هەوار ئیسماعیل
رووداو- هەولێر
پارتی ماف و ئازادییەکان-هاکپار لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی 92 یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان یەکێکە لە خوێناویترین و تراژیدیترین ڕووداوە لە مێژووی گەلی کورددا.
هاکپار لە ڕاگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات: کەمالیستەکان کە بەر لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەڵێنیان دا دانبنێن بە مافە ڕەواکانی کورد، لە دوای لۆزان درێژەیان بە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و تواندنەوەی یەکجارەکی دا، هەروەها بە پیادەکردنی جینۆساید، کوردیان ناچار کرد ملکەچ بێت.
لە پەیامەکەی هاکپاردا هاتووە: درێخییان نەکردووە لە لەناوبردنی ئەو کوردانەی ملکەچیان نەبوون، بەڵام گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نەبووە و بەردەوام بووە لە خۆڕاگری و ڕاپەڕین.
کۆمەڵکوژی گەلی زیلان لە ڕۆژانی 12-13ی تەممووزی 1930 لە لایەن سوپای تورکیا ئەنجامدرا. لە بەڵگەنامەکانی کۆماری تورکیادا بە ڕووداوی گەلی زیلان تۆمارکراوە، بە دەستی سەربازەکانی سوپای تورکیا 44 گوند سووتێنران و وێرانکراون.
پەرتاخ، دۆڵی کوژراوان، حەسەن ئەڤدال، ملک، دۆڵی فەدێ، دۆڵی بەبۆ و چاقربەگ ناوەندی کۆمەڵکوژییەکە بوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، 15 هەزار کەس کوژراون و بە سەتان ماڵ و گوند سووتێنراون و ڕوخێنراون، بەڵام گەواهیدەرانی ئەوا ڕۆژانە دەڵێن، بە منداڵ، ژن، پیر و بەساڵاچووەوە کۆی گشتی 45 هەزار کەس کوژراون. ئەوانەی لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان بوو گەڕێندراونەتەوە.
بە یاسای ئیسکان لە 5ی ئایاری 1932، بۆ ماوەی 20 ساڵ چوون و هاتن بۆ گەلی زیلان و گوندەکانی ئەو ناوچەیە قەدەخە کران و ئەمەش بوو بە سەرەتای ڕاگواستنی زیلانییەکان.
زۆربەی ئەو کەسانەی ڕاگوێزران لە بەندیخانەکاندا گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکیشیان بە دەستی دەوڵەتی تورکیا کوژران.
لەگەڵ قەدەخەکردنەکاندا، گەلی زیلان بوو بە گۆڕەپانێک کە لە لایەن دەوڵەتەوە بە تەواوەتی دەستی بەسەردا گیرا. لە ساڵی 1980دا بە بڕیاری کەنعان ئەڤرەن (7ەمین سەرۆککۆماری تورکیا) قزقزی هاوردە لە گوندەکانی گەلی زیلان نیشتەجێ کران.
هاونیشتمانییانی گەلی زیلان وێڕای ئەوەی تاپۆی سەردەمی عوسمانییەکانیشیان هەیە، ناتوانن زەوییەکانی خۆیان وەربگرنەوە و بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمەڵکوژیی گەلی زیلان، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا دووەمین گەورە کۆمەڵکوژییە بەرامبەر بە کورد ئەنجامدرابێت. یەکەم کۆمەڵکوژی لە ساڵی 1921 لە کۆچگری ئەنجامدرابوو.[1]