! جوابم نەداوەو گۆتم : یاڵلا مادام ئەوهایە مریەم خان هەربەخۆت ئیشەکەی تەرتیب کە..! گۆتی : ئەدی کاک جەعفەر ؟ گۆتم : وەڵلا ناوی ویم دایتە ئەنجومەنی وەزیران ممکینە هەرلەوێ ئەمرەکی لۆ دەرینن..!!
کیژەکی ناسکۆکە هاتە ژۆرێ و زەردە خەنەکی لۆمن کردو سەری لەبن گێی مریەم خانی نا و چپەچپەکی کردو پاشان چووە دەرێ..! مریەم خان گۆتی : جەنابی وەزیر ئەوە نانەکە هاتیەو داندرایە، دەفەرموو بابچینە خوارێ، جەعۆو مام عەوڵا بەپێش کەتن و گۆتیان : دەفەرموون فەرموون، ئەشەدەن و بیللا ئەو نانە لە جێیتی..!!
لەگەر مریەم خانی شۆڕ بووینەوە لۆ خوارێ، هۆرەکی گەورە لەقاتی خوارێ هەبوو، بەهەر چاردەورو ناوەندی مێز ڕێزکرابوو، هەتا چاو حوکمی دەکردو در ئیشتیهای دەکرد خواردن داندرابوو، ئەوەی حەزت لێبا لێیبوو، قۆزی، کەباب، ماسی، تکە، بریانی، قەرەخەرمان، مریشکی سۆر کراوە، برنج بەهەموو نەوعەکی، بیپسی و شەربەت و دۆی ئێرانی و تورکی گووڕڕەی دەهات، هەرایەک بوو نەبیتەوە..!
هەموو چاوەڕێی منیان دەکرد، هەرگەیشتمە ناوەندی هۆرەکەی بووە چەپرە لێدان، جێیەکی تایبەتیان لۆمن دیاری کردبوو، فەرموویان لێکردم لۆ وێندەرێ، ست مریەم و ست بەفرینیش بەرامبەرم دانیشتن، دووکیژی خرپنی فستگلازیشیان لەولاو لەولام دانا..! هێشتا دەستم لۆ نانی نەبردبوو، جەعۆی کارخانچی سەری لەبن گێی نام و بەسەبری گۆتی : لەو خۆشیەی مری گدۆ، تەماشاکە چت لەتەنیشتیە، بەنامووسم لەخورینی دەخورێن..! تەماشام کردو چاوەکم لێ زەق کردەوە، باشبوو درێژەی نەدایێ و بێدەنگ بوو، مریەم خان ڕوخسەتی وەرگرت و هەستاوە یەک دوو شەکران بشکێنی، ئەمنیش ڕوخسەتم دایێ، دەستی بەقسان کردو بەینەکی باش بەشان و بارو کلکی حوکمەتی داهەرگۆ، پاشان زۆر مەتح و سەنای سەرۆک وەزیرانی کردو لەخوای گەورە پاڕاوە بیپارێزی..! ئەوجە هاتە سەرەمن و هەندی پێداهەرگۆتم، ئەمنی بردە ڕێزی ئەولیاو شێخ و مشایەخان، گۆتی : لەسایەی سەری جەنابی تەئکید وەزارەتەکەمان بەرەو پێش دەچی و زیاتر سەردەکەوی، پەیمان بی و بەهیممەتی جەنابی وەزیری سەرجەم مافەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان و خوشکان دابین بکەین..!
مریەم خان گورگی باران دیدەیەو ژنەکی زیرەک و چار قولابە، دەزانی کێندەر نیسکان دەینی و بەهوردی بناغەی دادەنێ و بە هێمنی بلۆکان ڕادەوەشێنی..! پاش ئەوەی لەقسەکانی بۆوە، گۆتی : ئێستا جەنابی وەزیری وتەکی پێشکەش دەکا..!! هەرچەند ویستم برێم پێویست ناکا با نانەکە سارد نەبیتەوە، بەران فەرموو فەرمووی ست مریەم و ست بەفرین و دوو فستگلازەکەی ئەولا ئەولام ناچاریان کردم قسەکیان لۆبکەم..!
