پڕۆفیسۆر دانا خدر مەولوود
بەشی دووەم و کۆتایی
پێشەکی
لەم ماوەیەی دواییدا بەهۆی کەمیی ڕێژەی باران بارین، بابەتی ئاو بووەتە جێی قسە و باسی میدیاکان لە هەرێمی کورستاندا، هەروەها بوو بە کێشەیەکی دیار کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و جەختی لێ دەکرێتەوە. لەسەرەتاوە پێویستە باس لەوە بکرێت کە ئەگەر لە ساڵێکدا باران نەبارێت، یان لافاو ڕووبدات، ناکرێت کێشەکە گەورە بکرێت، ئەگەر سیستەمێکی تۆکمە و زانستیی پێشوەختە لە ئارادا هەبێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیە بۆ کەمتەرخەمی لە سیاسەت و پاراستنی ستراتیژیی ئاو لە هەرێمی کوردستان و هەموو ئێڕاقدا، چونکە تاکو ئێستا هیچ پلانێکی درێژخایەن بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێم و ئێڕاق دانەنراوە، لە هەمان کاتدا دانانی پلانێکی تۆکمە و پێشوەخت پێویستە بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکرێت. ئەو دیراسەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باسی ئاوی حەوزەکانی هەولێر دەکات، تیایدا ڕەوشی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو نیشان دەدات.
حەوزی کەپران: ئەم حەوزە دەکەوێتە بەشی باکوور بە ڕووبەری (915 کم2)، بە گوێرەی داتای ئەو بیرانەی کە لەو ناوچەیەدا وەرگیراون، پێکهاتەی جیۆلۆجییەکەی بریتییە لە چینەکانی (Gravel) و (coarse and medium sand silt، conglomerate and clay bed) . و داتاکان ئەوە نیشان دەدەن کە (specific yield ) ی ئەم چینە دەکاتە (0. 26) . وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جەخت لەسەر توێژینەوەیەک دەکاتەوە کە لەلایەن سەنتەری فورات کراوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی بیری هەڵکەندراو نابێت لە (225) بیر زیاتر بێت لە هەموو حەوزەکەدا، ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی بیری هەڵکەندراو دەگاتە (2، 554) .
حەوزی ناوەند: ئەم حەوزە ڕووبەرەکەی پێک دێت لە (1، 400 کم2) ، بە گوێرەی داتای ئەو بیرانەی کە لەو ناوچەیەدا وەرگیراون، پێکهاتەی جیۆلۆجیەکەی بریتییە لە چینەکانی (Gravel) و (coarse and medium sand silt، conglomerate and clay bed) . و داتاکان دەیسەلمێنن کە (specific yield ) ی ئەم چینە دەکاتە (0. 244) . بە گوێرەی دیراسەی ئاماژەپێکراو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ژمارەی بیری هەڵکەندراو نابێت لە (738) بیر زیاتر بێت لەو حەوزەدا، کەچی لە ئێستادا دەگاتە (4، 257) بیر لەو حەوزەدا .
حەوزی باشتەپە: ئەم حەوزە ڕووبەرەکەی دەگاتە (885 کم2) ، کە پێکهاتەی جیۆلۆجییەکەی بریتییە لە چینەکانی (Gravel) و (coarse and medium sand silt، conglomerate and clay bed) . وە داتاکان دەیسەلمێنن ک (specific yield ) ی ئەم چینە دەکاتە (0. 225) . هەمان توێژینەوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشنیاری (500) بیر زیاتر دەکات لەو حەوزەدا، لە ئێستادا ژمارەی بیرەکان دەگاتە (583) بیر . واتە (83) بیر زیاترە لە ستاندەر.
داتای باران
باران بە یەکێک لە گرینگترین دیاردەکانی کەشوهەوا دادەنرێت، کە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە (590مم/ساڵ) لە هەولێر، تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە (420-400-390) ملم/ساڵ، لە هەر سێ حەوزی باکوور و ناوەڕاست و باشوور بە پێوەر دادەنرێن.
