#دەلال زاخۆیی#، هونەرمەندێکی خەڵکی شاری $زاخۆ$ی باشووری کوردستانە و چەند ساڵێکە لە ئەڵمانیا دەژی، بەڵام دەڵێت: ژیان بۆ هونەرمەندان لە ئەوروپا زۆر قورسە.
دەلال زاخۆیی ماوەی چەند ساڵێکە هیچ بەرهەمێکی هونەری نییە و لە دیمانەیکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو ڕایگەیاند، هۆکاری نەبوونی بەرهەمی هونەری لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی نەڕەخساندنی دەرفەتی کات و هەروەها گرانیی خەرجیی کاری هونەرییە لە ئەوروپا و، وتی، ژیان بۆ هونەرمەندان لە ئەوروپا زۆرزۆر قورسە، بۆ نموونە درووستکردنی کلیپێک یان تۆمارکردنی گۆرانییەک پارەیەکی زۆری تێدەچێت و ئێمەش ناتوانین دابینی بکەین.
ئەو هونەرمەندە کوردە ڕایگەیاند، ئەوروپا وەک #کوردستان# نییە کە هاوڕێ و دۆست و ڕاگەیاندنەکان هاوکاریت بکەن، لێرە هەموو شتێک بە پارە ئەنجامدەدرێت، بۆ نموونە ئێستا 2023 چەند گۆرانییەکم ئامادەن، بەڵام بەهۆی زۆریی خەرجییەوە ناتوانم تۆماریان بکەم.
دەلال زاخۆیی باسی دەستپێکی ژیانی هونەری خۆی کرد و وتی، لە تەمەنی 13 ساڵی فێری ئامێری ساز بووم و تاوەکو ساڵی 1998 ئامێری سازم ژەنی، دواتر هاوڕێکانم بە مامۆستا سەمیر زاخۆییان گوت کە سەرپەرشتی ئەو تیپی میوزیکە بوو کە من کارم تێدا دەکرد کە داوام لێبکات و هاوکاریم بکات بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم، هەرچەندە من حەزم نەدەکرد گۆرانی بڵێم و پێموابوو دەنگم گونجاو نییە، بەڵام مامۆستا سەمیر زاخۆیی سوور بوو لەسەر ئەوەی گۆرانی بڵێم و ئیتر لە ساڵی 2010 یەکەم گۆرانیم تۆمارکرد.
دەلال زاخۆیی لە ساڵی 2010ەوە تاوەکو ساڵی 2016 شەش گۆرانی تۆمارکردووە لەگەڵ چەند کلیپێک، بەڵام دوای ئەوەی لە 2016 دەچێتە ئەوروپا و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت، لەو کاتەوە هیچ گۆرانی و کلیپێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە.[1]