ناونیشان: پاسۆردەکەت چییە؟
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
بوونی پاسۆرد یان هێمای نهێنی کاتێک دەخرێتە سەر مۆبایل یەکێکە لەو باسە گەرمانەی لە ئێستادا قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، بەتایبەت بۆتە بابەتێکی نێو خێزان و هاوسەرەکان کە هەندێکجار کێشەکان دەگەنە ئاستی جیابوونەوە و تەڵاق.
داواکردن یان زانینی پاسۆردی مۆبایل لە لایەن پیاوەوە بێت بۆ ژنەکەی یان بە پێچەوانەوە دەرئەنجامە نەک هۆکار، بوونی ئەو دەرئەنجامەش کەڵەکەبوونی قۆناغەکانی ڕابردووی ژێرخانی پەروەردەیی، ڕۆشنبیری، فیکری و کۆمەڵایەتیی تاکەکانە بەهۆی هۆکارگەلێکی جیاوازەوە ڕوودەدات و لە ئەنجامدا ئەو هەڵوێستەی لێدەکەوێتەوە، ئیدی چەمکی بێمتمانەیی دەبێتە بەشێک لەو دەرهاویشتانە.
زانینی پاسۆردی یەکتری لە نێو هاوسەرەکاندا دەروازەیەک نییە بۆ خۆپاراستنی نهێنییەکان، ڕێگەیەک نییە بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشە و هەڵەکردن و لەهەمانکاتدا شێوازێک نییە بۆ خۆپاراستن، هەروەک چۆن نابێتە دەرچەیەک بۆ مانەوەی پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی سروشتی هێندەی گەمارۆدان و سنوردارکردنی مرۆڤەکانە بۆ نەهێشتنەوەی ئازادییەکان و باوەڕبوون بەیەکتری و ڕێزنەگرتن لە مافەکان و تایبەتمەندییەکانی یەکتری، چونکە لە ئاکامدا بناغەی پێکەوەبوون و ژیانی ژن و مێردایەتی و هەر جۆرە پەیوەندییەکی مرۆیی گەر لەسەر بنەمای متمانە و ڕێز و یەکترقبوڵکردن و تایبەتمەندێتییەکانی یەکتری بونیاد نەنرێ، هیچ پاسۆردێک نابێتە جێگرەوە و درێژەدان و بەردەوامیی لە ژیاندا، ئەگەرچی بوونی متمانە و مامەڵەکردنی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی ئازادانە و دوور لە پاسۆرد بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە کە خودی ئەوەش گرێدراوی تێگەیشتن و هۆشیاری خودی تاکەکانە لە خۆیان و بگرە هەر لە خۆیانەوە دەستپێدەکات.
بوونی متمانە لەم پرۆسەیەدا پەیوەستە بە ڕاستگۆیی لە جۆری پەیوەندی تاکەکان بەیەکتری و بەکارهێنانی و باوەڕبوونی خودی هەر تاکێکیش بەخۆی، کە بەداخەوە ترس لە دەرئەنجامەکان یان لەوی تر، شاردنەوەی هەست و نەست، خواستی تاکەکان، نەبوونی شەفافیەت، حسابنەکردنی هەر تاکێکی ئەندامانی خێزان بۆ ئەویتر و سەپاندنی ڕای تاکێک یان گەورەی ماڵ بەسەر تەواوی ئەندامانی دیکە دەرهاویشتەی نەبوونی سستمێکی پەروەردەیی نادروستی گشتی تاکەکانە کە ڕەنگدانەوەی لەنێو خێزان و دەرەوەیدا هەیەو بۆتە کەلتورێکی باوی ژیانکردن و هۆکاری گشت ئەو دیاردە نادروستانەن کە بۆتە کێشە و دواتر لێکەوتە و ئاسەواری نەخوازراوی زۆری لێدەکەوێتەوە.
لە نێوەندی ئەو بێمتمانەییدا شتێک نامێنێتەوە بەناوی پاراستنی تایبەتمەندی کەسەکان، هەریەک بەپێی خۆی و کەسایەتی خۆی هەیەتی و شتێکی سروشتییە، ئەوەش بەپێی جۆری پەیوەندی کەسەکان ئەشێت بگۆڕێت، بەو واتایەی ناکرێت کاتێک هاورێیەکت شتێکی تایبەت بەخۆی باس دەکات و ئەیەوێت لای تۆ پارێزراو بێت، دواتر تۆ بێیت و لای هاوسەرەکەت یان ئەندامانی تری خێزانەکەت باسی لێوە بکەیت یان بە پێچەوانەوە گەر هاوسەرەکەت ویستی شتێکی تایبەت بەتۆ بڵێ ئاسایی بێت بەلاتەوە بە کەسانی تری بڵێت، خودی جۆری پەیوەندییەکان حوکم دەکات هەر کەس بۆخۆی پاسۆردێکی جیای پێویست بێت، بێ ئەوەی هیچ کەس بەویتر بزانێت ئەمەش بەو مانایە نایەت هەر کەس ژیانێکی جیای نهێنی بۆخۆی هەبێت، هێندەی بەرپرسیارێتییەکی هۆشمەندانەیە.[1]