سەرۆک قازی محەمەد، خۆبەخشانی مهابادی چۆن پڕچەک کرد؟
لە گەشتی سەرۆکەکاندا بۆ باکۆ، قازی محەمەد سەرنجی باقرۆڤ و کاربەدەستانی سۆڤیەت بۆلای خۆی ڕاکێشا. باقرۆڤ بەڵێنی بە قازی محەمەد دا، لەکاتی پێویستدا بۆ ئارام ڕاگرتنی شاری مهاباد یارمەتی دەدەن. لەو پێوەندییەدا، گەورە پیاوانی مهاباد بە پێشنیازی قازی محەمەد، شورایەکیان لە لاوان و ڕۆشنبیرانی شار پێکهێنا کە شار له پەلامار و تاڵانی عەشایر بەدوور ڕابگرن و خەڵکیان هاندا تفەنگ بکڕن و کێشکی شار بدەن.
ئەو شورایە کە قازی محەمەد خۆی سەرۆکایەتی دەکرد، مستەفا سوڵتانیان، عەلی ڕیحانی، ئیبراهیم ئیبراهیمیان نەوجەوان، محەمەد ئەمینی شەڕەفی، سەید خدری سەید نیزامی سەید پیرە و چەند کەسی تری ئەندام بوو. شورا ئەرکی ئاسایش و ئەمنیەتی شاری مهابادی بە سەیید پیرە سپارد. ناوبراو گروپێکی لە لاوان و خەڵکی خۆبەخشی شار پێکهێنا کە ژمارەیەکیان بە چەک و هەندێکیشیان بەبێ چەک و بە دار و گۆپاڵ، شەوانە کێشکی گەڕەکەکانی شاریان دەکێشا. چونکە ئەو خۆبەخشانە قۆڵ پێچی سپییان لە قۆڵدا بوو، خەڵک ناوی قۆڵ سپیی لەسەر نابوون.
بە وتەی ڕەحمانی قازی لە کتێبی ڕۆژگاری ون بوودا، ئەوکاتە مهاباد هەشت گەڕەکی بەو ناوانە هەبوو: گەڕەکی شوانان، گەڕەکی زرگەیان، گەڕەکی قوڵە قەبران، گەڕەکی ئەرمەنیان، گەڕەکی سێ ئاشان، گەڕەکی مزگەوتی سور، گەڕەکی خڕێ و گەڕەکی حاجی حەسەنیان. نابراو سەبارەت بە کێشکی شەوانە دەڵێت:
(دوای فەرمانی جەنابی قازی سەبارەت بە کێشک دانان، هەر گەڕەکەی سەرۆکی کێشکچیان بۆ خۆیان هەڵبژارد و لە ناو گەڕەک دا شوێنێکیان وەک مقەڕ بۆخۆیان دیاری کرد. لەو مقەڕانە نان و پەنیر و پێخۆر و چا و پیاڵە و سەماوەری لێ بوو. هەر کێشکچییەک نۆرەی تەواو دەبوو دەهاتەوە مقەڕ و ماندویی دەحەساندەوە و نان و چایەکی دەخوارد. ناوی ماڵەکان نوسرابوو و پێویست بوو لە نۆرەی خۆیان دا پیاو بنێرن بۆ کێشک کێشان. گەر ماڵێک نەیتوانیبا کێشکچی بنێرێ دەبوایە ئەو شەو کە نۆرەیەتی، کێشکچی بە کرێ بگرێت.)
یەکیەتی سۆڤیەت بەڵێنەکەی بە قازی محەمەد بەجێگەیاند و دوای پێکهاتنی ئەو دەستە خۆبەخشە، کۆمەڵێکی چەکی سوک و بە فیشەکەوە هێنا بۆ مهاباد و لە دەستپێکدا گروپێکی 400 کەسی پێ پڕچەک کرد. لەو بارەیەوە سەعید هومایون دەڵێت:
(لە پاییزی ساڵی 1321 دا یەکیەتی سۆڤیەت هەندێک تفەنگ و فیشەکی هێنا و لە بەشی ڕۆژئاوای نزیک پردی سوری- بەنداوی ئێستای مهابادی- دانا و قازی محەمەدی ئاگادار کردەوە. ئەویش هەر ئەو شەوە، چوار سەد کەسی لە خەڵکی مهاباد کە پێشتر بۆ وەرگرتنی چەک ناونوس کرابوون، ئاگادار کردەوە و ئەوانە هاتن و هەرکامەیان چەکێک و 100 فیشەکیان وەرگرت. هەر ئەو شەوە هەندێکیش چەک و فیشەکیان بە دوو داشقە ڕەوانەی مهاباد کرد کە لە نێوان خەڵکی تر بڵاویان بکەنەوە(1).)
1- سەعید هومایون، بیرەوەری پیشوای بیداری، لاپەڕەی 72. پاییزی 1321- کۆتایی ساڵی 1942ز.[1]