لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت. ئەمەش خواستی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و درووستکردنی دوودڵی لەناویاندا نەزانیووە.
ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بوونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دوورکەوتنەوە. ئاشکراشە بژاردەی سەرەکی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەکڕیزی بووە و بە هەموو شێوەیەک دژی ناکۆکی و دووبەرەکی وەستاوینەتەوە. یەکێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات. سیاسەت بۆ ئێمە بریتی بووە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم ڕێڕەوە مێژووییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین. دەرگامان بۆ هەموو هێز و لایەنێک کراوەیە کە دەیەوێت بە ڕۆحێکی کوردانە و دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی کار بۆ چارەسەرکردنی بنچینەیی کێشەکان بکات و خزمەتی هاووڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی.
دەبێت هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبێت و پێکەوە لەپێناو کوردستان و خەڵکەکەی خەبات بکەین. پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرانبەر خاک و خەڵکەکەمان لەسەر شانە. دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەم شێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات. خەڵک، هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن. درووستکردنی پشێووی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆکارێک نەبووە بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک، بەڵکوو ئامڕازێک بووە بۆ نائومێدکردنیان لە کۆی هێزە سیاسییەکان و پڕۆسەی حوکمڕانی لە وڵاتدا. [1]
#بافڵ تاڵەبانی#
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان