$ئاوابوونی کولتووریی و ژیاریی$
نووسینی: هەندرێن
ئەمڕۆ، وێڕای زۆری تیۆرییە فرە ڕەهەند و ڕوانگە جوودایەکانیش، کەچی دۆزینەوە یان هەڵبژاردنی جۆرە تیۆرییەک بۆ بەرسڤدانەوەی تەنگژەی ناسنامەی نەتەوایەتی؛ خەونی کورد؛ داڕمانی کولتووری کورد، کارێکی ئاسان نییه. تەنگژەکانیش هەر تەنیا لەتێک لە لەتەکانی کوردستانیان نەتەنیوەتەوە، بەڵکوو ئۆرگانە کانی گشت پارچەی کوردستانیان گرتۆتەوە. کۆی ئەو تەنگژانەش: تەنگژەی پێناسەی وتاری نەتەوایەتیی و داهێزران و نامۆبوونی کولتووری کوردییە. هەڵبەتە داگیرکەرانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ماوەی سەتەکاندا، بەتایبەتیش لە سەتەی بیستدا، لە ڕێگەی سیاسەتە شۆڤینییەکانیانەوە توانیوویانە ڕووحی کورد، وەک ئۆرگانێکی هاوبەش وێڕان بکەن. لە ئاکامی ئەو چەوسانەوەیەدا ئەو ئۆرگانە ڕووحییەی کورد نەک هەر ئیفلیج و شەل کراوە، بەڵکوو بە جۆرێک وێرانکراوە کە هەمیشە بە دەست نە فراژان و بەرهەمنە هێنانی ئۆرگانە نوێکان؛ پێناسەی وتاری نەتەوایەتیەوە سەرگێژ بێ. چونکە داگیرکەری باکووری کوردستان، توانیوویەتی ئۆرگانی کوردی بە پەتای تورکی، ئۆرگانی کوردی ڕۆژهەڵات بە پەتای فارسی، کوردی ڕۆژاوای بچووکیش بە پەتای عارەبی و لە باشووریش بە پەتای پان- عارەبیزم بەعسی – پان یان بەعسیزم نەزۆک بکەن. ڕژێمی بەعس لە ماوەی 35 ساڵدا بە ڕێگەی عارەباندن، ڕاگوێزان، ئەنفال، وێرانکردنی دێهات و سیستەمی پەروەردەوە ئۆرگانی خێزانی کوردی باشوور لێهەڵوەشێنێتەوە. لە ئاکامی ئەمەد ئەمڕۆا حیزبی کوردی و بگرە بەشێکی زۆریش لە نووسەرانی کورد، نەک هەر لە خەمی ئەوەدا نین سارێژی برینەکانی ئۆرگانی جڤاتی کوردستان بکەن، بەڵکوو خۆیان بوونەتە میراتگری ئەو وێرانکردنەی ئۆرگانی کوردی. وەک دەبینین لە ئاکامی ئەو سیاستە گەندەڵەی حیزبە باڵادەستەکاندا، خەریکە جڤاتی لێکترازاو و ئۆرگانە هەڵوەشاوەکانی کوردستان هەرچی بەهای کولتوور و نەریتە ڕەسەنەکانی کوردە لەناودەچن. پەرەسەندنی ئەو ئاوابوونە کولتوورییەش، لە وێرانبوونی ژیانی دێهاتەکاندا بەرچەستە دەبێتەوە. بەمجۆرە ئەمڕۆ جڤاتی کورد لە باشووردا، خەریکە ببێتە ئەو جڤاتەی کە هۆبز باسی دەکا؛ هەمووی تێکبەربن و یەکتر مەحفبکەنەوە. لە و ڕوانگەیەوە ڕەنگە دەکرێ فەلسەفەی ئابوونی ئۆسڤالد شپێنگلەر، بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەگەر وەڵامێکی ڕاستەخۆی ئەو تەنگژە قووڵانەی کۆمەڵگەی کوردستان نەداتەوە، وەلێ دەکرێ جۆرە ڕەهەندێک بێ بۆ هاندانی زمانی کوردی ئاوەڵا بکاتەوە کە بتوانێ خۆی وەڵامێک بۆ تەنگژەکانی دابهێنێ. فەیلەسووفی مێژوو ئۆسڤالد شپێنگلەر/ Oswald Spengler (1880- 1936) لە پەڕتووکە گەورە دوو بەرگییەکەیدا “ئاوابوونی ڕۆژاوا/ Untergang des Abendlandes “()، کە لە ساڵی 1918-1922دا نووسیوویەتی، هەوڵدەدا هەرچی پرسیاریی جیهانی سیاسیی و کولتوورییە ڕاڤە بکا. ئەو وەک سەفەرێکی ورد و قووڵ کۆی مێژووی سەرهەڵدانی گوند، شار، ئایین، سیاسەت، فەلسەفە و… ڕاڤە دەکاتەوە. لێ ناساندنی ئەو پەڕتووکە گەورەیەی شپێنگلەر بە وتارێک نماییشبکرێ، بەڵکوو پێویستی بە پەڕتووک