ناونیشان: ئازادی بەرپرسیارێتییە!
نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
چەمکی ئازادی واتای جیاواز لەخۆدەگرێت، هەندێک پێی وایە مرۆڤ مافی خۆیەتی لە هەر کات و شوێنێک چی ویست ئارەزوومەندانە بیکات، هەندێکی تر پێیان وایە ئازادی، سنووری هەیە و نابێت ببەزێنرێت.
بەگشتی ئازادی تاکەکەسی، بە مانای باوەڕبوونی مرۆڤ دێت به و ئەرک و مافانەی باوەڕی پێیەتی و هەڵێنجانی پرۆسەیەکی عەقڵانییە کە بەهۆیەوە دەبێتە کردار و دواتر ڕەنگدانەوەی دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا، واتە دەبێتە ڕەفتار و شێوازی ژیانی مرۆڤەکان بێ ئەوەی زیانی بۆ کەسانی تر هەبێت، ئەوەش خۆی لە هەموو خواست و ویست و ئارەزوویەکی مرۆڤدا دەبینێتەوە هەر لە مەسەلەی خواردن و پۆشینی جلوبەرگ تا دەگاتە ئازادی عەقڵ و فیکر و هتد.
ئازادی وەک یەکێک لە بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵێکدا بەرجەستە دەبێت کە دەستورەکەی لە بەهاکانی مافی مرۆڤەوە هەڵقوڵا بێت، زاڵێتی و باڵادەستی ئاینێک یان ڕەگەزێک یاخود ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراو زاڵ نەبێت، کەلتور و سستەمی پەروەردەیی لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و شەفافیەت دامەزرا بێت، تاک وەک خود، سەنتەر بێت و سستەمەکە تاکی ئازاد بەرهەمبێنێ.
بەگشتی زوربەی بوارە جیاوازەکانی وەک، ڕاگەیاندن، سیاسی و ڕۆشنبیری..هتد لە کوردستاندا ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕاوە لە تێگەیشتن و جێبەجێکردنی چەمکی ئازادی وەک خۆی، تا بتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بونیادنانی مرۆڤی ئازاد بە واتا فراوان و بەرپرسیارێتییەکەی، نەک بەواتا تەسکەکەی و کورتکردنەوەی تەنها لە خۆشی و حەز و ئارەزووەکانی تاک.
بۆیە دەرئەنجام ڕەفتاری زۆرێک له و کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیری..هتد بووە کە وایکردوە خودی چەمکی ئازادی لە کوردستاندا ڕەتکردنەوه و کاردانەوەی زۆری لێ بکەوێتەوە، بەتایبەت له لایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە کە پێیان وایە باسکردن لە ئازادی وشەیەکی ڕەهایە و بە واتای بەڕەڵایی و لادانی مرۆڤەکان دێت، بێگومان ئەوە دوورە لە ڕاستی و گرنگی و واتای وشەکە وەک ناوەرۆک و بیروباوەڕ.
بەگشتی لە کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتدا، ئه و دید و تێڕوانینەیە وایکردووە تێگەیشتن لە ئازادی تەنها لە دروشمدا خۆی ببینێتەوه و بەشێوەیەک نەبۆتە شێوازی ژیانی زوربەی مرۆڤەکان.
وێڕای ئەوەی ئازادی نە ئەسەندرێت و نە ئەدرێت، بەڵکو خودی ئازادی، هەڵقوڵاوی هزر و ناخی مرۆڤەکانە و تێگەیشتنی خودی تاکەکانە و پێویستە مرۆڤ هەوڵی دۆزێنەوەی بدات لە ناخی خۆیدا و وەڵامی هەبێت بۆ ئەوەی بزانێت ئازادی بۆ گرنگە و کەی و چۆن بەکاریدەهێنێ؟
راستە هۆکار زۆرن لەبەردەم تێنگەیشتن و بەرجەستەنەبوونی ئازادییەکان، بەڵام دواجار ئەوە مرۆڤەکانن پێش هەموو شتێک پێویستە بزانن دەیانەوێت ئازاد بن یان نا ؟ بە ئازادانە ڕەفتار دەکەن یان ناتوانن؟
بێگومان گەیشتن بە لوتکەی ئازادی وەک مافێک، بێ قوربانی نایەتە بوون و بێ بوونی تاکی ئازادیش کۆمەڵ ئازادی بەخۆیەوە نابینێت و گەشە ناکات، ئەمە وێڕای ئەوەی ئازادی مرۆڤێک لەوێدا تەواو دەبێت کە ئازادیی ئەو ی تر دەست پێ دەکات.[1]