ململانێ لە پێناو باوەڕدا
جیفری لانگ
وەرگێڕانی : هاوکار عبداللە
پرۆفیسۆر دکتۆر (جێفری لانگ) لە (30ی کانوونی دووەمی 1954) لە بنەماڵەیەکی کاسۆلیکی و لە شاری بریجپۆرتی ویلایەتی کۆنێکتیکەتی ئەمریکا لەدایکبووە. ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی پێردو بەدەستهێناوە، ئێستاش پرۆفیسۆرە لە بەشی بیرکاری لە زانکۆی کەنساس.
(جێفری لانگ) وەک زانایەکی بواری بیرکاری، چەندان وتار و سێ کتێبی دەربارەی ئیسلام نووسیووە، کە لەنێو ئەمریکادا فرۆشییەکی زۆریان هەبووە.
یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی بریتیە لە: (تەنانەت فریشتەکان دەپرسن، گەشتێک بەنێو ئیسلام لە ئەمریکادا).
(جێفری) لە بنەماڵەیەکی کاسۆلیکی دەستگرتوو بە ئاین لەدایکبووە، خۆی ماوەیەک پەیرەوی لە ئاینی کاسۆلیکی کردووە، پاشان بڕوای بەو ئاینەش نامینێ و، دوای خوێندنەوەی قورئان و چەند پەرتووکێکی ئاینیی، ئیدی دەبێتە موسڵمان.
لەو کتێبەیدا، نووسەر دیراسەیەکی قووڵی قورئانی کردووە و، لەگەڵ هەریەک لە تەورات و ئینجیلیش بەراوردی کردوون. لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، باسی لە ژیانی پەیامهێن محمد(صلی الله علیه وسلم) کردووە و کۆمەڵێک تەم و گومانی لەسەر ژیان و فەرموودەکانی پەیامهێن ڕەواندۆتەوە.
هاوکات، هەڵسەنگاندنی بۆ هەندێک لەو نووسەرانە کردووە، کە کتێبیان لەسەر ڕاست ودروستیی فەرموودەکانی پەیامهێن نووسیووە.
هەر لەنێو کتێبەکەیدا کۆمەڵێک لایەنی نێو ئوممەتی ئیسلامی بەسەرکردۆتەوە و باسی لە ژیانی پیاو و ئافرەتی موسڵمان کردۆتەوە. لە دوا بەشی کتێبەکەشی تیشکی خستۆتەسەر میللەتانی خاوەن پەرتووک(ئەهلی کیتاب) و چەندان زانیاری وردی نیشان داوە.[1]