$ڕوانینێکی تێکشکاو، ژیانێکی لە مێژوو بەجێماو!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
شتێکی سەیرە تا ئێستا لای ئێمە گەورەترین زیهنییەت زیهنییەتی شاعیرانی کلاسیکی وەک نالی و مەحوین، کە سەد و پەنجا ساڵ زیاتر فاسیلەی مێژووییان هەیە لەگەڵ ئەمڕۆی ئێمەدا، کەچی هێشتا هەر لەبری ئێمە قسەدەکەن، بیردەکەنەوە و بڕیاردەدەن لەسەر چییەتی عیشق و بوون و ژیان. ئەمە دەرخەری ئەوەیە زیهنیەتی ئێمە هێشتا قۆناغی ئەفسانەیی و قۆناغی شیعریی تێنەپەڕاندووە بۆ قۆناغی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. هاتنی ڕێبازە ئەدەبی و فیکرییە جیاوازەکان بە ڕوانگە و ڕەهەندیشەوە جگە لە جوینەوەی ئەو وێنە دووبارەیەی ئەوان بەڵام لە فۆڕمێکی دیکەی نووسیندا شتێکی دیکە پێ نەبوو لە خەمڵاندنی بیرکردنەوەی ئێمەدا Mindset. مایندسێت واتە ڕێکخستنەوەی ڕوانین بۆ دونیا ئەگەرەکانی نێوی و ئاڕاستەکردنی ئەو ڕوانینە بە جۆرێکی لەخۆ نەک نالەخۆ و هاوردەکراو، واتە جیهانبینی خۆیی.
نابێت ئەم قسەیە وا لێک بدرێتەوە کە نالی مو مەحوی کەسانێکی گەورە نین، ئەمە دەبێ وا لێک بدرێتەوە کە ئێمە هیچ بەرەوپێشچوونێکی مەعریفی و زیهنیمان نەبووە بەبەراورد بە دووسەد ساڵی ڕابردووی خۆمان. ئەوان بەرهەمی توراسێکی دەوڵەمەندی ئیسلامین، نکوڵیکردنی هەندێ شەکرۆکە لەو توراسە موغاڵەتەیکی تەمام عەیار و جۆرێکە لە نکوڵیکردن خۆدزینەوە لە خودی ئەمڕۆی خۆ کە ئەڵتەرناتیڤ و زیادەیەکی پێنەبووە.
گەر ئێمە هەموو وەڵامەکانی خۆمان لای ئەو زیهنییەتە دەستکەوێت کە دوسەدساڵ پێش ئێستا ڕوانیوێتی، تەماشای دونیای کردووە، بیریکردۆتەوە و نووسیوێتی، دیارە ئێمە نەمانتوانیوە ئازادانە بیربکەینەوە، پرسیاری نوێ بکەین، جیاواز بڕوانین، تەنانەت لەو کۆتوبەندە توراسییەش دەرچین کە ئەوانی درووستکردووە. کانت دەیگوت مرۆڤی نوێ خۆئەندێشە واتە خۆی بیر بۆ خۆی دەکاتەوە، دەشێ بەشی زۆری کارەکانی بدات بەسەر کەسانی دیکەدا بۆی ئەنجامبدەن بەڵام هەرگیز بیرکردنەوەکانی نا، مرۆڤی نوێ نایەت بڵێت ئادەی فڵان وەرە لە بری من بیر بکەرەوە، خۆی بیر بۆ خۆی دەکاتەوە، ئێمە دەقیق ئەمڕۆ هاتووین وادەکەین، بیرکردنەومان داوەتە دەست دووسەد ساڵی ڕابردووی خۆمان بۆچی؟ چونکە لە مێژوو بەجێماوین، نەچووینەتە نێو موقەویماتی مۆدێرنیتەوە! بەهەمان گەز و مەنەکەی شوانکارەیی پێش مۆدێرنیتە دەبڕین ئەنجا دەپێوین، بەڵام ئەم جارە بە ماکیاج و لەژێر ناوی قەبەو لەکژەری و ئیسرافی پترۆدۆلاردا.
تەماشا زانکۆ هاتووە بەڵام زانست نا، تەرجەمە هاتووە بەڵام فەلسەفە نا، داتا و تەکنەلۆژیا هاتوون بەڵام تێگەیشتن نا، ئامێر و دەرمان هاتوون بەڵام پزیشکی نا ..هتد.
مەولانا وتی:
دوێنێ و قسەی دوێنێ لەدوێنێدا مانەوە
ئەمڕۆ پێویستیمان بەقسەی نوێی ئەمڕۆیی هەیە
دی ڕفت و حدیث دی چو دی هم بگذشت
امروز حدیث تازه باید کردن [1]