بە قسەی کێ؟
سەرخانە فکری و کەلتوورییەکانی سیستمی پیاوسالاری ماوەی هەزاران ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدات ئەو باوەڕە لە ناخی مرۆڤدا بچەسپێنێ کە ژن (ڕەگەزی مێ) چەندین پلە لە خوار پیاوەوەیە لە زۆرینەی ڕەهەندە بایۆلۆجی و توانا جەستەیی و ئەقڵییەکاندا.. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە زمان بە جۆرێکی جیاواز لە پیاو ئاماژە بۆ ژن دەکات. زەعیفە، ماڵەوە، حورمێ، ئافرەت، عەورەت، لاواز، بێ ئیرادە…تاد. ئەمانە لەزمانی کوردیدا ئاماژەن بۆ ژن.. جیاکردنەوەکە لە هەندێک زماندا هێندە تۆخ و پڕ ڕەنگە کە ڕاناوی بەکار هێنراو بۆ ژن جیاوازە لەوەی کە بۆ پیاو بەکاردەهێنرێ. وەک ئەوەی ژن مرۆڤ نەبێ!
پێداگریکردن لەسەر داتاشینی وەهمی جیاواز گەلێک ئامانجی ئاشکرا و نهێنی لە پشتەوەیە کە هەرە گرنگەکەیان درێژەدانە بە چەوساندنەوەی جێندەری.
ئەقڵییەتی باو لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا بەژن دەڵێت زەعیفە..واتە لە ڕووی جەستەییەوە لاوازە.. کەمتر بەرگەی نەخۆشی دەگرێت..
ئایا ئەم بۆچوونە ڕاستە؟
بەقسەی کێ ژن زۆرتر نەخۆش دەکەوێ و زووتر دەمرێت؟
بێگومان کاریگەرییەکانی دووگیانی و سک و زا و مناڵ بەخێوکردن و ئەرکەکانی ناو ماڵ و مەحروم کردن لە خۆراکی پێویست کاریگەری زۆر خراپیان هەبووە لەسەر جەستە و تەندرووستی و ژیانی ژنان، بەڵام ئەوانە گشتیان هۆکاری دەرەکیین.. پەیوەست نین بە سرووشتی جێنەتیکی ژنەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا بەپێچەوانەوە ئامار و دیاردە سرووشتییەکان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن:
توێژینەوەی زانستیی بەردەوام لەچەندین سەنتەری جیهانیدا کە بیست ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد دەیسەلمێنێت ژن، تێکڕا 5-6 ساڵ زیاتر لە پیاو دەژی، کە ئەمە لە ڕووی بایۆلۆجییەوە هێزە نەک لاوازی.
مەسەلە تەنیا تەمەن درێژی نییە.درووستکردنی منداڵ گەورەترین هێزە. بەڵام لە جیاتی ئەوەی شانازی پێوەبکرێیت وەک عەیبە چاوی لێدەکەن.
وایان کردووە، ژنی دووگیان لە خۆی شەرم بکات.
ئەوانەی ئەو زیهنییەتەیان هەیە لە بیریان چووەتەوە کە ئەوانیش لە زکی ژنێکی دووگیاندا بوون و لەوێوە هاتوون! ڕەنگە وا بیر بکەنەوە خۆیان بە پرینتەر درووست کراون!
توێژینەوەکان دەڵێن ژن کلیلی دەرگای نهێنییەکانی تەمەن درێژییە. نەک هەرئەوە، بەڵکوو لە ساڵە زۆرەکانی تەمەندا بڕیاری کۆتایی جێندەر دەیدات.
لە کۆی43 کەس کە تەمەنی هەریەکەیان سەد و دە ساڵی تێپەڕ کردووە، چل و دووکەسیان ژن بوون. بە هەر پێوەرێک لێکی بدەیتەوە ئەمە مانای وایە تەمەن درێژی و ڕەگەزی ژن زۆرزۆر پەیوەندییان هەیە بەیەکترییەوە
لێکۆڵینەوە لە شێوازی ژیانیشیان هیچ خاڵێکی هاوبەشی نیشان نەداوە جگە لەوەی کە هەموویان ژنن
کەواتە بە قسەی کێ ژن زەعیفەیە؟! [1]
#هاوژین زیبا#