$ناو نیشانی بابەت: شوێنەوارە بەجێماوەکانی ئورارتی$
نووسەر: #سارا سەردار#
لە سەرچاوە مێژوویی و شوێنەوارییەکان باسی دوو بەردەنووس دەکرێ کە لە گرنگترین شوێنەوارەکانی سەردەمی ئورارتی بوون، ئەوانیش شوێنەواری #کێلەشین# و #تۆپزاوە#ن.
$بەردی کێلەشین$
یەکێک لە گرنگترین شوێنەواری بەجێماو لە سەردەمی ئورارتی کە لە ناوچەی #موساسیر# دۆزراوەتەوە، بەردی کێلەشینە، ئەمەش بە کۆنترین دەقی مێخی ئۆرارتی دادەنرێت کە تێیدا باسی باڵادەستی ئورارتییەکان دەکات.
نووسینە بزمارییەکەی سەر ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی پاشا (ئیشپوینی) و کوڕەکەی (مینوا) دەگەڕێتەوە کە ئەمانە هاوسەردەم پاشای ئاشووری شەمشی ئەدەدی پێنجەم بوون. ئورارتییەکان بۆ نووسین لەسەر ئەم میلە دوو زمانیان بەکار هێناوە، ڕوویەکی ئەم شوێنەوارە بە زمانی ئاشووری نووسراوە کە لە 42 دێڕ پێک هاتووە و ڕووەکەی تریشی بە زمان و خەتی ئورارتی کە بە 41 دێڕ کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ﮪەردوو دەقەکە باسی سەردانەکەی پاشای (بیانیلی یان ڤیانیلی) (مینوا)ی کوڕی ئیشپوینی دەکەن، کە لە سەردانەکەیدا پەرستگایەکی بۆ خواوەند (خالیدی) لەسەر بەرزاییەک درووستکردووە و کۆمەڵێک دیاری گرانبەﮪای پێشکەش بە (خالیدی) کردووە و ﮪەزاران سەر ئاژەڵی بۆ کردووەتە قوربانی، لە کۆتاییدا نەفرین لەو کەسانە دەکات کە هەوڵی تێکدان، یان دزینی پەیکەری خواوەند خالیدی، یان دیاری و بەردەنووسەکان بدەن.
ئەم شوێنەوارە یەکەم جار لەلایەن (شولز) دۆزراوەتەوە و کۆپیشی لێ درووست کراوە، بەڵام دواتر شولز لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە کوژراوە و کۆپییەکەی ونبووە. دواتر ئەم میلە لەلایەن (هێنری ڕۆلینسون) لە ساڵی (1841 ز) خوێنراوەتەوە.
ئەم بەردەنووسە لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق لەلایەن سوپای ئێرانەوە دزرا و گوازرایەوە بۆ ئێران، ئێستا لە مۆزەخانەی ورمێ لە ئێران دانراوە.
$میلی تۆپزاوە$
ئەم میلە وەک میلی کێلەشین لە دوو ڕووەوە بە دوو زمانی ئاشووری لە 37 دێڕ و ئورارتی 38 دێڕ نووسراوە، کە بۆ سەردەمی پاشای ئورارتی (ڕۆسا) دەگەڕێتەوە، تێیدا باسی بەهاناوەچوونی پاشا ڕۆسا بۆ پاشا ئورزانا لە موساسیر دەکات لە کاتی هەڕەشەی ئاشوورییەکان بۆ سەری.
نووسینەکە باسی بەستنی هاوپەیمانی لە نێوان پاشا ڕۆسا و پاشا ئورزانا دەکات، دواتر پاشا ڕۆسا هەوڵی پڕچەککردنی سوپاکەی ئورزانا دەدات و فەرمانی پێ دەکات هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئاشووری لە ناوچەی موساسیر و داگیریان بکات، لەم شەڕەدا ئورزانا سەرکەوتوو دەبێت، میلی تۆپزاوە ئێستا لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر پارێزراوە.[1]