$تیرەکەت لەکوێ بەر زەوی دەکەوێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
حەوتسەد و پەنجا ساڵ پێش ئێستا مەولانا جەلالەدینی بەڵخی لە پەڕتووکی شەشەمی مەسنەوییەکەیدا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش دەنووسێت لەبارەی کەسێکەوە کە لە خەودا پێی گوتراوە لە فڵانە جێگا گەنجێکی پڕ لە زێڕ هەیە، گەر دەتەوێت بەدەستی بهێنیت بڕۆ ئەو جێگایە، ڕوو بکەرە قیبلە، تیرێک بخە نێو کەوانەکەتەوە، لە کوێدا تیرەکەکە بەر زەوی کەوت ئەوا زەوییەکە بدڕە و گەنجەکە لەوێدایە حەڵاڵی خۆتە. کابرای بەستەزمان بەیانی بەهەڵەداوان دەچێتە ئەو جێگایەی لە خەوەکەیدا پێی گوترابوو، تیر دەردەهێنێت، ڕوو دەکاتە قیبلە و میلی قایشی کەوانی بۆ ڕادەکێشێت، تیر لە کەوان بۆ دەیان مەتر دەردەچێت، کابڕا بەهەڵەداوان شوێن سۆراخی تیری لەکەوان دەرچوو دەکەوێت، کە دەگاتەوە تیرەکەی و زەوییەکەی بۆ هەڵدەدڕێت، خەبەرێک لە گەنج و لە ئاڵتوون نییە. بەهەناسە ساردی تەماشایەکی ئاسمان دەکات و دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی. شەوی دووەم لەخەویدا پێی دەڵێن: خۆ ئێمە پێمان نەوتی میلی کەوان بهێنەرەوە، گوتمان ڕوو لە قیبلە بکە، تیرێک لە بخەرە نێو کەوانەکە، لەکوێدا بەر زەوی کەوت ئەوە شوێنی گەنجەکەیە، تۆ میلت هێنایەوە و تیرت بۆ زۆر دوور هاویشت، لەکاتێکدا کەس پێی نەگوتبوویت میل بهێنیتەوە، دەبوو تیرەکە لەهەمان ئەو شوێنە لەکەوان کەوان بخەیت و بەریبدەیت بکەوێتە سەر زەوی، گەنجەکە لەهەمان ئەو شوێنەدابوو کە خۆت لێی وەستابوویت و تیرەکە لە بەردەمتدا دەیدا لە زەوی. بۆ ڕۆژی دواتر دەچێتەوە هەمان شوێن و ئەم جارە بەبێ ڕاکێشانی قایشی کەوانەکە تیر لەکەوان دەخات، ئەو شوێنە دەدۆزێتەوە کە تیری لێ کەوتۆتە خوارەوە و دەبێتە خاوەنی گەنجی خۆی، ئەو زۆر دوور بۆی دەگەڕا بەڵام گەنجەکە لێرەبوو لە بەردەمی خۆیدا.
دەشێت دەیان هەزرا وشە لەسەر مۆراڵ و حیکمەتەکانی ئەم چیرۆکە بنووسین و هێشتا هیچیشمان نەگوتبێت، خوێنەری هێژا من تێگەیشتن لە مۆراڵی چیرۆکەکە دادەنێم بۆخۆت، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە لەم چیرۆکەدا گرنگەبەیتێکی نێو چیرۆکەکەیە کە پێم وایە قسەی مەولانا خۆیەتی لەسەر زمانی کاراکتەری نێو چیرۆکەکە دەریدەبڕێت و دەڵێت:
ئاسمانەبەرزەکان هیچ نین جگە لە دەرککردن و ئیدراکاتی ئادەمی بۆیان
تا بدانی که آسمانهای سمی
هست عکس مدرکات آدمی
ئەم ڕستە قوڵەی مەولانا گرنگترین دەرکێکی فەلسەفی و جیهانبینییە لەم چیرۆکەدا کە بۆ یەکەمجار مرۆڤێکی خودا ڕەنگی لەم شێوەیە حەوت سەدە پێش ئێستا کردبێتی، بە ئاشکرا بۆنی ئایدیالیزم لەم ڕستەیە دێت. مەولانا لەم بەیتەدا بە بێ پەردەو کینایە دەیەوێت بڵێت ئەوە ئێمەین ئاسمانەکانمان بەز ڕاگرتووە، ئەوە دەرک و پێناسەکانی ئێمەیە ئاسمانەکانی کردۆتە ئاسمان و بەرزی کردوونەتەوە، گەر ئێمە و زیهنە خەلاقانەکەمان نەبوایە ئیدی ئاسمانیش نە دەیتوانی بەرز بێت نە دەیتوانی تەنانەت ئاسمان بێت! ئەم دەربڕینە چڕ و ئاڵۆزە بە ئاشکرا لادانە لەو پێوەر ئەفڵاتوونی و نیۆ ئەفڵاتوونییەی کە تا ڕێنیسانسیش تێگەیشتن لە گەردوونی بە مەرج گرتبوو بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و بوون و نهێنییەکانی بوون.
