هەندێک لە چاودێرانی سیاسی وەک (جوست هیلتەرمان) پێیانوایە، کە گواستنەوە شەری ئێراق-ئێران، لە ناوچەی کەنداوەوە بۆ کوردستان، لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بووە، لە بەرژەوەندی ئەو ولاتانەدا بووە کە بۆ دابینکردنی وزە پشتیان بە نەوتی کەنداوی عەرەبی بەستووە. لە ساَلانی سەرەتای شەرەکەدا، حکوومەتی ئێران ئاستەنگی جدی بۆ هاتووچۆی کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی کەنداو دەکرد، هەرەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی دەکرد، ئەم هەرەشانەی ئێران ولاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکی نێگەران دەکرد، بۆ سنووردارکردن و کۆتاییهێنان بەو هەرەشانەی ئێران و بە مەترسیەکانی خۆیان، هەوڵیاندا شەری ئێران- ئێراق ڕابگرن، بەڵام ئیمام خومەینی ڕازی نەدەبوو. بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارە خرابەکانی شەری کەندا و بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ڕۆژاوا، لە بەرژەوەندی ئەووڵاتانەدا بوو، ئەگەر شەر نەوستێت، لە ناوچەی کەنداو سووک ببێت و بگوێزرێتەوە بۆ شوێنیکی تر، باشترین شوێنیش بۆ ئەوەی شەرەکەی بۆ بگوێزرێتەوە، هەرێمی باشووری کوردستان بوو، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا شەری نێوان سوپای ئێراق و هێزی پێشمەرگە هەبوو، ڕێکەوتنی نێوان ئێران و هێزە سیاسیەکان باشوور کارێکی ئاسان بوو، لەبەر ئەوەی شەری نێوان حکوومەتی ئێران و ئێراق لە هەرێمی کوردستاندا هیچ زیانێکی بە بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژاوا نەدەگەیاند، لەبەر ئەوەی شەری نێوان ئێران و ئێراق لە هەرێمی کوردستاندا نابێتە هۆی ئەوەی حکوومەتی ئێراق زۆر لاواز ببێت و شیعەی خوارووی ئێراقی سەر بە ئێران دەسەڵاتی ئێراق بە دەستەوە بگرن. بۆیە گواستنەوەی شەر لە باشووری ئێراقی هەرە هەستیارەوە بۆ باکووری ئێراقی نا هەستیار، لە بەرژوەندی ڕۆژاوادا بوو، بەڵام تا چ ڕادەیەک دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و ئێران و ئێراق ئاگایان لەم هاوکێشەیە هەیە و هەر یەک لە لای خۆیەوە هاوکاری گواستنەوەی شەرەکەی کردووە و شەریان خستۆتە ناو ماڵی کورد، تا ئێستە دەکیۆمێنت لەبەر دەستدا نیە. تا ئێستە نەزانراوە ئایا دەسەڵاتدارانی کورد لە بەر بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژاوا ئاگریان لە ماڵی خۆیان بەردا و لە ساڵی 1986 بە دواوە بە تەواوی باشووری کوردستانیان کرد بە گۆڕپانێکی گرنگی شەری ئێراق-ئێران، یان تەنیا وەڵامی سیاسەتە شۆڤینیەکانی ڕژێمی ئێراقیان دایەوەو و لە ڕقاندا بوونە هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران...؟.....´[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,331 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!