هەیە. لەم وتاردها هەوڵدەدەین ڕۆشناییەک بخەیەنە سەر چەند دیمەنێکی ئەو پەڕتووکە کە بەلای ئێمەوە سەرنجڕاکێشن. شپێنگلەر لە دوو تۆوی پەڕتووکەکەیدا باس لەوە دەکا کە چۆن “ئۆرگانەکانی کۆمەڵگە” لە دایک دەبن، دەفراژێن، دادڕمێن و ئاوا دەبن. ئەو ئۆرگانی کۆمەڵگە لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا بەراورد دەکا. بەمجۆرە شپێنگلەر لە پەڕتووکە هەزار لاپەڕەکەیدا وڵاتەکەی خۆی، ئەڵمانیا دەکاتە سەرشاری ڕاڤەکانی، کە سەر دەمی ژیانی گەیشتبووە ئەو بازنە فرا ژووەی کە ئەو بە “کولتوور” ناودێری دەکا. هەڵبەتە وەک سشێنگلەر دەنووسێ، ئەڵمانیا هەر لە سەردەمی ئیمانوێل کانت، هێردەر و بە تایبەتیش سەردەمی گۆتە و ڕۆشنگەرییەوە گەیشتبووە قۆناغی “کولتووریی”. کاتێک کۆمەڵگەیەک بە سامان و توانای کولتوورییەکەی خۆیەوە گەشایەوە و خامۆش بوو، دوای ئەمە تەنیا “ژیار”ەکەی دەمێنێتەوه. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە هزری جەختکردنەوە لە ئۆرگانی کولتووریی لە تیۆرییەکانی زۆرینەی هزرڤان و فەیلەسووفەکانی ئەڵمانیادا ئامادەیی هەیە. هاوکاتیش هزرڤانانی ئەلمانی دوای فاشیزمی ئەلمانی، وەک نموونەیەک لە ناسیۆلیزم، گومانکردن و ڕەخنەگرتن بووە لە هزری ڕۆشنگەریی، ئەمەش تاکوو نەتەوەی ئەلمانی بەهای ئەو ژیانە باڵا و نموونەییە، کولتوورە ڕەسەنە، بپارێزێ. جێگەی سەرنجە، شپێنگلەر لە پەڕتووکەکەیدا باس لە هەموو کولتوورەکان دەکا. لە بەشی دووەمی پەڕتووکەکەیدا بەشێک بۆ کێشەی کولتووری عەرەبیی و فارسی تەرخان دەکا، لەوێدا لە میانەی شیکردنەوەی ئایینی زەردەشتیدا، ئاماژە بە گرووپێک لە نەتەوەکان دەکا، کە بە گوێرەی جیۆگرافیا و پێناسەکانیدا، دەکرێ بڵێین باسی ئەرمەنییەکان دەکا، لێ بێ ئەوەی ناوی کورد بێنێ. شپێنگلەر دەلێ: “دوای 300 ساڵ پێش زایین لەناو گەلە گەنجەکانی جیهانی نێوان سینا و زاگرۆسدا کە بە ئارامی دەپەیڤن بێداربوونەوەیەکی سەرنجکێش هاتە کایەوە… هەستێکی نوێی جیهانی ترنجایە ناو ئایینە جێگیرەکانەوە، جا ئەوانە ناوی ئاهوڕا مەزدا… هەڵگرتبێ…” (1) شپێنگلەر باس لە و گەلانە دەکا کە سەر بە ئایینی زەردەشتیی بوون و لە ژێر ئیمپراتۆری مادەکاندا دەژیان، کەچی بە هیچ جۆرێک ئاماژە بە کورد ناکا. دواجار ئەو لە پەراوێزەکەیدا تەنیا باسی ئەوە دەکا کە ئەو گەلەی بە ئارامی دەپەیڤن کەمتر لە سەد بەشی کۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی پێکهێنابوو. (شپێنگلەر، “ئاوابوونی ڕۆژاوا، ل:479) کەواتە دەکرێ بپرسین: ئاخۆ، لە ڕوانگەی شپێنگلەرەوە، مانای کولتوور چییە؟ ئەو پێمان دەڵێ، کولتوور پوختەی ئەو تێڕوانینانەیە کە لەدەرەوە هاتوون. بەمجۆرە ئەو کە فەلسەفەکەی خۆی بە فەلسەفەی ئەلمانی ناودێر دەکا، ئاماژە بە تشتێکی دیکە دەدا. لە کن شپێنگلەر، هزرینی ئەلمانی، واتا هزری گۆتە. کولتوور لە لای گۆتە واتای ئۆرگانیزمێکی زیندوو بوو. لە ڕوانگەی گۆتەوە، کولتوور چەکەرە دەکا، گەشە دەسێنێ، دەژاکێ و دەڕزێ. شپێنگلەر وەک گۆتە پێی وایە گشت ڕووداو و داهێنانەکانی کۆمەڵگەیەک ئاوێنەبوونەوەی ڕووحێکە کە دواجاریش ئەو ڕووحە سەرتاپای کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکا، کە هەر ئەمەش کۆمەڵگەیەک لەگەڵ کۆمەڵگەیەکانی دیکەدا هاوێر دەکا. لێرەوە مرۆڤێک بریتییە لە ئۆرگانیزمێکی بایۆلۆگی. بەمجۆرە مرۆڤ هەمیشە خۆی لە جڤاکێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا ڕێکدەخا، کە بەمەش چوارچێوەی ڕێساکانی بایۆلۆگی دەبەزێنێ. بە واتای شپپێنگلەر دوو مرۆڤ لە کولتوورێکی هاوبەشدا بە ئاسانی یەکتر فامدەکەن، چونکە ئەوان هەمان ڕووحیان هەیە. هاوکاتیش دوو مرۆڤ لە دوو کولتووری جیاوازدا هەرگیز ناتوانن لە یەکتر تێبگەن، چونکە ئەوان ڕووحێکی هاوبەشیان نییە. لێرەوە شپێنگلەر بە ڕاشکاوی دیدەکانی خۆی جەختدەکاتەوە. کاتێک ئەو پەیوەندی نێوان مرۆڤە جوودایەکان ڕەتدەکاتەوە، هاوکاتیش ئەو پرسی بەرپرسیاریی نێوان مرۆڤەکانیش ڕەتدەکاتەوە. هەڵبەتە لە کن شپێنگلەر بەرپرسیاری یان ئێتیک واتایەک لە داڕمان دەگەیەنێ. لە دیدی شپێنگلەردا لە کولتوورێکی ئۆرگانیکیدا مرۆڤەکان وەک دوو شانە لە ئۆرگانیزمێکی تەندرووستدا هاوئاهەنگانە هەڵس و کەوت دەکەن، زمانی یەکتر فامدەکەن. لێرەدا دەبێ بێژین کاتێک شپێنگلەر باسی لە ئاوابوونی کولتوورەکان دەکا، مەبەستی ئەوە نییە کە ژیانی ئاسایی مرۆڤ یان هزری مرۆڤ بیرکردنەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکوو مەبەستی هەڵبژاردنی شێوە ژیانێکی باڵای مرۆڤە. لەبۆیە کاتێک شپێنگلەر باس لە ئاوابوونی کولتووری گرێکی کۆن دەکا، مانای ئەوە نییە کە مرۆڤەکانی گرێکی کۆنیش مردن. هاوکاتیش کاتێک شپێنگلەر باسی ئاوابوونی ئەوروپا دەکا مەبەستی مەرگی مرۆڤی ئەوروپا نییە، بەڵکوو هزری ژیانێکی باڵایە. وەلێ ئەگەر لە شپێنگلەر بپرسین: ئایا لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا شوێنێک بۆ ڕووحێکی ئازاد هەیە؟ ئەو لە سەرەتای بەرگی یەکەمی پەڕتووکەکەیدا پێمان دەڵێ، کە سەرگەردانییە بێ ڕیشەکەمان بە دوای سەرنجدان، پایە و جەختکردنەوە دەگەڕێ – ڕەنگە پێش هەموو شتێکیش بە دوای کاتەوە بگەڕێ، تاکوو بە گەڕان ڕابگات! – وەڵامی ئەم پرسیارە لە لایەن شپێنگلەرەوە، نەخێرە. لەوانەیە خۆمان بڕوامان وابێ کە دوای دەستپێکی پێشڤەچوون، ئێمە باشترین تشت بین کە مێژوو بەرهەمیهێنابین – بەرهەمێک کە بۆ شتێکی باش ڕێک و پێک شێوەمان گرتبێ. ئەوە توانستی خۆمانە کە بەرەو بۆشایی پەلکێشمان دەکا. ئەمە بڕوای ئۆسڤالد شپیێگلەرە کە لە ڕۆژگارێکی سەرگێژی ئەڵمانیادا ژیا کە دواجاریش ئاکامی کارەساتێکی سیاسی، ئابووریی و ڕووحی بە دوای خۆیەوە هێنا، کە ئەویش ئاگایانە چاوەڕێی ئەوەی دەکرد. شپیێگلەر لە بەرهەمە دوو بەرگییە هەرە ناودارەکەیدا، ” ئاوابوونی ڕۆژاوا”دا، دەبێژێ ئێمە ئەمڕۆ خۆمان لە ڕۆژگارێکدا دەبینینەوە کە لەوێدا کولتوور – بەهای مرۆڤایەتی-بەرەو مەرگ دەچێ. هەڵبەتە هەرچەندە دوای ڕمانی فاشیزمی ئەلمانی گفتوگۆی تیۆری لەسەر ڕەهەندی کولتوور پەروێز کرا و یان مەیلە و پشتگوێخرا، لێ ئێستا ڕوانگەی کولتووری شپێنگلەر وەک بڕیاردەرێک لەسەر ژیانی کۆمەڵگەکان، لە جاران زیاتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە. هەر بۆیە، بۆ نموونە، لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەوروپادا، دیاردەی کووشتنی ژن لای کورد، وەک دیاردەیەکی کولتووری کورد ڕاڤە دەکرێ. لەوەش زیاتر، زۆرێک لە ڕووناکبیرەکانی ڕۆژاوا، بە تا یبەتیش کۆنپارێزەکان لە ڕوانگەی کولتوورییەوە جیهان پۆلێن دەکەن. وەک دەزانین کابرایەکی وەک سەموێل هنتگۆن لە پەڕتووکەکەیدا، “پێکدادانی ژیارەکان”، کتومت وەک شپێنگلەر جیهان بەسەر هەشت ژیاردا پۆلێندەکا، کە هەر یەک لە و ژیارانە دەرگەی خۆیان بەسەر ژیارەکانی دیکەدا داخستووه. هەر چۆنێک بێت، شپێنگلەر وەک فەیلەسووفێک ژیا و ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بوو کە مێژووناسە دامەزراوەییەکان ڕەخنەی تووندیان لە شێوازە مەیلە و مەتەڵئامێز و خەیاڵییەکەی لە ناساندنی مێژوودا دەگرت. شپێنگلەریش ڕەخنەی لە و مێژووناسانە دەگرت، چونکە ئەو پێی وابوو کە ئەوان “راستگۆیانە شارستانییەکانی دیکەیان نەخوێندۆتەوە ”. لە ڕوانگەی شپێنگلەوە، ئەو مێژووناسانە لە بری ئەوی هاوتەریبانە سەیری ئەو دووبارەبوونەوە بازنەییەی کولتوورەکان بکەن، کەچی بە پێچەوانەوە لە ڕادەبەدەر جەختیان لەسەر شارستانی هاوچەرخ و هەنووکەیی و ئەو مێژووەی کە خۆیان تیایدا ژیان دەکردەوە. شپێنگلەر بڕوای وابوو کە ئەو دەوڵەتە ئاسۆیی و هێڵییە نەریتگەرایە دەخوازێ خۆویستی ڕۆژاوا زەقبکاتەوە؛ هەروەک ئەو مرۆڤە ڕۆژاواییە نموونەیەکی مەزنی گشت کارە مرۆڤایەتییەکانی پێشوو بێ. لەبۆیە بە ڕای شپێنگلەر، سەیر کردنی مرۆڤایەتی تەنیا وەک گەشەکردنێکی درێژ لە نزمییەوە بۆ بەرزییەوە دەبینێ کە داهاتووەکەی بە تێکشکان مەحکومە. لەم بارەیەوە شپێنگلەر دەبێژێ: “ئەوەی کە لە کن هزرڤانی ڕۆژاوادا بوونی نییە و ئەوەی کە دەبوو لە کن ئەو هزرڤانە نەبووایە، ئەو زانینەیە لەمەڕ کەسایەتی ئەو مێژووییە ڕێژەگەراییەی کە لە ئاکامگیریی ئەو هزرڤانەدا، لە خودی خۆیدا دەربڕینێکە بۆ ژیانێکی تایبەتمەند، دانسقە. ئەو هزرڤانە دەبوو تێبگا کە سنوورێکی پێویست بۆ لەبار بوون هەیە و “راستییە ئەبەدی” و “زانینە بێ هاوتا” و ڕوانگەکەی بۆ جیهان و بۆ ئەو ڕاستییەیە. ئەو هزرڤانە دەبوو گەڕان بە دوای زانینی دیکەی بە ئەرکی خۆی بزانیبایه، وەک مرۆڤی کولتوورەکانی دیکە بە هەمان ئاست گەشەی کردبا. دەبوو داهاتووی فەیلەسووف بێ کەمایەسی بێ. ئەوجا پێش هەموو شت مرۆ لە شێوەی زمانی مێژوو، جیهانێکی زیندوو دەگەیشت. لێرەدا هیچ مانەوە و بەرژەوەندی گشتی بوونی نییە. بەرژەوەندی گشتی کۆتاییەکی هەڵەیە بەمجۆرە هی من هاوکات ئەویدیکەش دەگرێتەوە، ” (2) بەمجۆرە شپێنگلەر هانی خوێنەر دەدا کە ئەمدیوی خۆی بدۆزێتەوە و شیبکاتەوە. ئەو لەنێوان کولتوورە جیاوازەکانی مێژووی جیهاندا خۆی بە کێوی دەزانی تاکوو لێکچوونەکان نیشانبدا و گریمانەکانی خۆشی بسەڵمێنێ. بە لای سپێنگلەوە هەشت کولتووری باڵای دیاریکراو هەن کە بناغەی پێشڤەچوونی کولتووری (kulturell evolution) پێکدەهێنن: کولتووری بابلیۆنی، میسری کۆن (فیرعەون)، چینی، هیندی، مەکسیکی (کولتووری مایە و ئیمپراتۆری ئەزتێکەر)، گرێک-رۆمانی، عەرەبیی و ڕۆژاوایی (ئەوروپی-ئەمریکی). هەر یەک لە و