هەر قیت بوومەوە، بووە چەپرە لێدان، سەرەکم لۆ هەمووان لەقاندو گۆتم : سوپاس سوپاس.. وەکی چەپرە ڕاوەستا، ویستم دەست پێبکەم و گۆتم : ئحم ئحم..! دیسان بۆوە چەپرە لێدان، ئەوجارە هەلهەلەشی لەگەربوو..! گۆتم : بەڕێزان ئازیزان سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەو لوتفە جوانەتان دەکەم، هیوادارم بەدەست و بازووی هەموومان پێکەوە وەزارەتەکەمان بەرەو پێش ببەین و خزمەتی باش پێشکەشی ئافرەتان بکەین، بەفرین خان گۆتی : برێ ژنانیش ژنانیش..! گۆتم : ژنانیش..! ئەوجارە گۆتم : هەرچەندە ئەمن تێبینیەکم هەیە و هەق وابوو ئەو پارەی لەو خواردنەی سەرف کرایە بکرابا موکافەئەو بدرابا ئەو کارمەندانەی ماندینە لەئیشەکانیان یان ئەوانەی نەخۆش و دەست کورتن لەوەزارەتەکەمان..! لەگەر ئەو قسەی من مریەم خان و بەفرین خان شێت بوون، پتت لێدابان دەتەقین، ڕەنگیان وەکی خورمای لێهات، بەفرین خان قیت بۆوەو گۆتی سوپاس لۆ جەنابی وەزیری و فەرموون ناوی خوای بینن و دەست بە نان خواردنی بکەن..!! چپەچپ کەتە ناو کارمەندەکان و نیوە هەرایەک دروست بوو، لۆ ئەوەی زیاتر وەزعەکە تێکنەچی ست نەرمین ئشارەتەکی دا ئێکەکی و گۆتی ئەو دی جەیەی پێکە..! ئیدی چپەچپەکە لەگەر دەنگی مۆسیقەی دیجەیەکەی بزربوو..!!
دەستمان بەنانی کرد، کیژە ناسکەکەی تەنیشتم بە دەست و پەنجەی خۆی پارچە ماسیەکی لەپێش دانام، دەستی دەهینا پێش و دەیویست دەست و پەنجەکانی خۆی پیشانی من بداو برێ هەها چەند سپی و ناسکن ! بەینی خۆشمان بی سپی و ناسک بوون، دەردی مام عەوڵای گۆتی : خین دیاربوو وەکی لەبن پیستی دەهات و دەچوو..!!
دەستمان بەنان خواردنێ کرد، چونکە هەموو چاویان لەسەرەمن بوو، بەهێوری و ئەتەکێتەوە نانم دەخوارد، دەمزانی هەر خەلەلەک ڕووبدا دەبتە هەرا..! جەعۆ کۆتربازو مام عەوڵا هێرەیان بەو خواردنەی کرد، زۆربەی ژنەکان تەماشایان دەکردن و پێیان پێدەکەنین..! ئیشارەتەکم دانێ کەوا بەهێوری نانی بخۆن، جەعۆ گۆتی : ناوەڵلا شەرمی چ، بەماری خۆمانی دەزانین، خەمی مەت نەبی جەنابی وەزیر..! زەندەقم چووبوو بە گدۆ گازم بکەن، چونکە ئەوناوە بکەوتە ناو ژنەکان حەیاو نامووسم پێدەبەن، زەمانی تەلەباتیم بەبیرهاتەوە، کوو تەلەبە هەر مامەستایەک و ناوەکی لێدەنێن، باشبوو مام عەوڵاو جەعۆ بایی هەندێ ئاقریان هەبوو بە گدۆ بانگم نەکەن..!
