بابەت: وتار
ئامادەکردنی: پشکۆ کامەران
باسێکی زۆر کورت لەسەر کۆمەڵناسیی هونەر
کۆمەڵگا به هەموو پێکهاتەکانیەوه بەردەوام له ئاڵ و گۆڕدایه و له پەنای ئەم گۆڕانکاریانەوه کۆمەڵێک پرسیار دێنە ئاراوه که ڕەنگه بەشێوەیەک گاڕانتییەک بن بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و به واتایەکی تر ببنه زەروورەتێک بۆ بەره و پێشچوون و نەوەستان.
رەنگه مێژوو و ڕەهەنده جیاجیاکانی باشترین وانەمان لەم شتانه بۆ دەستەبەر بکەن و دەبینین که لاپەرەکانی بێ وچان هەڵدەدرێنەوه و پرسگەلێکی زۆریان تێدا تۆمار دەبن و نەوەی داهاتووش به شێوازێکی تر ئەم پرسیارانه دەخاته ڕوو و بەم چەشنه دڕێژەی پێ دەدرێ.
لەم مژارەدا دەمانهەوێ باس له بەشێک له پێکهاتەی کۆمەڵگا بکەین و هەر وەک ئاماژەمان کرد هەندێک پرسیار ڕادەستمان دەکا. هونەر به گشتی و ئەدەبیات به تایبەتی، بابەتێکە که ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ لایەنەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوه و له هەر توێژێکدا لێکدانەوەکان و دواتر پرسەکان جیاوازن و به گشتی باسێک له ژێر ناوی پێوەندی ئەم شتانه لەگەڵ کۆمەڵگا خاڵی هاوبەشی هەموو تێڕوانینەکانه و پێموابێ لایەنی جیددی کارەکەشن.
دامەزرێنەرانی کۆمەڵناسی، جوانیناسی له پەڕاوێزدا باس دەکەن و کەسێکی وەک دوورکیم پرسی هونەر تەنیا له باری پێوەندییەک که لەگەڵ ئاییندا هەیەتی تاوتوێ دەکا و له و بڕگه مێژوویەدا تەنیا جۆرج زیمێله که دەیهەوێ پێگەی ڕاستەقینەی هونەر له ئاستی کۆمەڵگادا ئاشکرا بکا و یەکەم هەنگاوەکان بەره و سازدانی کۆمەڵناسی هونەر بنێتەوه.
لێرەدا باس له کۆمەڵناسی هونەر که خۆی له خۆیدا باسێکی تازەیه و ئێستا سەربەخۆ نەبووه ناهێنینه ئاراوه و تەنیا مەبەست خستنە ڕووی پۆڵینبەدییەکه که پسپۆڕانی ئەم بوواره بۆ جۆری شرۆڤەکانیان ئاراستەیان کردووه.
نەوەی یەکەم ئەوانەن که گریمانەیان دابڕانی کۆمەڵگا و هونەره و دەبێ له حەولی سازدانی پێوەندیدا بین.
نەوەی دووهەم پێیان وایه که ئەم پێوەندییه شتێکی سوروشتیه و ئێمه دەبێ بیاندوزینەوه به واتایەکی تر پێشتتر سازدراوه و ڕەنگه به هۆکارگەڵێک شاردرابنەوه.
بەڵام نەوەی سێهەم حاڵەتێکی پڕاکتیک به خۆوه دەگرێ و بێ ئەوەی که باس له بایەخی بەرهەمی هونەری بکات، هونەر وەک کۆمەڵگایەک چاو لێدەکا و چاوی له کارکردی موحیتی هونەر و کردەوه و دژکردەوەکان له کەشی هونەری و پێکهاته ژوورەکییەکانه و له ڕێگای وت و وێژی کۆمەڵناسەنه و پێوانه ئامارییەکانەوه لایەنی کردەوەیی ڕوانگەکەیان دەپێکن.
[1]