دیسانەوە هەمان قەوان...!!!؟؟
(هەڵوەستەیەک لەمەر دروشمەکانی حکومەت لەمرۆدا)
کنێر عەبدوڵڵا[1]
ئەمرۆ یەکەم ڕۆژی دەستپێکی هەڵمەتە کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ماوەی 16 ڕۆژ بەردەوام ئەبێ، کە ئامانج لێی نەهێشتن و کەمکردنەوەی جۆرەکانی توندوتیژییە کە ڕووبەرووی ژنان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی تێرامانە دیسانەوە قەوانەکان خۆی دووبارە دەکاتەوە و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حزب و پەرلەمان لە ووتارو قسەکان و دروشمەکانیاندا دووبارە؛ وەک پیشەی هەمیشەیی ساڵانی ڕابردوو دەڵێن : دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە بەرامبەر ژنان دەوەستینەوە، وەک هەمیشە پابەندین بە پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەت بۆ پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دووپاتدەکەینەوە، و حکومەت کاردەکات بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو و گەشە بکەن
ئەمانەو چەندینی تر؛ ساڵانە و نزیکەی ماوەی 30 ساڵی حوکمرانییە لە تیڤی و ڕۆژنامەو گۆڤارو یادەکاندا گوێبیستی ووشەو ڕستە و بەڵێن و قسەی ڕەونەقدار ئەبینەوە؛ تا ئەو ڕادەیەی هەندێ جار ئێمەی ژنان لەلایەک دەکەوینە پرسیار لە خۆمان بەوەی جیاوازی گوتاری ئێمەو ئەو دەسەڵاتدارانە چییە یان دەکەوینە گومان لەخۆمان بەوەی ئایا خەتابارو کاربەدەستان و بریاردەران داخۆ ئێمەبین یان ئەوان??!!
کاری حکومەت ئەوە نیە لە هاوشێوەی ئەم بۆنانەدا دروشمەکان ساڵانە وەکیەک بڵێتەوە؛ بێ ئەوەی بکۆڵێتەوە لە ناوەرۆک و قوڵایی واتاکان و جیاوازی ووشەکانی لە نێوان ساڵەکاندا؛ بەڵکو ئەرکی ئەوەیە بوەستێت لەسەر ئامارەکانی ئەمساڵ بەبەراورد ساڵانی ڕابردوو و خۆی بەراوورد بکات و بزانێ لەکوێدایەو لەکوێی ووڵاتانی تردایە? لێکۆلینەوەی جدی بکات و لەرێی بەرێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژییەوە کە ساڵەهای ساڵە دامەزراوەو بزانێ هۆکارەکان و داتاکان و هۆشیارییەکانی دامەزراوەکانی بەپێی چ پلان و بەرنامەیەک درێژە بە کارەکانیان دەدەن و خزمەتەکانیان لە چ ئاستێکدا لەخزمەتی ئامانجی دامەزراندنەکەوە بوە? با لەرێی توێژینەوەی زانکۆکانێوە بزانێ چ هەڵوەستەیەکی جدی گیراوەتەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی جدی لەمەر کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان? با لەرێی دادگاکانەوە بەدواداچون و چاودێری هەبێ و بزانێ ئاخۆ ڕۆژانە بۆ ئەوەنە کوشتن و قوتاربوونی بکوژانی ژنان و ئەنجامدەرانی توندوتیژی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرئەچن و ئیدی بێباکانە بکوژو ببر خۆیان دەبن?? با وەک حکومەت بزانن دۆخی شێلتەرەکان لە چیدایەو چۆن ئەو کەیسانە و بە چ شێوەیەک دەگەرێنەوە نێو باوەشی کۆمەڵ? با بزانێ ڕێکخراوەکانی ژنان بەدرێژایی کارکردنیان بونەتە خاوەنی ئەزمون و پسپۆر لە کارەکان و تێگەیشتنی زیاتر لە واقعی کێشەکان و لەو ڕوانگەیەوە بێلایەنانە پلانی هەبێ بۆ دروستکردنی لینک و ڕاگۆرینەوە و سوودوەرگرتن لە ئەزمون و شارەزاییەکانیان ? دواجار خوێندنەوەی بێلایەنانەو ئەکادیمیانە بکە بۆ عەقل و مامەڵەی کارمەندانی بنکەکانی پۆلیس و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر لەگەڵ ئەو سکاڵاکەرانەی ژنان و ئەو کەیسانەی ڕویان تێدەکەن و بزانن چیان پێدەوترێ و چۆن مامەڵەیان لەگەل ئەکرێ?!
ئەو کات وەرەوە نێو باسی پرۆژەکانی کە پێویستن بکرێ و چۆن و بەکێ و بە چ شێوازێک تا دواتر ساڵێکی تر هەمان خواست و ئارەزوو و حەز نەخوازی؛ وەک حکومەت و لایەنی کەمیش جیاوازی بکرێ لە نێوان کاری ڕێکخراوەکان و حکومەتدا.. تا چیتر واقعی داتاکان ڕاستگۆیانە پێمان بڵێ ئێمە لە کوێی دونیایان، و تا پرۆژەکان بەگشت وەڵامدەرەوەی کارو بەرپرسیارێتییەکانی حکومەت بێ؛ نەک دروشم و قسەکان.
ئیتر بە لایەنی کەم واقع و قسەکانی ساڵێکی تریش؛ وەک ئەمساڵ خۆی دووبارە نەکاتەوە..