دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
حەڤدە ساڵ لەمەوبەر مێژووی کۆماری عیراق وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە مام جەلال وەک یەکەم کورد لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.
مام بووە سەرۆکی گشت عیراقیەکان بەبێ جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی.
لەم یادەدا دەکرێت بوترێت لە ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک مامجەلالدا ئەگەر هەموو کێشەکانیش چارەسەر نەکرابێت بەڵام هەمیشە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە ناو لایەنەکاندا بوونی هەبووه و بەوەش جۆرێک لە دڵنیایی و سەقامگیری نەک تەنها لای عیراقیەکان چەسپاندبوو بەڵکو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهانیش ئومێدیان لەسەرقورسایی و پێگەکەی هەڵچنیبوو کە سەرۆکێکی نوێی وەک مام جەلال بەهۆی پەیوەندییە بەرفراوانە دیبلۆماسی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە توانیبووی هاوسەنگیەکان وەها ڕابگرێت کە لە ناو عیراقیەکاندا ناسناوی (ێمام الامان) یان پێبەخشیبوو.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئه و ڕاستییە بڵێن لەکاتی سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلالدا عیراق لە قۆناغی سەرپێکەوتنەوە وبونیاتناندا هەنگاوی دەنا بەڵام ئەفسوس ماڵئاوایی وکۆچی ئەبەدی مام ئه و هیوا و ئومێدەی نەهێشت و عیراق و ناوچەکەش کەوتە قۆناغێکی پڕ کێشمەکێشی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبییەوە.
ئەمڕۆ کە ئەم یادە دەکەینەوە عیراق بە دۆخێکی سیاسی نەخوازراوودا تێپەڕدەبێت و بە هۆی نەبونی دیالۆگێکی نیشتمانی بۆ چارەسەری کێشەکان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان به و سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک مام جەلالە تاکو گیانی تەبایی و پێکەوە ژیان لە عیراق و کوردستانیشدا زیندوو بکەینەوه و وڵات و ناوچەکە لە قوڵکردنەوەی کێشە سیاسی و جۆراوجۆرەکان بە دوور بگرین و ئارامی زیاتر بۆ گەلانی عیراق و هەرێمی کوردستان بەدیبهێنین
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!