ناونیشانی بابەت: لەم مانگەدا 4ی 2011 لە کێڵگەی گەیارە دەست بە هەڵکەندنی بیری نەوت دەکرێت
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
نەوتی ئەمبەر و ئەوبەری ڕووباری دیجلە بەگشتی و ناوچەى موسڵ بەتایبەتى بەوە ناسراوە کە نەوتێکى جۆری قورسەو (API)یەکەى کەمە لەنێوان 19-22، ئیشکردن تیایدا ئاسان نیەو بەرهەمهێنانى نەوت تیایدا پێویستى بە ئەرک و ماندووبوونێکى زیاتر هەیە. هەردوو کێڵگەى گەیارە و نەجمە لەم چەشنەن و دەمێکە دۆزراونەتەوە.
کێڵگەى گەیارە: ئەم کێڵگەیە بەهۆی بوونى درز تیایدا نەوتەگە لەدێر زەمانەوە بەشێوەى قیر دەرچووەتە دەرەوە لەوکاتەوە هەست بە بوونى نەوت لەو شوێنەدا کراوە هەر بۆیە ئەڵمانەکان لە پێش هەموو وڵاتێکەوە پەرۆشى هەڵکەندنى بیر بوونە لەو ناوچەیەدا، سەرەتا 7 بیری تەنگیان بە قوڵی 9-51 مەتر هەڵکەند و پێشبینیەکانیان ڕاست دەرچووە. بەڵام دواى ئەوەى ئەڵمانەکان گۆڕەپانەکەیان چۆڵکرد ئیتر هەڵکەندنى بیرە قوڵەکان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی ئێڕاقەوە (IPC) لە 1ی حوزەیرانی 1927 ئەنجام دراو 36 بیریان هەڵکەند.
دوای ئەوەی نەوتی ئێڕاق لە دەستی ئینگلیزەکان دەرچوو و کەوتە دەستی حکومەتی ئێڕاقەوە ئەوەبوو لەنێوان سالانى 1976-1986 هەڵکەندنی بیر بەردەوام بوو تا ژمارەیان گەیشتە 90 بیر. یەدەگی نەوت لەم کێڵگەیەدا 807 ملیۆن بەرمیلە.
کێڵگەی گەیارە ئەکەوێتە دووری 65 کم لە باشووری شاری موسڵەوە. درێژیەکەی 15کم پانیەکەی 3.5کم. ڕووباری دیجلە کێڵگەکەی دوولەت کردووە بەشی زۆری دەکەوێتە ڕۆژاوای ڕووبارەکەوە.
کێڵگەی نەجمە: دەکەوێتە دووری 50کم لە باشووری شاری موسڵەوە 15کم لە ڕۆژ ئاوای شاری گەیارەوە. کۆمپانیای نەوتی بەریتانی لە ساڵانی نێوان 1934-1938 توانیان 22 بیری تیادا هەڵبکەنن. لە ساڵی 1960 کۆمپانیایەکی ئینگلیزی ڕوپێوی کرد و لە ساڵی 1977 کۆمپانیایەکی بولگاری دووبارەی کردەوە.
بەپێ توێژینەوەیەکی وەزارەتی نەوتی ئێڕاقی لە ساڵی 1984 دەرکەوتووە کە یەدەگی نەوتی ئەو کێڵگەیە نزیکە 2 ملیار بەرمیل دەبێت. درێژی کێڵگەکە 11کم پانێکەشی 4.5کم ژمارەی بیرەکانیشی 30 بیرە. لە دوای پڕۆسەی ئازادیەوە هیچ بیرێک لەم 2 کێڵگەیە لێنەدراوە، لە قۆناغی دووەمی مۆڵەتدان دا هەردوو کێڵگەکە دران بە کۆمپانیای (سۆناى گول)ى مەنگۆلی. بەپێ ڕێکەوتنەکەی نێوان حکومەتی ئێڕاق و ئەو کۆمپانیایە پێویستە ڕادەی بەرهەم هێنانی نەوت بگەینرێتە 120 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرانبەر وەرکرتنی 5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین نرخی وەرگرتنی قازانج بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک لەم کێڵگەیە لە هەموو کێڵگەکانی تر زیاترە ئەویش بەهۆی قورسی نەوتەکەوە کە تێچونێکی زۆری دەوێت بۆ دەرکردنی چونکە لە نەوتی قورس دا بیرەکان پەستانیان زۆر کەمە و پێویستی بە تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتوو هەیە بۆ بەرهەم هێنانی. بریاریشە لەم مانگەوە 4ی 2011 دەست بە هەڵکەندنی بیر بکرێت، هەروەها ئەو کۆمپانیا ئەنگۆلیە بە نووسراو داوا لە وەزارەتى نەوتى ئێڕاق کردووە خول بۆ کارمەندە ئێڕاقیەکان لە بوارە جیاجیاکانی نەوتدا بکاتەوە. [1]