کولتوورە باڵایەنە سوودی بۆ ئەو فراژانە کولتوورییە هەبووە، هەمووشیان بەیاخیان وەک یەکن. بە کورتی گریمانەی شپێنگلەر سەبارەت بە و هەشت کولتوورە بەمجۆرەیە: هەموویان نزیکەی هەزار ساڵ درێژەیان کێشا و بە هەمان دووبارەبوونەوەی ئەبەدی بازنەیی ژیان بەردەوام دەبن. هەر هەشتیان هەڵگری دایکبوون، فراژان، ڕمان و مردنن. شپێنگلەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی وەرزەکانەوە تێڕامانەکانی بەرجەستە دەکاتەوە. بەهار بریتییە لە زانی کولتوور. لەوێدا ئایین و پرینسیپە بنچینەییەکان دەخەمڵێن. هاوین بریتییە لە چڵەپۆپەی کولتوور. لێرەدا کاری هەمیشە بەردەوام دەسازێ. هزری گرنگ لە دایک دەبێ و دەفراژێ و کاری شکۆمەندانە ئەنجامدەدرێ. پاییز دەستپێک و کۆتاییە. لەرزۆکی کولتووری، کارەساتی مەزن، کۆچی فرەی مرۆڤەکان و ئاکامی بێتوانایی لە پەیوەیوەندی کردن دەبێتە ڕفاندنی زستان. ئاکامی هزری ئازاد و کارامەیی بوو بە بێبڕوایی، شێوازی هزرینێک لە کاتی خۆیدا وندەبێ، لە پەیوەندی بە مەرگی شار و ژیارەکاندا گەڕانەوەیەک بۆ ڕەچەڵەکی ئایین و نزیکایەتی لەگەڵ سرووشتدا هاتە ئاراوە. بەهار هەمیشە جارێکی دیکە سەرهەڵداتەوە. کەواتە شپێنگلەر پێی وایە گوزەرێک لەنێوان کولتوور و ژیاردا هەیە. لە ماوەی سەدەی هەژدەی ڕۆژاوادا ئەوە جار لە دوای جار ڕوویدا. بە دیدی شپێنگلەر، ژیار نوێنەری دەسەڵات، پارە، نائایینی، چڕبوونەوەیەک لە ئێنتلیگێنسیاوە بۆ دەوڵەت دەکا. دەرهەق بەمەوە سپێبگلەر لە بەشی دووەمدا کە باسی دەوڵەت دەکا، دەپرسێ: لە پەیوەندی بە فەرهەنگداری دوێنێیەوە سیاسەتی ژیاری سبەینێ چییە؟ ئەمەش هەر تەنیا کولتوور ناگرێتەوە، بەڵکوو ڕەوشت، هونەر، زانین، زانست و ژیانی مرۆڤیش تووشی ئەو ژیارە بوون. هونەر جەخت لە ئاکاری باڵا دەکاتەوە. زانست هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەستەبەر ناکاتەوە. سیاسەت بە پارە حکومدەکا. سەرگێژی کولتووری پەرە دەسێنێ. ئەمەش سەرەتایەکی واقیعییە بۆ کۆتاییەکی واقیعی. ژیار قەدەرێکی ناچارانەی کولتوورە، دواجاریش هیچ تشتێک گرێدراو بە “خەڵک” نامێنێتەوە. ئەوەی کە بە “دیمۆکراتی” ناودێر دەکرێ، لە لایەن ئاپۆرەیەک لە مرۆڤی بێ ڕووحی شارەکانەوە حکومدەکرێ، کە جیاوا زە لە و مرۆڤە فەرهەنگدارەی کە هەموو وزەکانی بەرەو دەرەوە، بەرەو سەرەوە، بەرە ئەبەدییەتییەک کە بەرجەستەناکرێتەوە، ئاڕاستە دەکا. لەوێدا خۆ مەحفکردنەوە تەشەنە دەکا. بەمجۆرە بە واتای شپێنگلەر، شارە گەورەکان بۆ ژیار دەبنە بزمارگەلێک لە تابووتێکدا. بە دیدی شپێنگلەرەوە کولتوور لە دێهاتدا پەیدا بوو. چونکە جووتیار خووی بە زەوییەکەی دەگرێ و پەیوەندییەکی ڕووحی بە زەوییەکەی یان کێڵگەکەیەوە دەبێ. زێد لای جووتیار زۆر گرینگە، تا ڕادەیەک خۆی لەسەر بە کووشت دەدا، چونکە ئەو زەوییە یان خاکە خۆی سازاندوویەتی و خووی پێوە گرتووە.