ناونیشانی پەرتووک: وەهمی شەیتان
نووسەر: دەیڤد بێرلنسکی
وەرگێڕانی : هاوکار عەبدوڵڵا[1]
لە سەرەتا ڕۆژەکانی بەرەوپێشچوونەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ نێو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەرلەوەی سۆڤیەت بیری تۆڵەسەندنەوە بخەنە خەیاڵیانەوە، تیمی قڕکەری نازییەکان ڕژانە نێو گوندەکانەوە، و دوای فشار خستەسەر خەڵکانی گوند تا بەدەستی خۆیان گۆڕ بۆ خۆیان هەڵکەنن، بە چەک و تفاقەکانیان دوژمنەکانیان کوشت، لە یەکێک لەو ڕووداوانەدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یەکێک لە ئەفسەرەکانی ڕێکخستنی سەربازیی نازییەکان بەهێواشی سەیری ڕەوشەکەی دەکرد، تفەنگەکەی دەستی لەکاردەکەوێ، و هەر لەوکاتەدا جوولەکەیەکی (حەسیدیی) بەتەمەن و ڕیشدار بەقورسی، خەریکی کۆڵینی ئەو شوێنە بوو، کە بڕیاربوو ببێتە گۆڕ بۆی.
ئیدی دواتر قیت دەوەستێت و بە بکوژەکەی دەڵێت: خودا ئاگادارە و سەیری ئەو کارەت دەکات کە ئێستا دەیکەی.
پاشان کابرای بکوژی ئەڵمانیی یەکسەر تەقەی لێدەکات و دەیکوژێ.
ئەوەی (هیتلەر)بڕوای پێنەبوو، ئەوەی (ستالین) بڕوای پێنەبوو، ئەوەی (ماو) بڕوای پێنەبوو، ئەوەی ڕێکخستنی سەربازیی نازییەکان بڕوای پێنەبوو، ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بڕوای پێنەبوو، ئەوەی کۆمسیارەکان، و فەرمانبەران، و جێبەجێکارە شیکپۆشەکان، و دکتۆرانی سەردەمی نازیی، و تیۆرڤانانی پارتی کۆمیۆنیستیی، و ڕۆشنبیران، و (کراس قاوەییەکان، و کراس ڕەشەکان)، و سەرکردە نازییەکانی تایبەت بە هەرێمەکان و، هەزاران لە بەکرێگیراوانی پارتەکان بڕوایان پێنەبوو ئەوەبوو، کە ئەو خودایە سەیری کار و ڕەفتارەکانیان دەکات.
هەروەها، هەتا ئەوەندەی ئێمە بتوانین ئاماژەی پێبکەین: ژمارەیەکی زۆر کەم لەوانەی ئەو کارە ترسناکانەی سەدەی بیستەمیان ئەنجامداوە، نیگەرانییەکی ئەوتۆیان نەبووە لەمەر ئەوەی، کە خودایەک هەیە و سەیری ئەو کارە چەپەڵانەیان دەکات. ئەمە، دواجار گوزارشت لە کۆمەڵگەی عەلمانیی دەکات.