راگەیندراوی مەکتەبی سیاسیی YNDK دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە دۆسیەی نەوت و غازی کوردستان
جەماوەری خۆڕاگرو دڵسۆزی کوردستان
سەرۆکایەتی هەرێم و پەڕلەمان و حکومەتی کوردستان
حزب و لایەنە سیاسیەکان ڕێکخراوەکانی کوردستان
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گازی باشووری کوردستان بڕیارێکی داوەو گرێبەستەکانی نەوتی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان بەنایاسایی هەژمارکردووە، لەهەمان کاتدا داوای ڕادەستکردنەوەی تەواوی داهات و نەوتی کوردستان بە حکومەتی ناوەندی عێراق دەکات، بێگومان ئەم بڕیارە بەر لەوەی ياسايی و دەستووری بێ بڕیارێکی سیاسییە و لەژێر هەژموون و فشاری وڵاتانی ئيقلیمی و هەندێ لایەنی سیاسی و شۆڤێنی عێراق دژ بەمافەکانی گەلی کوردستان دەر کراوە و، هەوڵێکە بۆ بەرتەسکردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کوردستان.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK ئه و بڕیارە نادەستوورییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ڕەتدەکەینەوەو بە بڕیارێکی دژ بە ماف و خواستەکانی گەلی کوردستانی دەزانین، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق، ئه و وڵاتە فیدڕاڵییە و دەسەڵاتەکان له نێوان حکومەتی فيدرال و هەرێمەکان دابەشکراوە، لەهەمان کاتد لەماددەی (110)ی دەستووری عێراقدا بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان لە نێویاندا نەوت و گاز بە دەسەڵاتی ڕەهایی حکومەتی فیدراڵ دانەنراوه، هەروەها ماددەی (111)ی هەمان دەستوور جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاوەندارێتیی نەوت و گاز بۆ تەواوی گەلانی عێراقە و لە ماددەی (112)شدا جەخت لەوە دەکاتەوە کةوا بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمەکانە بە پێی ئەو ماددەیە حکومەتی کوردستانیش مافی مامەڵەکردنی نەوتی هەیە.
گەلی کوردستان و دەسەڵاتەکەی هەموو کات پابەندی دەستوور بوونە، بەڵام خودی حکومەتی عێراق و بەشێک له لایەنە سیاسییەکانی عێراق پابەندی دەستوورەکەیان نەبوونە و، ماددەکانی تایبەت بەمافەکانی گەلی کوردستان و ماددەی 140 بۆ گەڕاندنەوەی ناوچه داگیرکراوەکان بۆ سەر ئیدارەی حکومەتی کوردستان و چەندین ماددەی دیکەی پەیوەست بەماف و ئیمتیازاتی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و سامانە سروشتییەکانیان پێشێلکردووە، ئەمانەشیان هەموو بۆ دژایەتیی گەلی کوردستان ئەنجامداوە.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەم کاتەی ئێستای عێراقدا کە لەقەیرانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدایە، تەنیا بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و داننانە بەماف و ئیمتیازاتەکانی گەلی کوردستان، بۆیە پێویستە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تا کار لەکار نەترازاوە بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوه و بریارەکانی له و ئاستەدا بن ڕیزەکانی گەلان پته و بکات، نەوەک لێکترازان و قەیرانەکان زیاتر بکات، لەهەمان کاتدا پێویستە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی کوردستان بەزووترین کات لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانەوە کۆببێتەوە هەڵوێستی ڕوونی خۆیان بەیەکگرتوویی و یەکڕیزی ڕابگەیەنن، ئەگەر پێداگیری لەلایەن دەسەڵاتی عێراقەوه بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و پیشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوام بێت، پێویستە دەسەڵاتی کوردستان کارتی ڕیفراندۆم و ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان بەکاربێنێت.
- سەرکەوێ ئیڕادەی گەلی کوردستان. [1]
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#16-02-2022# #هەولێر# - باشووری کوردستان