ماڵی جووتیار هێمایەکی مەزنە، چونکە لە کێڵگەکەی خۆیدا درووستکراوە. ئاوەزی شار نوێنەری ڕووحی گرووپێک دەکا. سەبارەت بەمە، شپێنگلەر پێی وابوو “ئەوە گەورەیی نییە کە شارەکان لە دێهاتەکان جیا دەکاتەوە، بەڵکوو هەبوونی ئاوەزه. ” (3) شارە گەورە ژیارییەکان ڕقیان لە ڕەگەکانی ڕووحی جووتیارە بۆیە پشت لە ژیانی دێهات دەکەن. لە شاردا زمانێک بەکار دەهێنرێ کە تەنیا بۆ چاو دەئاخڤێ و لە دواجاریشدا خەڵکی گوند لە و زمانە ناگەن. لێرەوە دوو ژیان دێتە ئاراوە: ژیانێک لەدەرەوەی شار و ژیانێک لە ناو شاردا. جووڵە و شێوەی ژیانی گوندییەک هێندەی لەگەڵ جووڵە و شێوەی ژیانی وڵاتانی تر هاوبەشیان هەیە، هێندە هاوبەشی لەگەڵ جووڵە و شێوەی ژیانی مرۆڤی شارێکی نزیک خۆیەوە نییە. ئەو شێوە بونیاتنانەی شارەکان و دوورکەوتنەوەیان لە دێهات پێشمەرجی هەموو کولتوورێکە. هەڵبەتە هەموو کولتوورە مەزنەکان کولتووری شار بوونە. گوندە سەرەتاییەکانیش بە هەمان شێوە نزیکاتیان لەگەڵ زەویدا هەیە. (4) شارە بچووکە گوندییەکان شێوەی خانوو درووستکردنی گوندەکان جەختدەکەنەوە، هەوڵدەدەن بورج و پەرستگایەکانی وەک کڵێسە لە خودی زەوییەوە قووتبکەنەوە. شارە گەورەکان دەخوازن هەمیشە بە هێزتر بن. لەبۆیە شارە گەورەکان سرووشت ڕەتدەکەنەوە. شارە گەورەکان پەل بۆ بەرزایی و دەرەکی دەهاوێژن، خاکی دێهاتەکان هەڵدەلووشن و دەخوازن لە بری ڕێچکە خوار و خێچە گوندییەکان ڕووبەرەکانیان لە شێوەی شەقامگەلێکی سەرەکی پان و بەرینتر بێ. شارەکان دەخوازن بە پێچەوانەی دێهات لە بری دارستان خاوەن باخچە بن، لە بری کانی فوارەیان هەبێ… هتد. بە واتای شپێنگلەر، شار بە هونەر درووستکراوە بۆیە بێ ڕووحە. بەمجۆرە مرۆڤی شاریش بێ ڕووحە. ئەو مرۆڤە شارییە خۆی بەسەر خەڵکی دێهات سەپاند و قانوونەکانی بۆ دەخوێنێتەوە. شپێنگلەر دەلێ: “سەکۆی گفتوگۆی ئەنتیک (گرێکی کۆن) و ڕۆژنامەگەریی ڕۆژاوا بە شێوەیەکی باڵا کەرەسەیەکی ڕوحانی دەسەڵاتە بۆ فەرمانڕەوای شار”. (5) ئێستا مرۆڤی شار ڕقی لە هەموو کولتوورێکی وڵاتی دایکییەتی، لە شارێکی جیهانیدا دەژی کە چیتر پێویستی بەوە نییە لە بەرنبەر دێهاتدا خۆی نماییشبکا. چونکە وەک چۆن پێشتر جووتیار ئاوێزانی کێڵگەکەی بوو، بە هەمان شێوەش ئێستا مرۆڤی شار ئاوێزانە بە نرخی بیرکردنەوە. لێرەوە بە واتای شپێنگلەر، ئیمپریالیزمیش دوا ئیپۆک (سەردەم)ی ئاشکرای ئەو هێمایەیە. لێ ئەو مەترسییە هەر لە و ئیپۆکەدا کۆتایی نایێ. وێڕای ئەمەش شپێنگلەر لەمەڕ مەحفبوونەوەی خەڵک دەپەیڤێ. شار دەبێت بە شوێنی مرۆڤی هۆشمەند. بە ڕای شپێنگلەر هۆشمەندی لە هەموو کولتوورێکدا دوا مرۆڤەکان پێکدەهەێنێ. شپێنگلەر لەمەڕ مرۆڤی بێ بەرهەمی ژیاریی دەڵێ: “دوا مرۆڤەکانی شارە گەورەکان نایانەوێ چیتر بژین، ڕەنگە دەکرێ وەک تاکەکەسی جیاواز بیانەوێ بژین، بەڵام نەک وەک جۆر، وەک ئاپۆرە؛ لەوێدا ترس خامۆش دەبێ. ئەوەی کە جووتیاری ڕەسەن بە دڕدۆنگییەکی قووڵ و لە تێگەیشتن بەدەر پڕ دەکاتەوه، بیرکردنەوەیە لە خێزان و مەحفبوونەوەی ناو، لە دەستدانی مانای خۆیەتی… جووتیار بە منداڵ ڕاناگات، نەک لەبەر ئەوەی بێڕادە زۆر بوونە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەو هۆشمەندییە بیرتیژییە سەرچاوەیەک بۆ هەبوونەکەیان نادۆزێتەوە.” (6) هەڵبەتە شپێنگلەر دڵڕەقانە بیرۆکەکانی خۆی جەختدەکاتەوە، لێ هاوکاتیش ئومێدەوارانە دەبێژێ: “جووتیار