ناونیشان: لێبوردن هونەرە یان فەلسەفە؟
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
هەڵەکردن لەژیانی مرۆڤەکاندا ڕەفتارێکی سرووشتییە؛ لەو ڕوانگەیەی هیچ مرۆڤێک لە کۆمەڵدا بەدەرنییە لە هەڵە کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتردا دەکات. وە بێگومان هەڵەکردن مەبەستدار بێت یان نا؛ بەشێوەیەکی سرووشتی کاریگەری دەخاتە سەر جۆری پەیوەندییەکان، تا ئەو کاتەی پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی سرووشتی ڕێچکەی خۆی دەگرێتەوە.
مەبەست لە لێبوردەیی؛ ڕەفتارێکی مرۆیی و شارستانییە، لەهەمانکاتدا پەیبردنە بە هەڵە و ڕێزگرتنە لە عەقڵ و مافەکانی خەڵک، بگرە لە ووڵاتە گەشەکردووەکاندا لێبوردنی تەنانەت سەرۆکیش بۆ ئەوانیتر مەسەلەیەکی سرووشتییە و بۆتە بەشێک لە ڕەفتاری مرۆڤەکان.
خەڵک هەیە هەڵە دەکات و داوای لێبوردن دەکات و خەڵکی تریش هەن هەڵە دەکەن و فەلسەفە لێدەدەن، ئەگەرچی جەوهەری لێبوردن لەراستگۆیی نییەتی سەرچاوەکەیدایە، بگرە هەندێ کەس کاتێک درک بەهەڵەکەیان دەکەن، ڕایدەگەیەنن و بڵاویدەکەنەوە بەشێوەی نامە یان هۆنراوە یاخود هیتر، یەکێک لە زانایان دەڵێت: گەورەترین دەستکەوت لە ژیانمدا خودی توانامە لەسەر لێبوردن.
هۆشیاری و ڕۆشنبیری لێبوردن لە هەڵەکردن لە نێو کۆمەڵی کوردیدا لە پێواردایە، چونکە بەگشتی پێیانوایە ئاماژەیە بۆ لاوازیی و کەمیی؛ لەکاتێکدا لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ خەسڵەتی گەورەیی، سەرکەوتویی، و ڕۆشنبیری باڵا لە مرۆڤەکاندا.
لەکاتی هەڵەدا، تێگەیشتن لە ڕوداوەکانی بونەتە هۆکاری کێشەکە پیاچونەوە لە کات و قۆناخی پێش هەڵەکە پێویستە، بۆ ئەوەی بزانیت تۆ لە کوێی ئەو هۆکارەدا بونت هەیە، لەو کاتەدا چاکردنەوەی دۆخەکە ئاسانتر دەبێت. بەوەی بەرپرسیارێتییەکەی دەگریتە ئەستۆ و پاش ڕونکردنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ کەسی بەرامبەر و لێبوردنکردنی ڕاستگۆیانە، کۆتایی دێت و پاشان بەڵێن لەگەڵ خۆت دەدەیت؛ بەمەبەستی دووبارەنەکردنەوەی هەمان هەڵە لە داهاتوودا؛ ئەوەش جوانی و ئازایەتی و لێبوردەیی و ئاستی ڕۆشنبیری مرۆڤ دەردەخات، بەڵام گرفتەکە لەپێچەوانەکەیەتی؛ واتە کاتێک تۆ بەشێک نابیت لە هۆکاری هەڵەکە؛ بەڵکو کەسی بەرامبەرە و لە هەمانکاتدا تێگەیشتنیشی نابێت یان پەی نابات بەوەی خودی خۆی خوڵقێنەری هەڵەکەیە یاخود پاساو دەهێنێتەوە؛ بەوەش بەردەوام دەبێت لە هەڵەکردن.
ئەم جۆرە کەسانە بەوە وەسفدەکرێن کە لە بنەڕەتدا کەسانی شەڕەنگێزن، هەڵگری ڕق و تۆڵەن و بگرە لە ڕووی دەرونییەوە کەسایەتییەکی ناجێگیر و نائارامن و هەڵگری گرێی دەرونین؛ تەنانەت هەرکات هەلیان بۆ هەڵکەوێت توندڕەوتر دەبن؛ بۆیە پشتیوانیکردنی کەسانی دەوروبەر بە تێپەراندن و بەردەوامبوون لەگەڵ ئەمجۆرە کەسایەتییانەدا پاڵپشتیکردن و درێژەدانە بە هەڵەکردن و یارمەتیدانە لە ئەنجامدەری هەڵەکە تا هیچ دەرفەتێک نەهێڵێتەوە بۆ درککردن بەهەڵەکەی و هەنگاونان ڕوەو ڕاستی و لێبوردن؛ بۆیە خودی لێبوردن هونەرێکی جوانە و تەنها کەسی دەستپێشخەر، درکی پێدەکات و لێی تێدەگات.[1]