بە گوێرەی ڕێژەی بارانبارین بڕی ئەو ئاوەی دەچێتە ئاوی عەمباری ژێرزەوی و ئەو بڕەی بۆ بەکارهێنان لە بیرەکان دەردەچێت، لە خشتەی خوارەوە پیشان دراوە:
ناوی حەوزەکان
ڕووبەر (کم2)
بڕی ئەو ئاوەی کە دەچێتە ناو حەوزەکان (م)
بڕی ئاوی دەرهێنراو (م)
ناوی حەوزەکان
کەپران
915
2. 76
1. 62
1. 14
ناوەند
1400
2. 23
1. 64
0. 59
باشتەپە
885
0. 66
1. 73
-1. 07
کۆی گشتی
0. 66
تێکڕا
0. 22
ئەنجامەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بە گشتی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە حەوزەکانی هەولێر زۆر دابەزیوە، حەوزی کەپران ئاستی ئاوی ژێرزەوی تێیدا (1. 14م) ە لە ساڵیکدا دادەبەزێت، لە کاتێکدا ئاستی دابەزینی ئاو لە حەوزی ناوەند لە دەوروبەری (0. 59م) ە. تەنیا لە حەوزی باشتەپە ئەنجامەکان پێچەوانە دەبینرێن کە نزیکەی یەک مەتر زیاد دەبێت لە ساڵێکدا. ئەنجامەکان پەیوەندی بە ژمارەی بیرەکانەوە هەیە لە هەریەک لە حەوزەکان، هەروەها چالاکییەکانی کشتوکاڵ و چڕیی دانیشتووان، لە گەڵ ئەوەشدا تێکڕای کەمبوونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی نزیکەی (0. 22م) ە لە ساڵێکدا، کە ئەمەش زەنگ و مەترسییە بۆ وشکەساڵی لە داهاتوودا.
چەند خاڵیکی گرینک بۆ پاراستنی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی:
- بەڕێوەبردنی aquifer recharge
- بەکارهێنانی ئاوی ڕیسایکلینگ و ئاوی سەرزەوی.
- دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی ئاوی ژێر زەوی و پێشبینیکردنی بڕی ئاوی پێویست.
- بەکارهێنانی سووڕی هایدرۆلۆجی و پڕۆسە سرووشتییەکان لە بەڕێوەبردنی ئاوی ژێر زەویدا.
- هەڵسەنگاندنەوەی بەڕێوەبردنی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی بنەڕەتی.
- کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو لە کاتی عەمبارکردن و گواستنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
- کارکردن بە یاسا و ڕێساکان، ڕێکخستن و هاندانی بە کارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام و زانستی.
- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی مانەوە و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی.
- پێوانەکردنی بەکارهێنانی ئاو و ئاستی ئاو، کە ئەمانە پێکهاتەی گرینگن.
- زانین و بەڕێوەبردنی شوێنی عەمبارکردنی ئاو (aquifer) وەکو پێکهاتەی شلۆق.
- زیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ کۆکردنەوەی داتای ئاوی ژێر زەوی، کە زۆر پێویستە حکومەت و لایەنی دەسەڵاتدار پێی هەستن، بەگوێرەی ئاوی ژێر زەوی و پڕۆفیشناڵە تایبەتمەندەکانی وڵات.
- زۆر پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە کۆکردنەوەی داتای کوالێتی ئاوی ژێر زەوی بکات، نەخشەکان و هەوڵدان بۆ توێژینەوی زانستی کە بە هەمان شێوە گرنگن.
- پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پیسبوون و چارەسەرکردنی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، بە گشتی و بە تایبەتی.
- ڕاستکردنەوەی کۆد و یاساکان و کارپێکردنی نرخی کاریگەر لەسەر بەردەوامیی بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی دروست.
- بەکارهێنانی ڕێگای نوێ بۆ دەرهێنانی ئاو و چاککردنەوەی بیرەکان، وەک بەکارهێنانی پەمپی مۆدێرن و بەکارهێنانی بیرەکان بە شێوەی گونجاو و ئامێرەکانی تێستی ئاو، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای خاوێنکردنەوەی CO2 کە لە ناو بیرەکاندا هەیە و، بۆ خاوێنکردنەوەی بیرەکان بە کاردێت، کە ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمی ئاوی بیر و زیادکرنی توانستی بیرەکانە.
ئاوی ژێر زەوی بە سەرچاوەیەکی ستراتیژیی ئاو دادەنرێت، بەهۆی بەرزیی کوالێتییەکەی و بەردەوام هەبوونی، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبردنی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی دروست، ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت لە بەکارهێنانی ئاو لەسەرتاسەری جیهان. ئاوی پارێزگای هەولێر بە شێوەیەکی سەرەکی، بەندە بە ئاوی ژێرزەوی، لە بەرئەوەی تەنیا سەرچاوەیە بۆ بەکارهێنان، گەشەسەندنی خێرای شارەکە و دەرهێنانی بەردەوامی ئاوی ژێر زەوی لە عەمبارەکان، لە ئەکویفەر و بوونی زیاتر لە سێ هەزار بیر و نەبوونی یاسای پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، ئەم بوارە دەخاتە مەترسییەوە، کەمیی هۆشیاریی خەڵک و نەبوونی دەزگایەکی پەیوەندیدار، کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کەمبوونی ئاستی ئاوی ژێر زەوی. ئەنجامەکان ئەوە نیشان دەدەن کە کەمبوونی ئاستی ئاوی ژێر زەوی ساڵانە نزیکەی (0. 22م) دادەبەزێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە فەرامۆشکردنی بەرپرسیارێتیی بەکارهێنانی ئاو و سەرچاوەکانی، دەبێتە هۆی وشکەساڵی و کارەسات لە داهاتوویەکی نزیکدا و، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و کشتوکاڵ و ژینگە دروست دەکات.