مرۆڤێکی ئەبەدییە، خۆی لە هەموو کولتوورێک بە دوور دەگرێ کە لە شارەکاندا شوێنیان هەیە. ئەو (جووتیار) بەر لە شار هەیە، ئەو شار دەژینێ، جینگزانە خێزانی نوێ دەپیتێنێ، خۆی بۆ کاری جووتیارانە و تواناداریی سنووردار، بە ڕووحێکی سۆفییانە و وشکەوە، بۆ تێگەیشتننێکی پیادەیی جووتیارانە، بنکەیەک بۆ سەرچاوەیەکی هەمیشە جووڵاو بۆ ئەو خوێنەی کە لە شارەکاندا مێژووی جیهان درووست دەکا، سنووردار دەکا.” (7) کەواتە شپێنگلەر پێ وابوو ڕۆژاوا گەیشتتۆتە خاڵێک کە مەرگی کولتووری خۆی بە چاوی خۆی ببینێ. لە کۆتاییدا، لە ژێر ڕۆشنایی شپێنگلەرەوە دەکرێ بێژین، وەک چۆن لە سەرەتای ئەم وتارەدا هەوڵماندا ئاماژە بەوە بکەین، کە ڕژێمی بەعس لە هەشتایەکاندا لە پڕۆسەی سیاسەتە شۆڤینییەکەیدا دەستیکرد بە سووتاندنی دێهاتەکانی کوردستان و دواجاریش بە خڕکردنە وە، پۆلێنکرد و توانەوەی جووتیارەکانی کوردستان لە سەربازگە و ئۆردووگا زۆرەملێیەکاندا، هەوڵیدا لە ڕەگەوە کولتووری ڕەسەنی کورد هەڵبکێشێ. هەڵبەتە ڕژێمی بەعسی ئاگایانە ئەو نەخشەیەی بۆ ڕیشەبڕکردنی کورد کێشا، چونکە دەیزانی کولتووری کوردی، پێناسە نەتەوایەتییەکەی، ڕووحی کورد لە دێهاتەکانەوە سەرچاوەیان هەڵگرتووە و شۆڕشی کوردیش هەر لە و دێهاتانەوە سەرهەڵدەداتەوە. بەمجۆرە مخابن ڕژێمی بەعس توانی بەشێکی سەرەکی ئەو نەخشەیەی خۆی ڕاپەڕێنێ. هەروەک ئێستاش ڕژێمە داگیرکارەکانی تورکیا، ئێران و سووریا بە شێوە و پلانی جیاواز ئەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستییە دژی کورد پیادە دەکەن. لێ ئەوکاتە کارەساتی کۆمەڵگەی کوردستان دەبێتە پرسیار، کە هەتە ئێستاش حیزبە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان، نەک هەر خۆیان لە و سیاستە شۆڤینییەی بەعس نەگیشتوون یان ناخوازن تێبگەن، بەڵکوو هەوڵیش نادەن پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی جووتیارەکان بۆ دێهاتەکان تەرخان بکەن. دیارە ئەوە ئەرکی حکومەتێکی کوردی نیشتمانپەروەر، خاوەن ئێتکیکی کولتوورییە کە هەوڵبدا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی کولتووریی و ئابوورییەوە، ئاوەدان بکاتەوە و بۆ ئەمەش دەبێ جووتیاران لە و مەرامەی ڕژێمی بەعس وریابکاتەوە تاکوو ئەوانیش بتوانن، وەک ئەرکێکی نیشتمانی، لە بەهای ئاوەدانکردنەوەی بواری ئابووریی و کولتووری دێهاتەکانی خۆیان تێبگەن. لێ ئەمڕۆ هێزە سیاسیی وناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی کورد، بەهۆی سەرمەستیان بە لاسیاکردنەوەی تیۆرییەکان لەسەر ڕەهەندی شار، بە شێوەی جوودا بەهای دێهات و بەرهەمی جووتیارانی کوردستانیان سووککردووە. دواجار ئەو نووسەر و سیاسیانەی باشووری کوردستان کە هەندێکیان بە خوڵیای بە دوبەکردنی هەولێر و هەندێکیشیان بە پاریسکردنی سلێمانی سەرمەستن، نە توانیان بە قسە و بانگەشەکانیان هیچێک لە شارەکانی کوردستان بکەن بە و شارە کولتوورییەی کە بە واتای شپێنگلەر ژیار بەرهەمهێن بێ و نە توانیشیان بەهای کولتووریی و ئابووری دێهاتەکان زیندوو بکەنەوە. ئەگەرچی سەرچاوەی سەرەکی ئابووری کوردستان لە دێهاتەکاندایە، کەچی