ناونیشان: کولتووری ترس، چەمکێکی ئامادە لە کۆمەڵگەی کوردیدا
نووسەر: #سەروەت عەبدوڵڵا#
کولتووری ترس (culture of fear) یەکێکە لەو چەمکە نوێیانەی هاتۆتە ناو دونیایی ئەکادیمیەوە. سەرەتای ئەم چەمکەش لەلایەن ئەکادیمیستی ئەمەریکا FRANK FUREDI لە ساڵی 1990دا بەکاریدەهێنێت و دوای بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکەی لە هاوینی 1997دا CULTURE OF FEAR زیاتر جێگەی خۆی گرت. تا ئەو جێگەی بەندە ئاگاداربم و لە کاتی توێژینەوەکەمدا بە شوێنیدا گەڕام لە ئەکادیمیی کوردیدا هیچ توێژینەوەیەک لەبارەیەوە دەستنەکەوت. بۆیە نامەی ماستەرەکەشم بۆ لێکدانەوە لەم چەمکە و پراکتیزەکردنی لە دونیای سۆشیاڵ میدیادا تەرخانکرد بە ناونیشانی (ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە درووستکردنی کولتووری ترسدا، بەشیکارکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی داعش لە سووریا و ئێراق بڵاویکردنەوە) . ئەم وتارەش سەرەتایەکە بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەم چەمکەو لێکەوتنەکانی.
کولتووری ترس یەکێکە لەو چەمکانەی سەر بە بواری سۆسیۆلۆجییە لەبەر ئەوەی کار لەسەر کلتوور دەکات، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی بەهێز و جیانەبووەوەی هەیە بە بواری سایکۆلۆجییەوە لەو کاتەدا کە بابەتەکە دێتە سەر ترس. ئەم دوو بوارەش هەردوکیان لە ڕێگەی میدیاوە تێکەڵدەبن و ئەوکات دەتوانرێت کولتووری ترس درووستبێت. دواتریش سیاسییەکان وەک چەکێک بەکاریدەهێنن. (Samuel Justin Sinclair and Daniel Antonius) لەو بڕوایە دان ترس و قەلەقی لەو بابەتانەن کە لە کۆمەڵگەدا دەردەکەون و بە تێپەڕبوونی کات دەتوانن لە شێوەی کلتووردا دەربکەون و فۆرم بگرن. ئەمەش لەبەر ئەو تایبەتمەندییەیە کە هەیەتی و لە سەرەتادا لە تاکدا دەردەکەوێت، بەڵام دەگۆڕێت بە بابەتێکی دەستەجەمعی و کاریگەریی لەسەر کولتووری کۆمەڵگەکە دەبێت. لە زانستی سیاسیدا هەمیشە ترس ئامادەیی هەیە. تۆماس هۆبس و هانا ئارێنت لە کەسە دیار و بەرجەستەکانی ئەم بوارەن. هۆبز دەڵێت: “ترس ئەو تواناییە بە دەوڵەت و دەستەڵات دەدات کە لە ڕێگەی ترساندنەوە ڕووداوەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بارودۆخە کۆنتڕۆڵکراوەکانیش بپارێزێت. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەوەی ترس لەیادگەدا دەمێنێتەوە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیباتە ماڵەوە و لە ژووری خەوەکەیشیدا هەست بە بوونی بکات.” ئا لێرەدایە بەو ڕاستییە دەگەین کە هۆبز دەڵێت: “ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ترس برتییە لە لاوازکردنی هەر جۆرە بەرگرییەک لە کۆمەڵگەدا.”
ئەو جەنگە گڵۆباڵییەی لە بەرانبەر تیرۆزمەوە لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە ڕاگەیەنرا، ترسی کردە بابەتێکی گڵۆباڵی و هەموو ئەم ترسانەش سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی دەرەکەوتنیانن بوونەتە هۆی ئەوەی دۆخێک لە دڵەڕاوکێی و دودڵی و نادڵنییایییەکی زۆر لە کۆمەڵگەدا. ئەمەش هەمان ئەو ڕوونکردنەوەیە FRANK FUREDI دەڵێت تەنانەت ئەو ڕەخنەگرانەی کە چەمکی کولتووری ترسیان قبووڵ نەبوو لەسەر ئەوە کۆکبوون کە ئەم چەمکە هەردوو بابەتی قەلەقی و نادڵنیایی لەخۆیدەگرێت و دواجار کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەبێت.