چۆنێتیی چارەسەرکردنی بەڕێوەبرنی ئاو لە شاری هەولێر لە ڕێگەی دیاریکردنی لە ڕووی گرینگییەوە :
ئاستی زەویی هەولێر بەراورد بە ئاستی شوێنە جوگرافییەکانی دەورووبەری نزمترە، کە حکومەت دەتوانێت سەرچاوەکانی ئاو ڕێک بخات، بە دانانی پلانی ستراتیژی کە تیایدا دەتوانێت هەل بقۆزیتەوە لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە بەرزەکان بۆ گلدانەوەی ئاو لە وەرزەکانی لافاو و باران و گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچە نزمەکان لە وەرزی هاویندا، بەبێ پێویستکردن بە دانانی پەمپ و تێچووی زۆر، بەم شێوەیە دەکرێت چارەسەری کێشەی کەم ئاوی بکەن لە هەولێر، بە هەمان شێوە بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە کرداری گلدانەوە و گواستنەوە.
مانای وشەی «گلدانەوە» دروستکردنی خەزان و پۆند و بەربەستە لە کاتی لافاودا، بەڵام «گواستنەوە» واتە گەشەسەندنی هۆکارەکانی گواستنەوە بۆ شارەکان بە شێوەیەکی گونجاو، بە بێ پێویستی بە پەمپ لە وەرزی هاویندا.
پێشنیارەکان:
بە مەبەستی چارەسەرکردن و بەرەوپێشبردنی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی، پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن:
• پێویستە پێش ئەنجامدانی تێسی بیر (well testing) تێست (Step drawdown test) ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی دۆزینەوی توانست و تەمەنی بیر بە شێوەیەکی زانستی.
• پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار کۆنتڕۆڵی بیری نایاسایی بکرێت، بە شێوەیەک کە نەهێڵدرێت بیری زیاد لێ بدرێت، تەنیا ئەگەر بە شێوەی زانستی ڕێگەی پێ بدرێت و دیراسەی بۆ بکرێت.
• پێویستە تێستەکانی بیر بە شێوازی ستاندەر و زانستی بکرێت و هەڵبکەندرێن.
• سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی پێویستی بە بەڕێوەبردن هەیە، بۆ مانەوەی بە بەردەوامی و بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
• سەبارەت بە داتای وەرگیراوی تێستەکان، تەنیا ئەرشیف دەکرێن، بە بێ ئەوەی شیکردنەوەی بۆ بکرێت، لە کاتێکدا ئەگەر شیکردنەوەی بۆ بکرێت، بارودۆخی بیرەکان دەزانرێت و توانای خەزنکردنی ئاو لە بیرەکانیش دەزانرێت، بەمەش بیرەکان لە وشکبوون دەپارێزێت.
• پێویستە ئامێری پێشکەوتوو و گونجاو لە کاتی ئەنجامدانی تێسی بیر (well testing) بە کاربهێنرێن.
• پێویستە بەردەوام چاودێریی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بکرێت، لە بیری چاودێریی تایبەت بە ئاستی ئاو، نەک لە بیری بەرهەمهێنانەوە چاودێری بکرێت، چونکە لە بیری بەرهەمهێنانی ئاودا بەفیڕۆچوونی ئاو هەیە، بەهۆی کەیسینگ (well casing) و ساوندەر (sounder) بە ئامێری ترومپا دەئاڵێت و داتای ڕاستەقینە بە دەست ناکەوێت.
• هەروەها بەکارهێنانی زانستی پێشکەوتووی (modern isotope) بۆ حەوزەکانی هەولێر، بە تایبەت بۆ دیاریکردنی بڕی ئاو و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئاو، بە تایبەتیش سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی و ئاراستەی کاتی مانەوەی ئاو لە ناو چینەکانی ئاوی ژێر زەویدا
ئەندامی بۆردی زانکۆی کوردستان- هەولێر
سەرۆکی بەشی شارستانی/کۆلێژی ئەندازیاری/ زانکۆی سەڵاحەددین. [1]