ناو: ئەمیر
نازناو: شەهید کاکۆ
ناوی باوک: عاز عەزیز مەمەحمود
ساڵی لەدایکبوون: 1937
ساڵی شەهیدبوون: #13-08-1983#
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #مەخموور#
شوێنی شەهیدبوون: چیای #قەندیل#
$ژیاننامە$
ئەمیر عاز عەزیز مەحمود، ناسراو بە (شەهید کاکۆ) ، لە ساڵی 1937 لە شارۆچکەی (مەخمور) لەدایکبووە، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، لە پێشمەرگایەتیدا بەرپرسى مەفرەزەى بارەگاى بارزانى بووە و دواتر بووەتە فەرماندەى هێز، لە ڕێکەوتی 13-08-1983 لە چیای قەندیل شەهید بووە.
ئەمیر عاز عەزیز مەحمود لە ساڵی 1937 لە شارۆچکەی (مەخمور) لە دایکبووە. ئاستی خوێندەواری سەرەتایی بووە، لەگەڵ کوڕێکی بە ناوی (#سەردار ئەمیر عاز عەزیز#) بە یەکەوە شەهید دەبن. خێزانی ناوی (مەیاس حەمەد) ە و کوڕەکانی ناویان (سالار، فەرهاد، سەردار) و کچەکانی (چنار، بێخاڵ، مەهاباد) ە.
$خەباتنامە$
لە ساڵی 1958 برایەکی ناوبراو بە ناوی (مەلا غەریب) هێزێکی سەربەخۆ درووست دەکات لە خزم و کەسانی نزیکی خۆیان کە ژمارەیان 17 کەس دەبێت و دەچنە پێشوازی گەڕانەوەی سەرۆک #مستەفا بارزانى# بۆ کوردستان. هەر دوابەدوای ئەوە، لە مانگی یەکی ساڵی 1960 دەچنە چیای قەرەچوغ. بەهۆی چالاکبوونیان لە ساڵی 1966 دەبێتە فەرماندەی مەفرەزەی بارەگای بارزانی و لە شارەکانی (#بەغدا#، #موسڵ#، #کەرکووک#، #هەولێر#، #دهۆک#) و چەند شارێکی تریش چالاکی ئەنجام دەدات.
لە ساڵی 1969 هەواڵی پێدەگات کە بازگەیەکی ڕژێمی بەعس لە ڕێگەی کەرکووک زۆر ڕێگری لە هاتوچۆی هێزی پێشمەرگە دەکات، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک دەچن و بازگەکە تێکدەشکێنن، بەڵام جاشى سەر بە ڕژێمى بەعس لە پشتەوە لێیان دەدەن و ناچاری پاشەکشەیان دەکەن و دێنەوە ناو گۆڕستانی شێخەڵای هەولێر، چواردەوریان دەگیرێت، بەڵام ناوبراو قارەمانانە خۆی و هاوڕێیەکی دەرباز دەکات و دەچنە ماڵەکانی ناو بازار، دواتر لە ڕێگەی کەسێکەوە داوای هاوکاری فیشەک و دەربازکردن لە کەسێک دەکات، بەڵام ئەو لەباتى هاوکاریکردن، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ڕێکدەکەوێت و دەیانباتە بازگەی شەقڵاوە و لەوێ ڕادەستیان دەکات. دەستگیردەکرێت و لە زیندان دەبێت تا لێبوردنی بەیاننامەی 11ئازار، بەڵام لە لێبوردنە گشتیەکە ناوبراو ئازاد نابێت، تا دواتر مەلا غەریبی برای دەچێتە لای جەنابی بارزانی و پێی دەڵێت کە کاکۆ ئازادنەکراوە، ئەویش نامەیەکی تایبەت بۆ جێگری سەرۆک کۆماری ئێراق دەنێرێت بە وەڤدی گفتوگۆدا کە دەچنە بەغدا. دواتر بە فەرمانی جێگری سەرۆک کۆمار ئازاد دەکرێت.