سەرەتا دیکارت دێت بە ڕستە بەناوبانگەکەی من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم هەموو بوون دێنێتەوە بۆ نێو زیهن، بوون لەو فراوانی و سرکییەی جارانی ڕزگاری دەکات و دووبارە ماڵی دەکاتەوە بۆنێو بیرکزدنەوەی مرۆڤ، ئەم جارە لەڕێگای بیرکردنەوە وە مافی بوون سەرەتا بە خۆی و دواتر بە بوونی دەرەکی دەبەخشێت، لای دیکارت بەبێ بیر کردنەوە منێک لە ئارادا نییە، کە منیش نەبوو ئیدی گەردوون و بوون مانایەکی وەک ئەوەی مەولانا وتی نە مانا دەدەن نە هەشن.
ئیمانوێڵ کانت دێت دەقیقتر هەمان ئەم کارە دەکات کە مەولانا پێنج سەدە پێش دیکارت کردبووی، کانت نەک هەر گەردوون و جیهانی دەرەوە بە مەرج ناگرێت بۆ تێگەیشتن لە بوون، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن لە دەرکی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە بوون تێبگات. کانت پێی وایە ئەوەی لەدەرەوە دەگوزەرێت هیچ نییە جگە لە تەفسیر و ئیدراکاتی زیهنی ئێمە بۆ بوون، واتە ئەوەی ڕوودەدا، تەفسیر و دەرکی ئێمەیە بۆ بوون نەوەک میسداقییەت و واقعییەتێکی دەرەکی کە دەرەوەی زیهنی من خۆی لەخۆیدا خاوەندارێتی لێ بکات. کانت بەم شۆڕشە زیهن سەنتەرییە و گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی بوون لە ڕێگای زیهنەوە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەفڵاتوونی لەبن هێنا کە پی وابوو گەردوون سەنتەرە.
ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکی تەواو ئاڵۆزتری زیهندا دەژیین، زیهن خەریکە خۆی لە زماندا کورتتر دەکاتەوە، بەڵام ئێمە هێشتا هەر بەشوێن مانای دەرەوەی ئیعتبار و ئیدراکاتین بۆ تەفسیرکردنی دیاردەکان، بوون و ژیان، ، لەکاتێکدا هەشتسەد ساڵ پێش ئێستا کەسێکی وەک مەولانا و سێسەد ساڵ پێش ئێستا دیکارت و کانت ناکارایی ئەم بنەمایانەیان بۆ تێگەیشتن لە بوون و ژیان سەلماند و تێیانگەیاندین ئەم میتۆدە لە تێگەیشتن لە خۆمان و بوون و ژیان زیاتر دوورمان دەخاتەوە، دەقیق وەک هەڵدانی تیری نێو کەوانەکە بۆ دوور، مەولانا پێی وتین خەزێنەکە لە نزیک خۆمانە نابێت زۆر دوور بۆی بڕوانین، چونکە لەو دوورە خەزێنەی لێ نییە، خەزێنەکە لێرەیە لای خۆمان، بەڵام ئێمە هەر بەپێوەرە دەرەکییە ناکاراکان هەڵسەنگاندن دەکەین. بەبێ جێ نییە سۆفی وعارفانی دونیای ئیسلام بەردەوام جەختیان لەوە کردۆتەوە من عرف نفسە فقد عرف ڕبە ئەوەی خۆی ناسی خوداشی ناسی .
ئەم دواکەوتنە زەمەنی و مەعریفییە ئەمڕۆ وایکردووە خودی ژیانیش دوا بکەوێت، تیر لە کەوان هەڵبدەین و عەوداڵی شوێنی تیرەکان بین بۆ دۆزینەوەی گەنجەکانی بوون.
بیرکردنەوەیەک گەر لێرەوە، لای خۆتەوە دەستپێنەکات، ناتوانێت کاریگەریی لەسەر دەرەوەش دابنێت. ڕوانینی دەرەکی و تەماشاکردنی دیاردەکان وەک دیاردەیەکی دەرەکی زیهن وادەکات بومەلەرزە و ڕەشەبا ببنە سزای خودا، بارانی ڕەحمەت لەبری ئەوەی ببێتە بەندا و دەریاجە و ڕووبار ببێتە سێڵاو و لەناومان بەرێت، خۆری هاوین لەبری ئەوەی ببێتە وزە بۆ خۆفێنککردنە دەێتە بادی سەمومی جەهەنەم.
چەندێک لە خۆ دوورکەوینەوە، چەن بۆ دەرەوە بڕوانین بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان، چەندێک تیرەکەمان دوورتر هەڵبدەین ئەوەندە لە خۆمان و ژیان و بوون و تەنانەت ڕۆحی دینیش دووردەکەوینەوە، بە پێچەوانەوە بەهەمان ئەو ئەندازە لە خورافە و دەستەوسانی و وەهمی دینی و نزیک دەبینەوە. [1]