کیژە ناسکە سپی پاتیەکەی تەنیشتم سەری هینا پێش و گۆتی : فەیس بووکت هەیە ؟ گۆتم : بەرێ ! گۆتی : بەناوی خۆتە ؟ گۆتم : بەرێ بەس بەئینگلیزی ناوم نووسیە..!! گۆتی : ئینگلیزیەکەت باشە ؟ گۆتم : بولبولم..! گۆتی : وەڵلا پێم خۆشە، بەشکوو یارمەتیم بدەی لۆ ڕاپۆرت نووسینی چونکە لە دەورەی ئینگلیزیمە..!! گۆتم : وەڵلا ببورە ئینگلیزی نازانم..! تەماشایەکی کردم و گۆتی : ئەدی نارێی بولبولم..!؟ گۆتم : ئەوجە بولبول کا ئینگلیزی دەزانی..!! کیژە لەپڕمەی پێکەنینێیداو خواردنی دەوی هەموو دەرپەڕی..! هێزی ژنانی دەوروبەرمان هەمووی تەماشای من و کیژەیان دەکرد، زۆربەیان حەسوودیان بەو کیژەی دەبرد کەوا لەتەنیشت وەزیری دانیشتیەو جار جار سوحبەتیش لەگەر وەزیری دەکا..! مریەم خان تەماشایەکی کردم و پێکەنی، گۆتی : جەنابی وەزیر پێدەچی لە هونەری ڕاکێشانی ژنان دەستەکی بارات هەبی..! گۆتم : ناوەڵلا لەمن فەقیرتر نابینیەوە لەو دنیایەی..! گۆتی : ژن هەتا دەچتە ناو قەبریش باوەڕی بەوەی نیە پیاو فەقیر بن..!!
جەعۆو مام عەوڵا هەتا خواردیان خواردیان، دوایێش سەرو عەللاگەیان دەریناو گۆشتی سۆرو مریشک و ماسیان تێدەکرد، دیاربوو دەیانوویست لۆ مارێی ببەنەوە، ئەوە ئەو دیمەنەی هیناوە یادم، جارەکی لەجێیەکی دەعوت بووم، لەگەر کۆمەرە مەلایەکی، پاش نان خواردنێ یەک دوو مەلام دیت لەناو جووببەیان عەللاگەیان دەریناو پڕی گۆشت و مریشکیان کرد.. چاو تێر نەبوون دەردەکی کووشندەیە لە ناخی هەندە کەسی، ئیدی دنیایەو هەموو نەوعەکی تێدایە..!
کیژەناسکەکە هاتەوە سەرەخۆو هەندەک بیپسی فڕکرد، پاشان بەکلینسەکی چاوی سڕی و گۆتیەمن، دوایێ ئادت لۆ دەنێرم وەرمگرە..! گۆتم : خوا کەریمە، وەلەو لەوانەیە فەیس بووکەکەم قەپات کەم، لەبەر کاروباری وەزارەت بڕواناکەم مەجالی فەیس بووکم هەبی..! وەختەکی زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، وەرامم داوە، ژنەک گۆتی : های..! گۆتم : سەرچاو، فەرموو..! گۆتی : چیە نامانناسیەوە ! گۆتم : کێی جەنابت ؟ گۆتی : ژنەکەی پەرلەمانی، ئەوەی دوونێ قسەمان کردو گۆتم : سکرتێرەی بێی من دانەنێی..! گۆتم : ئا، ئەوی وەختی دەنگ دانێ بابوجی ڕاوەشاندمێ و تڕی لێ بەردەدام..!! بەنازو عیشوەوە گۆتی : دەبەسە هێسک گران، ئەو پەڕەی وەرگێڕە..! ئێ وەزعت کووە لەناو ژنان غەدداری مەددار..! نەمزانی کوو وەرامی بدەمەوە، چونکە هێزی ژنان هەمووی چاویان لەسەر من بوو..! پاشان ژنەکە گۆتی : لەوەزارەت مەڕۆ وادێم و سکرتێرەم لۆ هینای ! گۆتم : بیهاوێ سبەینێ، دەبی بچمە ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەم هەیە..! باشبوو ژنەکە ڕازی بوو سەردانەکەی باوێتە سبەینێ..!
مۆبایلم قەپات کردو دیتم مام عەوڵا لەگەر زێخەی قاوەگرەوە چپەچپیانەو بەدەستی ئیشارەت لۆ زگ و خوار تریان دەکەن، درم کەتە غولغولەو ترسام مام عەوڵا زەڕەکی بکا، لۆیێ بڕیارم دا زوو ئاگاداری بکەمەوە، گازم کردو سەرم لەبن گێی ناو بەسەبری گۆتم : ئەوە لەگە زێخەی چت دەگۆ ؟ گۆتی : وەڵلا گۆتیەمن دەرێی سحەتت تەواو نیە ؟ ئەمنیش گۆتم : وەڵلا دەوروبەری ناوکم و خوارێی بڕەک دێشی و ئازارەکی تێدایە، ئەویش گۆتی : پاش نان خواردنێ، وەرە ژۆرەکەی من ناوکت بینمەوە، ئەوە ناوکت کەتیە..!!!!
مایتی...[1]