-دەزگای ئاسایشی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە بیانووی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان لە 23ی تەمموزەوە هەریەک لە موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵی لە شاری #هەولێر# دەستگیرکردووە، دەزگای ئاسایش تائێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو ناوبراو بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ئامێری مۆبایلەکانیان چوون بۆ دەزگای ئاسایش، بەڵام لەو ڕۆژەوە بێ سەروشوێنن. 22ی تەمموزیش بە هەمان بیانوو هێزە ئەمنییەکان هەریەک لە هاوڕێ کوردی، سابیر زندی و لێزان بەکر-یان دەستگیرکرد و پاشان ئازادکران.
ماوەی سێ ساڵە لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی ئاشکرا یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010ی ڕێکخستنی خۆپیشاندان سڕکراوە، نە لەلای دادگاکان کاری پێدەکرێت و نە لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکانەوە مۆڵەتی پێ دەدرێت، بەتایبەت لەو بابەتانەی پارتی دیموکرات ناڕەزایەتی خۆپیشاندەران دژ بە بەرژەوەندییەکانی دەبینێت.
-دەزگا ئەمنییەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ڕۆژی 4ی ئاب لە شاری #سلێمانی# بە بیانووی ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری 6ی ئاب، لە هەڵمەتێکی دەستگیرکردندا 6 ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ و چەندین خۆبەخشی ئەو حیزبەیان لەناو ماڵەکانیاندا دەستگیرکردووە، دەستیانگرتووە بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئایپادی ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ و ئەندامانی دیکەی نێو خێزانەکانیشیان.
دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی لە سلێمانی تائێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان نەداوە لەبارەی ئەو ڕەشبگیرییەی حیزبەکەیان بۆ ئەندامانی نەوەی نوێ.
هاوشانی ڕەشبگیریەکەی یەکێتی لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە، دەزگا ئەمنییەکانی پارتی لە هەولێر و #دهۆک# بە هەمان مەبەستی سەرکوتکاری و بەشداری نەکردنی خەڵک و چالاکوانان لە هەمان خۆپیشاندان، دوو پەیامنێری کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لە دهۆک بەناوەکانی تائیف گۆران و بڕیار نێروەیی دەستگیرکردووە، هەروەها ماوەی دوو ڕۆژە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە چالاکوانانی مەدەنی هەولێر دەکەن و دەنگۆی دەستگیرکردنی چەندین ئەندامی دیکەی ئەو حیزبە هەیە.
ئەم ترسەی پارتی و یەکێتی لە بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە کاتێکدایە، بەپێی بڕگەکانی ماددەی 13 لە یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی پارتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، حیزبە سیاسیەکان مافیان هەیە بە ڕێگای ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بچنە شوێنە گشتیەکان.
-لە 21ی تەمموزەوە 10 لە زیندانیانی سیاسی بادینان و 42 زیندانی لە چاکسازی گەورانی هەولێر مانگرتنی خۆیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئازادکردنی مەرجدار دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەهات 5 لە زیندانیانی #شێلادزێ# کە دەبوو لە 16ی حوزەیرانەوە ئازادبکرێن بە پێی ماددەی 331 لە یاسای ئسوڵ ئەلمحاکەمات ئەلجەزائیە (اصول المحاکمات الجزائية)، ئازادنەکراون بەو هۆکارەی داواکاری گشتی بووەتە بەربەست لەبەردەم ڕێکارە یاساییەکانی ئازادکردنیان.
ئەمە جگەلەوەی 13 زیندانی دیکە لە ئاسایشی گشتی هەولێر مانگرتنیان دەستپێکردووە دژ بە هێشتنەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە 3ساڵ لە زیندان و دادگایی نەکردنیان.
-پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی هەرکاتێک لەبەرامبەر دۆسیەیەکی تیرۆر و تاوان و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ڕەخنە ئاراستەی یەکتر دەکەن، ڕاستەوخۆ دۆسیەکانی تاوانی یەکتر هەڵدەدەنەوە، لەهەمان کاتیشدا ئەوان بە دروستی هاوبەش و پشتیوانی یەکترن لە ئەنجامدانی تاوانەکاندا بۆیە بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵی حوکمڕانییان لە هەرێم هیچ بکوژێکی ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران سزای یاساییان وەرنەگرتووە و دادگایی نەکراون، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان و دادگاکان بۆ سەرکوتکاری ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن.
یەکێتی نیشتیمانی هەمیشە بانگەشەی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و جیاوازی لە پارتی دیموکرات دەکات، بەڵام هەمان ئامرازەکانی سەرکوتکاری پارتی بەکاردەهێنێت کە خۆی ڕەخنەی لێدەگرت لە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بادینان و ڕەشبگیرییەکانی هەولێر.
پارتی دیموکرات شانازی بە ئارامی هەولێر دەکات و سلێمانی وەک شارێکی شێواو نمایش دەکات، لە هەمان کاتدا خۆی هەولێر و دهۆکی کردووە بە زیندانێکی گەورە و سەرجەم میکانیزمەکانی سەرکوتکاری یەکێتی پەرەپێدەدات.
بۆیە تەنیا ڕێگایەکی دروست لەبەردەم پارتی و یەکێتی دا هەبێت، ئازادکردنی دەست بەجێی سەرجەم دەستگیرکراوان و زیندانیانی سیاسی هەولێر و سلێمانی و دهۆکە، درێژەدان بە هەر ڕەفتارێکی پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی، دەیانخاتە زبڵدانی مێژووەوە. [1]
#نیاز عەبدوڵڵا# - ڕۆژنامەنوس
#05-08-2022#