ناونیشانی بابەت:ئایینی جوو و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#دا/ بەشی یانزەیەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$مەزارگەی نەبی عوزێر$
عوزێر یەکێک لە پەیامبەرەکانی جووە، کە بە چیرۆکە سەیروسەمەرەکەی بەناوبانگە. چیرۆکی پەیامبەر عوزێر لەوەوە دەست پێدەکات، کە ئەم پەیامبەرە لە کاتی گەڕانەوەی لە سەفەرێک لەنزیک ماڵەکەی، بۆ خەوێکی قووڵ دەڕوات و بە گوتەی خەڵک و ئایەتە پیرۆزەکان، ئەم خەوە نزیکەی سەدەیەک، واتا سەد ساڵێکی پێدەچێت و دواتر، کە لە خەو هەڵدەستێت، لەگەڵ خەڵکی گوندەکەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و دەپرسێت، ئایا ئێوە عوزێر دەناسن؟ خەڵکیش لە وەڵامیدا دەڵێن بەڵێ، بەڵام ئەو ماوەی سەد ساڵە مردووە. دواتر عوزێر لەلایەن خواوەندەوە دەکرێتە پەیامبەر و دەبێتە ڕێبەری گەلەکەی.
سەبارەت بە شوێنی مەزارگەی ئەم پەیامهێنە، دوو بووچوون هەیە:
یەکیان ئەوەیە، کە مەزارگەی ئەم پەیامبەرە دەکەوێتە شاری عەمارە لە باشووری ئێراق، کە ئێستاش وەک مزگەوت و شوێنی ئایینی بەکار دێت و خەڵک سەردانی دەکەن.
لەناو مەزارگەکەدا بەشێک هەیە، کە چەندین پارچە لەوحەی لێیە بە ڕەنگی ڕەش، کە بە زمانی عیبری لەسەریان نووسراوە، کە دیارە باسی مێژووی درووستبوونی ئەم شوێنە و چیرۆکی نەبی عوزێر دەکات. بابەتی سەرنجڕاکێشی ئەم شوێنە ئایینییە ئەوەیە کە هێشتا بەشێک لە دیوار و دینگە کۆنەکانی، کە بۆ یەکەمین جار بۆ ئەم مەزارگەیە درووست کراون، وەک خۆی و لە شوێنی خۆی ماونەتەوە و ئەوانەی، کە ڕووخاون، بە کەرەستەی نوێ نۆژەن کراونەتەوە.
دووەم شوێن، کە خەڵک پێی وایە مەزارگەی نەبی عوزێرە، مەزارگەیەکە لەنزیک بازاڕی ناوەندی #هەولێر#، کە تەنیا چەن کیلۆمەترێک لە قەڵای هەولێرەوە دوورە.
مەزارگەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکی خانوویەکی کۆنە، کە لەناو خانووەکە مەزارێکی تێدایە، کە بە ئەلەمنیۆم موحەجەرەی بۆ درووست کراوە، کە خەڵک پێیان وایە ئەمە مەزاری نەبی عوزێرە، بەشی دووەمی ئەم مەزارگەیە گۆڕستانێکی کۆنە، کە بە ڕووبەرێکی بچووک درووست کراوە.
$مەزارگەی نەبی دانیال لە کەرکووک$
دانیال یەکێکە لە چوار پەیامهێنە گەورەکەی ئایینی یەهوود، کە لە سەدەی 7ی پێش زایین لەدایک بووە و لە سەدەی 6ی پێش لەدایکبوونی عیسا لە بابل کۆچی دوایی کردووە.
مەزارگەی نەبی دانیالیش هەر وەک مەزارگەی زۆربەی پەیامهێنەکانی ئایینی یەهوود، ڕای جیاواز و ناڕوونی لەسەرە و هەر نەتەوەیەک لە شوێنێک مەزارگەیەکی دیاری کردووە و بە شوێنی پیرۆزی دادەنێت، سەبارەت بە مەزارگەی (نەبی دانیال) ، یەکێک لەو شوێنانەی وەک مەزارگەی ئەم پەیامبەرە دیاری کراوە، مەزارگەیەکە لە کەرکووک.
مزگەوتی نەبی دانیال لە #قەڵای کەرکووک# لەسەر شوێنەواری گۆڕی نەبی دانیال درووست بووە، کە بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، ئەم مزگەوتە یەکەم جار کەنیشتێکی ئایینی جوو بووە، دواتر کراوە بە کڵێسە و لەپاش هاتنی ئایینی ئیسلام و نۆژەنکردنەوەی، وەک مزگەوت بەکار دێت.
لەم مزگەوتەدا سێ مەزارگە هەیە، کە پێدەچێت سێ گۆڕەکە هی پەیامهێنەکانی ئایینی جوو (دانیال) ، (حەنین) ، (عوزیر) بن.
ئەمانەی لێرە باسمان کردووە. تەنیا بەشێک بوون لەو شوێنەوار و شوێنە کەلەپوورییانەی، کە سەلمێنەری هەبوونی ئایینی جوو و پەیڕەوانی تایبەتی ئەو ئایینەیە لە کوردستان. کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافی و مێژووە دێرینەکەی، کە وەک لانکەی مرۆڤایەتییە، شوێنێکی لەبار و گونجاو بووە بۆ سەرهەڵدان و هەروەها گەشەکردنی ئایینە جیاوازەکان، بۆیە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستای کوردستان، بابەتی پێکەوەژیان بابەتێکی نوێ نییە، بگرە بنچینەیەکی مێژوویی هەیە.[1]