دوای ئازادبوون و گەڕانەوەى بەڵێن دەدات کە تۆڵەی ئەو کارە لە سمکۆ بکاتەوە، تا یەک مانگ لەدوای ئازادبوونی جەنابی سەرۆک مستەفا بارزانی نامەیەکى بە فەرەنسۆ هەریری بۆ دەنێرێت و لە نامەکەدا دەفەرموێت (کاکۆ کوڕم من لە هەموو جاش و خۆفرۆشەکان خۆشبووم، تۆ ناتوانی لە یەک کەس خۆشببیت) لە هەمانکاتدا کاک فەرەنسۆ دەڵێت سمکۆ لەناو سەیارەکەی منە و لەبەر دەرگای خۆتە چی لێدەکەیت هەقی خۆتە، بەم شێوەیە کاکۆ لە سمکۆ خۆشدەبێت و دوای دوو ڕۆژ دەچێتە خزمەت بارزانی لەگەڵالە و دەستدەکاتەوە بە کارەکانی خۆی لە بارەگای بارزانی، تا لە ساڵی 1974 ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت.
لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 1977 کاک #ئیدریس بارزانى# نامەیەکی بۆ دەنێرێت و ڕایدەسپێرێت بۆ ئامادەکردنی هەر کەسیک کە دەیەوێت ببێت بە پێشمەرگە و بچێتەوە سەر سنوور، بۆیە کاکۆ لە تاران بارەگایەکی نهێنی درووست دەکات و هەرکەس بیەوێت بگەڕێتەوە کەلوپەلی بۆ ئامادەکات کە کە بریتین لە (عەقیبە، مەتارە، قەمە، پلیتی سەیارە، وشەی نهێنی) و هەر داواکارییەکی تریان هەبێت، بەم شێوازە لە تاران ڕەوانەی ڕەزایەیان دەکردن و لەوێشەوە بۆ سەر سنوور.
ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا ساڵی 1979 دوای کودەتای شۆڕشى ئیسلامى دەگەڕێتەوە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و کار بۆ ڕێکخستنی کۆنگرەی نۆیەمی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەکەن.
لە ساڵێ 1981 دەگەڕێتەوە سەر سنوور و ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکاتەوە. لە ساڵی 1982 مەلا غەریبی برای کە فەرماندی هێز دەبێت کۆچی دوای دەکات و کاکۆ لە جێگەی ئەو دەکرێتە فەرماندی هێز. لە سالی 1983 هێزەکەی دەبات و دەچێتە گوندی لێوژە، دەبینێت پێگەیەکى گرنگ هەیە لە بەرزایی چیای قەندیل و پشت هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت بڕواتە ئەوێ، لە ڕێکەوتى 13-08-1983 هێزێکی زۆری دوژمن بە چاوساغیی خەڵکی دەڤەرەکە دێنە سەر بارەگایەکەیان و تووشی شەڕێکی دەستەو یەخەی قوڕس دەبن کە هێزەکەى ئەو پێکهاتبوون لە 20 پێشمەرگەی هێزەکەی و 8 پێشمەرگەی لقی #زاخۆ#، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕکردن کاکۆ شەهید دەبێت و کاریگەریەکی زۆری لەسەر تەواوی هێزەکەی دەبێت و سەرداری کوڕی ناوەستێت تا لە تەنیشت شەهید کاکۆی باوکی شەهید دەبێت، دواتر هەر یەک لە (کەمال، جەمال، قادر، مامەند) شەهید دەبن. دواتر هێزە 8 کەسیەکەی لقی زاخۆ دەکەونە بۆسەی دوژمن و هەر 8 کەسەکە بە زیندووێتی گولە باران دەکرێن.
دوژمن تەرمی شەهید کاکۆ بە پشتوێنەکەی خۆیەوە لە دارێک دەبەستن و بە کەندێکی بەرزەوە شۆری دەکەنەوە، ئەوکات چەند ناسراوێکی خۆی دەچن تەرمەکەی هەر لەوشوێنە بە خاک دەسپێرن و لە ساڵی 1993 کوڕێکی بە ناوی سالار دەچێت و تەرمى ئەو و پێشمەرگە شەهیدەکانى دیکە دەهێنێتەوە. [1]