ماری کوری، ئەو ژنەی کە زانستەکەی بوو بە هۆی کوشتنی
ڕۆزا حەمە ساڵح
زانای بواری فیزیا - کیمیا بوو، دوو جار خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە، توێژینەوەکانی خزمەتێکی یەکجار گەورەیان بە مرۆڤایەتی کردووە، بە تایبەتی لە بواری پزیشکیدا، تەنها لە ڕوی زانستەوە خزمەتی نەکردووە، بەڵکو توانیوێتی ئەو دابونەریتانە بگۆڕێت کە ڕێگربوون لە بەردەم بەرەوپێش چوونی ژناندا.
ئەنشتاین لە بارەی ماری یەوە وتویەتی ئەو تاکە خانمی ناودارە، کە ناوبانگیەکەی کەسایەتی نەگۆڕیوە.
ماری سکوودوفسکی ساڵی 1867 لە وارساوی پایتەختی پۆڵەندا لە دایک دەبێت، لە باوک و دایکێکی خوێندەوار، باوکی مامۆستای بیرکاری و فیزیا و دایکی بەرێوبەری خوێندنگایەکی ناوخۆیی دەبێت، خاوەنی پێنج منداڵ دەبن، ماری بچوکترینییان دەبێت.
ماری لە ناو خێزانەکەیدا ژیانێکی جێگیری دەبێت، بەڵام ئەو ژیانە زۆر ناخایەنێت، لە تەمەنی 12 ساڵیدا و بە هۆی مردنی دایکی بە نەخۆشی سیل، دواتر مردنی خوشکە گەورەکەی بە نەخۆشی گرانەتا، خەم و نا ئارامی بەرۆکی پێدەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر پەیوەست ببێت بە باوکیەوە، شتی زۆری لێوە فێرببێت، بە تایبەتی خۆشەویستی بۆ زانستی فیزیا.
باوکی لە دوای ماوەیەکی کەم بە هۆی بەشداری کردنی لە کاری نیشتیمانیدا، هەموو سەروەتەکەی لە دەست دەدات، ئیدی خێزانەکەی بە هۆی خراپی بارودۆخی بژێوییان، ژیانێکی سەخت و دژوار دەگوزەرێنن.
ماری ناچار دەبێت بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەی پشت بە خۆی ببەستێت، خوێندکارێکی ژیر و وریا و بلیمەت دەبێت، لە قۆناغەکانی خوێندنیدا هەمێشە نمرەی بەرز بە دەست دەهێنێت و بە سەرکەوتوویی هەموو قۆناغەکانی خوێندن تەواو دەکات، لەو سەردەمەدا و لە وڵاتی پۆڵەندا ڕێگە بە کچان نەدراوە کە بتوانن لە زانکۆدا بخوێنن.
ماری و خوشکە گەورەکەی برۆنیسلا خەونی ئەوەیان دەبێت، کە بڕوانامەیەکی زانکۆی فەرمی لە دەرەوەی وڵات بە دەست بهێنن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پارەی پێویستیان نابێت، کارێکی ئەستەم دەبێت بۆیان.
لە گەڵ خوشکەکەیدا ڕێکەوتنێک دەکەن؛ سەرەتا ماری کار بکات بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجی خوشکەکەی لە دەروەی وڵات دابین بکات، دواتر ئەویش خەرجی تەواو کردنی خوێندنەکەی ماری لە ئەستۆ بگرێت.
خوشکەی گەشت دەکات بۆ پاریس و دەست بە خوێندنی زانکۆ دەکات، ماریش لە ماڵێکدا دەست بە کارکردن دەکات، پەیوەندی خۆشەویستی لە گەڵ کوڕە گەورەی ئەو خێزانەدا کازیمێر تسورافسکی، دروست دەکات، بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.
برۆنیسلای خوشکی چەند جارێک بانگێشت نامەی بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی بڕوات بۆ پاریس و لەوێ درێژە بە خوێندنەکەی بدات، بەڵام ماری لە سە ڕەتاوە ڕەتی دەکاتەوە و پێی دەڵێت کە هاوسەرگیری دەکات و لە پۆڵەندا دەمێنێتەوە و جێگیردەبێت.
کاتێک خێزانی کازیمێر بەمە دەزانن، بە هۆی هەژاری دۆخی ژیانی مارییەوە، ڕە زامە ند نابن، بە هەموو شێوە یە ک هاوسەرگیرییەکە ڕەت دەکەنەوە و ماری بە کەسێکی شایستە نابینن بۆ خێزان و کوڕەکەیان، زۆر بە توندی مامەڵەی لە گەڵ دەکەن، لە کارەکەی و لە ماڵی خۆشییان دەریدەکەن. ئیدی کازیمێری خۆشە ویستی لە بڕیاری هاوسە ڕگیرییە کە پاشگەز دەبێتەوە و پێی دەڵێت “ئەو زۆر لاوازترە لە وەی کە بتوانێت لە پێناویدا ڕووبەڕوی خیزانەکەی بوەستێتەوە”، ماری بە خەمێکی زۆرەوە بە چارەنوسی خۆی قایل دەبێت، بەڵام تێکناشکێت، دەڵێت “ زۆر کەمژەییە کاتێک مرۆڤ خۆی پەیوەست بکات بە ئارەزوو ویست و حەزەکانی کەسێکی دیکەوە، کە شایستە نەبێت”.
ماری گەشت دەکات بۆ پاریس، لە زانکۆی سۆربۆن درێژە بە خوێندنەکەی دەدات. بە توانا و هێزێکی زۆر و پارەیەکی کەم، تێدەکۆشێت لە پێناو تەواو کردنی خوێندنەکەیدا، بە نان و چا دەژی، ئەمەش وای لێدەکات کە توشی گرفتی بەد خۆراکی ببێت، دواجار سەرکەوتوانا و لە ساڵی 1893 بڕوانامەی ماستەر لە فیزیادا بەدەست دەهێنێت.
ماری بە دوای تاقیگەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی توێژینەوەکانی لە سەر توخمەکان تێیدا بکات، هاوڕێکانی زانکۆی بە گەنجێکی دەناسێنن؛ بە ناوی پێری کوری Pierre Curie، پێری خاوەنی تاقیگەیەکی تایبەت بە توخمەکان دەبێت، ماری تاقیکردنەوەکانی لە تاقیگەکەی پێری دەکرد، پێریش گرنگی دادا بە ئەنجامدانی هەمان ئەو تاقیکردنەوانە، ئیدی بڕیار دەدەن کە پێکەوە هەمان ئەو تاقیکردنەوانەیان ئەنجام بدەن، پێری و ماری سەرسامی یەکتر دەبن، خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت و ژیانی هاوسەرگیری پێک دەهێنن و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ.
زۆرینە ی کاتە کانی ژیانییان بۆ تاقیکردنەوە زانستییەکان تەرخان دەکرد، بە هاوبەشی کردن لە گەڵ زانایەکی تر؛ هنری پێکریڵ Henri Becquerel، توێژینەوەی زۆرییان لە سەر توخمە تیشکدەرەکان دەکرد، گرنگترین ئەنجامەکان؛ دۆزینەوەی دوو توخمی تیشکدەر ئەوانیش (پۆلۆنیۆم و ڕادیۆم) بوو، هەروەها توانییان یۆرانیۆمی پوخت بە بەرهەم بهێنن.
گروپەکەیان هەڵبژێردرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیادا، بەڵام لە سەرەتاوە لیژنەی بریاردەر بە هۆی ئە وە ی ماری ژنە ، لە گروپەکە دوری دەخەنەوە، بڕیار دەدەن کە خەڵاتەکە بە تەنها بدرێت بە هاوسەرەکەی و هنری پێکریڵ، پێری هاوسەری ڕەخنەی توند لە لێژنەکە دەگرێت، داکۆکی دەکات لە سەر ئەوەی کە دەبێت خەڵاتەکە بە ماریش ببەخشرێت، دوا جار بڕیاری لیژنە هەڵدەوەشێتەوە و ماریش خەلاتەکە وەردەگرێت.
لە ساڵی 1903، ماری کوری دەبێت بە یەکەم ژن لە جیهاندا کە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت.
بەڵام قەدەر دەرگای خەمێکی دیکەی بۆ دەکاتەوە، ئەویش کۆچی دوای هاوسەرەکەی پێری کوری دەبێت لە ساڵی 1906دا، ماری چۆک دانادات و بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو توێژینانەوەی کە پێکەوە لە گەڵ هاوسەرەکی دەستییان بۆ بردبوو، جێگای هاوسەرەکەی لە زانکۆی سۆربۆن پێدەدرێت، بە مەش دەبێت بە یەکەم پرۆفیسۆری ژن کە لە زانکۆدا وەک مامۆستا وانە بڵێتەوە.
دواتریش لە ساڵی 1911 خەڵاتی نۆبڵ لە کیمیادا وەردەگرێت، بە مەش ماری دەبێت بە خاوەنی دوو خەڵاتی نوبڵ، کە هەتاوەکو ئەمرۆکە هیچ کەس نەیتوانیوە جگە لە ئەو دوو خەڵاتی نۆبڵ لە دوو زانستی جیاوازدا بە دەست بهێنێت.
توێژینەوەکانی ماری کاریگەری گەورەیان لە ناو زانستی پزیشکیدا هەبووە، توانراوە تیشکدەری ڕادێۆم وەک چارەسەری چالاک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بەکار بهێنرێت، بەتایبەتی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، ماری توانی ناوەندێکی پزیشکی سەربازی دروست بکات بۆ پشکنینی شکاوی، بە بەکار هێنانی تیشکی X-ray، جگە لە وێنەگرتنی وەرەمەکان، کە هەتاوەکو هەنوکەش بە بنەمایەکی سەرەکی لە ناو جیهانی پزیشکیدا دادەنرێت.
بە هۆی توێژینەوەی بەردەوام لە تاقیگەکەیدا و بەسەربردنی زۆرینەی کاتەکانی لە ناو ماددە کیمیایەکاندا توشی نەخۆشی شێرپەنجەی ئێسک دەبێت، لە ساڵی 1934کۆچی دوایی دەکات،
پێش ئەوەی سێهەم خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، بەڵام دواتر کچەکەی ئیرن جۆلیو کوری توێژینەوەکانی دایکی تەواو دەکات و لە ساڵی 1935 خەڵاتی نۆبڵی پێ وەردەگرێت، خەڵاتەکە پێشکەش بە ڕۆحی دایکی دەکات.[1]