ناونیشان: کەسایەتییە ئەرێنی و نەرێنییەکان
ناوی نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
بێگومان هەر کەسێک هەڵگری کەسایەتییەکی تایبەت بەخۆیەتی کە دەشێ ئەرێنی یان نەرێنی بێت، هەریەک لەو کەسایەتییانەش بە خەسڵەتێک یان زیاتر لەوانیتر جیادەکرێنەوە، هەندێک لەو خەسڵەتانە بۆماوەیی و هەندێکی دیکە وەرگیراون، کە بێگومان کۆمەڵە فاکتەرێک هەن ڕۆڵ دەگێرن لە پێکهاتەی کەسایەتی تاکەکاندا لەوانە؛ ژینگە، زیرەکی، میزاج و هتد ؛ بۆیە هەڵسەنگاندنی کەسەکان بەشێوەیەکی ڕواڵەتکارانە و بێ بنەما بەس نییە و ناراست دەبێت بۆ بریاردان یان حوکمدان لەسەر مرۆڤەکان.
لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتیییەکاندا بەگشتی، بەهۆی بوونی کۆمەڵە فاکتەرێک کە گرنگترینی پەروەردەییە وایکردوە کەسایەتییە نەرێنییەکان زیاتر بونیان هەبێت کە هەڵگری کۆمەڵە خەسڵەتێکن لەوانە؛ هەستیاری، ئیتکالی، واسواس، بەگومان و تورە کە بە پێچەوانەی کەسایەتییە ئەرێنییەکانەوەن و هەمیشە دەبنە هۆکاری شێواندنی پەیوەندییە جوانەکان، تێکدانی سات و بۆنە خۆشەکان، و ناشرینکردنی خەسڵەتە مرۆییەکان، کەسانێک کە لەکاتی بۆنە خۆش و ناخۆشە تایبەتییەکانی کەسە نزیکەکان یان پلەیەکە خزمایەتییەکاندا بە هۆکار و بیانوی جیاجیا وبە هەڵبژاردەی خۆیان، بە ڕەفتارو بۆچون و هەڵسوکەوت و قسەکانیان خۆیان بچوک دەکەنەوە خۆیان دورەپەرێز و کەنارگیر دەگرن، بەڵام کاتێک کەسێکی دیکە گەر هاورێ یان خزمێکی کەسە نزیکەکەی بێت و بە ئەرکی خۆی هەستێت؛ ئیدی لەو کاتەدا دەمارگیریی و تورەیی و تانەکردن دەبێت بە بەشێک لە کاردانەوەکانی، بە ڕەفتاری ئیرەییانەی؛ خۆی دەخاتە قاڵبی مرۆڤە نەرێنییەکان و میزاجیەتی ڕۆڵدەگێرێ لە کاردانەوەکانی؛ لەکاتێکدا بەپێی جیاوازی پەیوەندییەکانی هەرکەسێک بەویترەوە ئەرک و ماف هەیە، بەو واتایەی ناکرێ هاورێیەک گەر لەکاتی بۆنەیەکی تایبەت بەخۆی داوای هاوکارییەک بکات یان تەنانەت بێ داواکردنی، درک بەوە بکات کە وەک هاورێ و کەسێکی نزیک بەو بە ئەرکێکی هاورێیەتی هەڵدەستێ و بۆشاییەکی بۆ پردەکاتەوە یاخود بەشداربێت لە خۆشی و جوانکردنی ساتەوەختەکانی بۆنە تایبەتەکەیدا، لەبری دەستخۆشی و پێزانین ؛ ئیدی ببێتە مایەی نیگەرانی و ناخۆشی و قسە و توانج ؛ ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەی خۆی بەو ئەرکە هەڵنەستاوەو تۆ پێی هەستاویت یان لەبەر ئەوەی لەپاڵ ئەودا بوی بە بەشێکی دانەبراو لە جێبەجێکردنی ئەرکەکە. ئەمە جگە لە ئیرەییبردن و بەدەر لە بیرتەسکی و میزاجییەت؛ هیچی دیکە نییە کە جگە لە زیان و لێکەوتنەوەی ناخۆشی هیچ سودێکی بۆ کەس نییە، چونکە گرنگە هەموو ئەو ڕاستییە بزانین کە جۆری پەیوەندییەکان بە پێی نزیکی وپۆلێنکردنی جۆرەکەی هاورێ بێ یان خۆشەویست یاخود هاوسەری هەر کەسێک دەگۆرێت و مافی هەریەکەشیانە کە لە بۆنە خۆش و ناخۆشەکاندا هەریەک بەپێی خۆی ئیرادەگەرییانە بەشدار و هاوبەش بێت ؛ لەپێناو خۆشی و خۆشبەختی مرۆڤەکانی دەوروبەریدا. دەرئەنجام هەڵبژاردەی کەسەکان خۆیانەو بەپێی بریاردانیش لەوەی خۆی هەڵیبژاردوە، دەبێت مافی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆ بگرێت، بەڵام کاتێک نەیویست بیگرێت، هەر ئازادە، بەڵام ئیدی مافی ئەوەی نییە لۆمە و سەرزەنشتی ئەوانیتر بکات، چونکە دواجار گرنگە مرۆڤەکان هەریەک وەک خۆی بێت و وا قبوڵبکرێ؛ نەک وەک ئەوەی بەرامبەرەکەی ئەیەوێت چۆن و بەدڵی ئەو بێت.[1]