$حەقیقەتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەگوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکان و لە ساڵی 1915 لەکاتی ڕاپەڕینی ئەرمەنەکان بۆ داخوازییەکانیان کۆمەڵەکانی ئیتیحادو تەررەقی، دەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتە پڕ دەکەن کە گوایە ڕوسەکان بە حوکمی نزیکی ئایینیی لێیانەوە کە هەردوولایان کریستیانی ئۆرتۆدۆکسن ئەرمەنەکان دنە دەدەن بۆ ڕوخاندنی دەوڵەت و خەلافەتی عوسمانی و حوکمی خەلیفەی موسوڵمانان، عوسمانییەکانیش لەبەرانبەردا قەتڵوعامیان دەکەن.
عوسمانییەکان دوجار تاوانبارن، یەک لەبەر ئەوەی دەکەونە ژێر هەژمونی کۆمەڵێک شەبقەبەسەر و سەرسەری و فەرەنگیی نامۆ بە گەلانی ئانادۆڵی وەک ئیتیحادو تەررەقیی و حوکمی مەشروتەوە، دوو لەبەر ئەوەی بێڕەحمانە ئەو کۆمەڵکوژییە بەسەر ئەرمەنەکان دەهێنن بەبێ خوێندنەوەی منداڵ و گەورە.
زۆرینەی ئەرمەنەکانی شاری ئەرزڕۆم بە شایەتی کورد و تورکەکانی ئەو شارە دەستیان دابوویە ڕاو و ڕووت و کوشتنی بە نامافی میللەتانی دیکەی ئەو شارە، دەوترێت تەنانەت سڵیان لە سەربڕینی منداڵی نێو بێشکە و لانکەش نەکردۆتەوە، ئارنۆڵد توینەبی لە پەڕتووکەکەیدا جینۆسایدی ئەرمەن لە زاری چەند شایەدحاڵێکەوە شە کەمیی ئاماژە بۆ ئەم باسە دەکات. هەرچەندە ئەم تاوانەی ئەرمەنییەکانی ئەرزڕۆم ناکاتە ئەوەی ئەرمەنییەکانی ئاماسیا و ئیزمیت باجەکەی بە جینۆساید بدەن و ڕابگوازرێن و جەللادانە سەتان هەزاریان لێ سەرببڕدرێت بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەبێت پرسە مێژووییەکان دوور لە دەغدەغەو سیاسەت و ئایدۆلۆژیای دەوڵەت و گرووپەکان هەڵاوێرد بکرێن.
مێژوو بە مانا ئەدەبییەکەی بریتییە لەگەڕان بە دوای مانادا، بە مانا سیاسییەکەی بریتییە لە گەڕان بەدوای هێزدا، بەڵام بە مانا ئایدۆلۆژییەکەی مانایەک وجودی نامێنێت تا بە شوێنیدا بگەڕێت، ئەوەی هەیە ونکردنی مافیقەتە و بەس. لە مسەلەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان پێچەوانەی هۆڵۆکۆست ئەوەندەی حیقد وئایدۆلۆژیا و وەلائی دینی و مەزهەبی سەنتەر بووە ئەوەندە ئینسان و مافیقەتی مێژوویی سەنتەر نییە. چ تورکیاو چ ئەرمینیا و چ ئەو وڵاتانەشی مەسەلەکەیان بە جینۆساید ناساندووە نایانەوێ لێکۆڵینەوەی مێژوویی بکرێت و تاوانبارانی ئەو مێژووە ڕەشە بناسێندرێن، هەریەکەیان بە بیانوویەک خۆی لێ لادەدا دژی ئەوی دیکە.
ئێستاش هەمان شت بەرانبەر کورد بە گشتی و کوردانی سووریا بە تایبەتی دەگوزەرێت، ئاردۆگان ئیتیحادوتەررەقی جاران دەڵێت کوردانی ڕۆژاوا دەیانەوێت بە فیتی ئامریکا تورکیای نوێ بڕوخێنن. هەر ئەمشەو لە خوانی ئیفتارێکدا ناڕاستەوخۆ هێمای بۆ سڕینەوەی ئیتنی کورد و حوکمەتەکانیانی دەکرد لە سووریا و ئێراقدا.
ئەوەی شیاوی باسکردنە ئەمشەو هەدەپە داوای لە هەردوولاکرد تورکیا و ئەرمینیا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و لە ڕێگەی ڕاستییە مێژووییەکان و مێژوونووسەکانیانەوە ئەو بابەتە بخەن بەلایەکدا، هەرچی بەرەی دەرەوەی هەدەپە هەیە لە ئۆپۆزسیۆن جەهەپە، پارتی چاکەی مەرال ئاکشەنەر، پارتی دەڤای عەلی باباجان، پارتی داهاتووی داودئۆغڵو، پارتی سەعادەت و لەلایەنگرانی ئاکەپە مەهەپەی دەوڵەت باخچەلی و دۆغوپەرینچەک پشتگیریی خۆین بۆ ئاردۆگان ڕاگەیاندووە لە ڕەتکردنەوە ناساندنەکەی جۆوبایدن.
ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش بە باش و جاشیانەوە وەک ئەوەی لای خۆمان وان، بەیەک تیلەچاو دەچنەوە سەر کانییەکەی مەرجەعی باڵا کە ئاردۆگانە و ئاویش نادرێن، بۆیە هەرگیز نابن بە ئەڵتەرناتیڤی حوکمی ئاردۆگان. کە باسی چارەسەری کێشەی کورد دەکەن لە تورکیا بزانە لە درۆیەکی سیاسیی زیاتر ناکەن، چونکە ئەمانە لە ناوەرۆکدا سەر بە مەرجەعی باڵان و لە دوکاندار و مونافیقی سیاسیی زیاتر نین. [1]