ناونیشانی بابەت: ئایا لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتەهۆی نەمانی نیشاستەکەی؟
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشیی شەکرە و کێشەی قەڵەوی و زۆریی کێش و کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەنی دیکەیان هەیە، ئەو پرسیارەیان کردووە کە ئایا لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتەهۆی نەمانی نیشاستەکەی؟ و ئەگەر بە پڵاو لێبنرێت ئەوا کێشەی نییە بۆ ئەو کەسانە؟
لە ڕووی زانستییەوە لێنانی برنج نابێتەهۆی نەمانی نیشاستەکەی، بەڵام بڕێکی دیارکراو لە نیشاستەکەی واتە کاربۆهێدراتەکەی ناو برنجەکە لەگەڵ بەشێک لە ڤیتامین و پڕۆتینەکەی دەڕوات نەوەک هەمووی، و بەشێکی زۆری دەمێنتەوە دوای فڕێدانی ئاوی یەکەم، ڕوونتر بڵێن بڕێکی کەمتر لە وزەی تێدایە و لە شیوازەکانی تر باشترە بە مەرجێک زیاتر لە یەک بۆ دوو کەوچک زەیت یان ڕۆنی نەقرچێنرێت بە سەریدا و نانەکەی دەوری نەخورێت.
وەک زانراوە برنجی بۆر یان قاوەیی و دەنک درێژ باشترە لە برنجی سپی و دەنک خڕ.
ئەوەی گرنگە هەموو هاووڵاتییان بیزانن کە خواردنی قاپێکی بچووک نزیکەی دوانزە کەوچکی چێشت برنجی پڵاو لەگەڵ شلەی سادە و زەڵاتە و سەوزە کاریگەری زۆری نییە لەسەر بەرزبوونەی شەکری ناو خوێن و زیاد بوونی کێش، ئەوەی کە خراپە ئەوەیە بڕێکی زۆری لێ بخورێت لەگەڵ بڕێکی زۆر لەگەڵ گۆشت یان مریشک یان هەر پەلەوەرێکی دیکە.
واتە کاتێک دەوترێت بە پڵاو بخورێت پێویستە زیادەڕەوی نەکرێت لە زۆر خواردنی چونکە بەشێکی زۆر لە نیشاستەکەی تێدادەمێنێت. [1]