کاڵەکی پاک کردووە
مام ئەحمەد عالا هەبوو، پیاوێکی پیری لە کەڵک کەوتوو بوو، بێ ماڵ بوو لە دێهاتەکان ئەگەڕا، لە دیوەخانەکان یا لە ماڵە دەوڵەمەندەکان دا ئەنیشت نانی ئەخوارد و بە پێی توانا ئیشێکی ئەکرد، ڕۆژێک ئەچێتە دێی(جلبەسەر) کە سەر بە ناحیەی (تەقتەق)ە، شەش سعات دوورە(حاجی شێخ سمایل) ئەڵێ: مام ئەحمەد ئەم پارچە بێستانە خزمەت بکە، مام ئەحمەد وایزانی ئەگەر قسەی حاجی شێخ سمایلی ڕەت بکردایەوە کوفر بوو، بێستانەکە خزمەت ئەکا ڕۆژێک کوێخا حەوێز و چەند سوارێک ئەچنە(جلبەسەر) بۆ تەعزیە(پرسە) لە پاش نان خواردن تەرۆزیەکی زۆر دێنن بۆ دیوەخان تا مێوانەکان بیخۆن، حاجی شێخ سمایل ڕوو ئەکاتە(کوێخا حەوێز) و ئەڵێ: مام کوێخا ئەم ترۆزییە هی ئێمە نی یە، هی مام ئەحمەدی عاڵای خزمتانە منەت لە ئێمە مەزانە، کوێخا حەوێز ئەڵێ: ئێستا ئه و کاڵەکی پاک کردووە لەبەر سێبەری داناوە هەتا سارد بێ بیخوا ترۆزی ڕەق و تەقیش بۆ ئێمە دێنێ له و کاتەیا مام ئەحمەد دێتە دیوەخان بۆ بەخێرهاتنی مێوانەکان حاجی شێخ سمایل ئەڵێ: مام ئەحمەد، کوێخا حەوێز ئەڵێ: مام ئەحمەد کاڵەکی پاک کردووە لەبەر سێبەری داناوە هەتا سارد بێ، بیخواو ترۆزی ڕەق و تەقیش بۆ ئێمە دێنێ، مام ئەحمەد کە گوێی لە قسەی حاجی شێخ سمایل بوو، گۆچانەکەی دانا و پێڵاوەکانی داکەند و تاویدا حاجی شێخ سمایل و ووتی: قوربان بینە دەستت ماچ بکەم، خوا ئه و کەسە بگرێ خیانەت لەگەڵ تۆ ئەکا، حاجی شێخ سمایل هەر ئەی ووت: کوڕە مام ئەحمەد بە خوا هەمووی بخۆی من هیچ نازانم کوێخا حەوێز وا ئەڵێ مام ئەحمەدیش هەر ئەی ووت قوربان گەردەنم ئازاد بکە، جا مام ئەحمەد لەلای سەد کەس ئەگێڕێتەوە ئەڵێ وامکرد شێخ بە کەرامەت زانی، ئه و سەد کەسە پەنجای وەکو مام ئەحمەد بێ هۆش باوەڕ ئەکەن، ئەوا شێخ سمایل کەرامەتی پەیاکرد و مام ئەحمەدیش ئیشەکەی لێ ئاشکرابوو یەکجاری بوو بە مەحسووبی حاجی شێخ سمایل.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەولێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز، لاپەڕە(27)[1]