بەهۆی کۆکردنەوەی خەڵکی دێهاتەکان لە بۆتەی حیزبە باڵادەستەکاندا و بەخشینی مووچە و کردنیان بە بەرخۆر، کۆمەڵگەی کوردستان بۆتە کۆمەڵگەیەکی بێبەرهەم. لە ئاکامی ئەم خەمساردیی و پەراوێزکردنەی دێهاتەکاندا کولتووری ڕەسەن، بەروبوومی کشتوکاڵی زەنگین، زمان، ڕەوشتی کورد… هتد، خەریکە سەرتاپا نغرۆ دەبن و لە بری ئەوەش تێکەڵاوییەک لە کولتوورێکی شێواو و بوودەڵەی داگیرکاران و بیانی پەرە دەسێنێ. ئاستەنگی مرۆی سیاسی بە گشتی و بازرگانی بێ کولتووری ئەمڕۆی کورد لەوەدا نییە کە پارە بۆتە ئامانجی ژیانیان، بەڵکوو ئاستەنگەکە لەوەدایە کە، بە واتای شپێنگلەر، پارە لای ئەوانە هزرکردنەوە نییە. چونکە، وەک شپێنگلەر لە “ئاوابوونی ڕۆژاوا”دا باسی دەکا، کە پارە بە واتای “فاوستی” یان گۆتەیی”لە درودا بەرجەستە نابێتەوە، بەڵکوو لە ناوەندێک لە پەیوەندی لەگەڵ شێوەی ژیانێکدا کردەی بیری لێدەکرێتەوە. لەوێ لە و شێوە ژیانەدا، وەک واقیعەکان بە هەمان واتای واقیعەکان بیر دەکرێتەوە. بیر کردنەوە لە پارەدا، پارە بەرهەمدەهێنێ: نهێنی ئابووری جیهانیش لەمەدایه. وەلێ ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا پارەداری بۆتە دیاردەیەک لە ئیفلیجکردنی بیر کردنەوە. چونکە پارەدارەکان لە بنەڕەتدا بە ڕێگەی بیرکردنەوە پارە دەستەبەر ناکەن، بەڵکوو بە ڕێگەی فێڵ و دەستبەسەرداگرتنی سامانی خەڵک. پارەداریی ئەوکاتە دەبێتە بیر کردنەوە، بەرهەمداری، کە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بوژانەوەی ژیانی کولتووری، دەروازەیەک بۆ هاندان و بەختەوەرکردنی ژیانی کورد. لێرەوە دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، ئەگەر پێشتر سەرباز و هەڵەپاسەکانی کورد ماڵ و ڕووحی کوردیان ئەنفال کردبێ، کەچی ئێستا ئەوە بازرگانەکانی حیزبن، وەک چەشنە چەتگەرییەکی بازرگانی، بە ڕێککەوتن لەگەڵ بازرگانە شۆڤینییەکانی تورک و فارسدا، بە هێنانی خواردن و کاڵای ڕزیو بۆ کوردستان، بەردەوامی بە و ئەنفالکردنەی ژیان و ڕووحی کورد دەدەن. لێرەوە بە واتای شپێنگلەر، ” لە هەموو کولتوورێکدا ئەوە هۆشمەندەکانن کە “دوا” مرۆڤی نموونەی پێکدەهێنن.” (9) هاوکاتیش لە هەموو مێژوودا، ئەوە سیاسی گەندەڵ، نووسەری مشەخۆر و بازرگانی چەتەگەرن، لە پێناوی خۆویستیدا، کولتووری وڵات نغرۆ دەکەن. کەچی لە کاتێکدا، بە واتای شپێنگلەر، نووسەر و سیاسی خاوەن ویژدان و ئێتیکی نیشتمانی کورد دەبوو ئەو هزرڤانە دەبوو گەڕان بە دوای زانینی دیکەی بە ئەرکی خۆی بزانیبایه، وەک مرۆڤی کولتوورەکانی دیکە بە هەمان ئاست گەشەیان کردبا. دەبوو داهاتووەکەیان” بێ کەمایەسی بێت”. ئەوجا ئەو نووسەر سیاسیانە، پێش هەموو شت مرۆ لە شێوەی زمانی مێژوو، جیهانێکی زیندوو دەگەیشتن. لێرەدا هیچ مانەوە و بەرژەوەندی گشتی بوونی نییە. بەرژەوەندی گشتی کۆتاییەکی هەڵەیه. کەواتە بە دەم ئەو قۆناخە داڕماوەی کولتووری کوردییەوە، مەگەر خدری زیندەیەک بە هانای ڕووحی گەمارۆدراوی کوردییەوە بێ. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 841 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!