ئێستا بۆ ئەوەی زیاتر لەم چەمکە وردبینەوە، وا باشترە ئاماژە بە تایبەتمەندی و دەرهاوێشتەکانی بکەم. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری ترس بریتییە لە ترس لەوانی دیکە. واتە لەو کۆمەڵگەنەی کە کولتووری ترسی تێدا هەیە هەمیشە ترس لەوانی دیکە ئامادەیی هەیە، ئەمەش لێرەدا بەڕوونی لە ڕەفتار و وتاری سیاسییەکاندا دەتوانیت بیبینیت. سیاسییەکان زۆر هەوڵدەدەن لە ڕێگەی درووستکردنی ترس لە ئەوانی دیکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی وا دەربخەن دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵدا نییە. دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دیارترین تایبەتمەنی کولتووری ترسە، کە ئەمیش هەر بریتییە لە ترس لەوانی دیکە. دابەشکردنی هەموو شتێک لەنێوان ڕەش و سپی، باش و خراپ، شەیتان و فریشتە، ئیتر ئا لێرەدا ترس (FEAR) دەگۆڕێت بۆ هەڕەشە (THREAT) . سەرەتای ئەم بابەتەش بەتەواوەتی لە 11 سێپتەمبەردا چووە قۆناغێکی مەترسیدارەوە بەتایبەت ئەو کاتەی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جۆرج بۆش جەنگی دژی تیرۆریزم ڕاگەیاند و لە وتارەکەیدا دونیای بۆ دوو بەرە دابەشکرد “لەگەڵ ئێمەن دژی ئەوان یان لەگەڵ تیرۆرن دژی ئێمە”. بەئاشکرا وتی “لەم جەنگەدا هیچ ژوورێکمان نییە بۆ بێلایەنەکان.” زۆربەی لێکۆڵەرەوان لەو بڕوایەدان ئەم دەبریینە هیچ نییە جگە لە درووستکردنی کولتووری ترس. بۆیە دەبینین دواتر ئەم چەمکە دێت لەسەر ئاستە لۆکاڵییەکانیش پیادە دەکرێت و گرووپێکی وەک داعش هەموو دونیا بۆ “بەرەی دار الاسلام و دار الکفر” دابەشدەکات و هەرکەسێک لە دەروەی بازنەکەی خۆی بێت بە شەیتانی دەبینێت. لە پڕوپاگەندە و بەیاننامەکانیاندا دیارە داعشدا بەڕوونی چەندە شارەزایانە کاری لەسەر کردووە.
چەمکێکی دیکە کە دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕوونکردنەوەی کولتووری ترسدا بریتییە لە دۆخی ئاشوبی. Mark Goodman لەو بڕوایە دایە کە دۆخی ئاشوبی بۆ ئەو سیستەمانە بەکاردەهێنرێت کە کۆمەڵگە لە دۆخێکی نادڵنیاییدا دەژی و کەس دڵنیا نییە لەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەری چی هەیە ڕووبدا. ئەم دۆخەیش ترس و ئازارێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ئێستادا تیرۆر زۆر سوودی لەم ڕێگەیە بینیوە کە هاووڵاتی هەرگیز هەست بە دڵنیایی نەکات، ئەویش لە ڕێگەی پرۆپاگەندە و دواجاریش ئاشووب نانەوە بەو پروپاگەندانە. هەستنەکردن بە سەلامەتی، هەستنەکردن بە دڵنیایی لەت ایبەتمەندییەکانی دیکەی کولتووری ترسن. Holger Mölder لەو بڕوایە دایە کولتووری ترس لە نادڵنییایی و نەبوونی سەلامەتی و قەلەقیدا خۆی نیشاندەدات. یەکێک لەو ستراتیجیانەی کە گرووپێکی وەک داعش لە ناچەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیاندا بەکاریانهێناوە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی قەلەقی، نادڵنیایی و ناجێگری دۆخەکە. لە چاوپێکەوتنێکمدا لەگەڵ کچێکی ڕزگاربووی دەستی داعش، دەیوت هەمیشە ئەوانەیان دووبارەکردووەتەوە کە ئەگەر بچیتەوە بۆ لای خێزانەکەت تازە تۆیان قبووڵ نییە، خۆ ئەگەر خۆت ڕادەستی سوپای ئێراق بکەیت لە ئەوان خراپترت بەسەردێنن “بۆیە تەنانەت پەسەکێکی بۆمبڕێکراویان پێداوم لە کاتی هاتنی سوپای ئێراقی بۆ موسڵ لەبەریبکەم و خۆم بتەقێنمەوە پێیاندا.” ئەم جۆرە ترس و قەلەقییە بۆ ئەوەی بیکەنە بابەتێکی کولتووری و تاکەکان لەگەڵیدا بژین.
دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرەی دژ بە یەکتر، بەرەی هاوپەیمانان و بەرەی شەیتان، بڵاوکردنەوەی ئاشووب و ناسەقامگیری، نادڵنیایی و نەبوونی هەستکردن بە ئاساییش و قەلەقی، لەو تایبەتمەندیانەن کە کولتووری ترس پەیوەست بە دونیای کۆمەڵگەی کوردییەوە پێ بناسینەوە. بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کوردستان ئامادەیی هەیە و قۆناغی شەڕی تیرۆر -کە تێمان پەڕاندوە-زۆر پێویستە کولتووری ترس و بڵاوکردنەوەی ترس زیاتر قسەی لەسەر بکرێت. ئەو کولتووری ترسەی لە شەڕی ناوخۆوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ بەرەی سەوز و زەردەوە بگرە بۆ دابەشکردنی تەواوی سێکتەر و تەنانەت دەربڕینە زمانەوانییەکانیش، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە چۆن ترس لە هەرێمی کوردستاندا بەکلتوورکراوە. بۆ بەکلتوورکردنی ترس و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ترسە، میدیا ڕۆڵێکی دو-سەرە دەبینێت و دەبێت هەم میدیا بەئاگایییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات، هەمیش خوێنەران و بیسەر و بینەرانیش هۆشیارییان لە گەمەکانی میدیا بەهێزتر بێت. هەوڵدەدەین لە بابەتەکانی ئاییندەدا لەسەر ڕۆڵی میدیا بنووسین.[1]