دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی ئێراق:
لەیادی 34 هەمین تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا، سڵاوی نەمری بۆ ئەنفالکراوەکانمان و سڵاوی خۆراگریش بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان ئەنێرین.
تاوانی کۆمەڵکوژی نەنفال، کە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان تاوانی جینۆسایدە. ڕژێمی لەناوچووی بەعس لەچوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادی دەرهەق بە گەلی کوردستان بەهەشت قۆناغ و بەدڕندەترین شێوە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ژن و مناڵ و پیرو لاو ڕاپێچی بیابانەکانی خوارووی عێراق کران و زیندەبەچاڵ کران و بەشێکی زۆریشیان لە سەربازگە و زیندانەکاندا دڵڕەقانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دران. هەر لەتاوانی ئەنفالدا، زیاتر لە 5000 گوند ڕوخێنران و کشتوکاڵ و ئاژەڵ و هەموو ژێرخانی ئابوری ئه و ناوچانە وێرانکران.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ژمارەیەک لەگۆڕە بەکۆمەڵەکان لەبیابانەکان دۆزرانەوە، ژمارەیەک لە تاوانبارانی تاوانەکەش دادگایی کران، بەڵام هێشتا ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بەتاوانەکە تەواو نەبوون.
لەیادی 34 هەمین ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا، جەختدەکەینەوە، کە پێویستە دوور لە ململانێی سیاسی و لەروانگەی نیشتمانی و مرۆڤایەتیەوە، کار بکرێ بۆ:
یەکەم/ ڕێوشوێن و ڕێکارە یاساییەکانی تری پەیوەست بە کەیسی ئەنفال تەواوبکرێن و هەموو تاوانبارەکانی تریش دادگایی بکرێن.
دووەم/ قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان بکرێتەوه و ناوچە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە.
سێیەم/ هەماهەنگی بکرێ لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی ڕوفاتەکان بۆ زێدی خۆیان.
سڵاو لەرۆحی پاکی ئەنفالکراوەکان و سەربەرزی بۆ کەسوکاریان.
شەرمەزاری و ڕووڕەشی بۆ تاوانبارانی تاوانی ئەنفال.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
14ی نیسانی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!