$شیعە دوو مانگە، کورد سەدساڵە$
#زکری موسا#
#05-12-2019#
لە سەردەمی مالیکی ڕق و تۆڵەسەندنەوە لە سووننە گەییشتە لووتکەی خۆی. هەر لە سەردەمی ئەویشدا بڵاوکردنەوەی ڕق لە دژی کورد شێوەیەکی مەنهەجی وەرگرت و حیزبە شیعەکان شەقامی ئێراقییان لە دژی کورد هان دەدا.
کار گەییشتە ئەوەی کامەیان پتر دژی کورد بێ زیاتر دەنگ بهێنێت. قووتی گەلی کوردستان لەلایەن مالیکی بڕدرا و پێچەوانەی دەستووریش عەبادی سوپا و چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی لەگەڵ کوردستان بەکارهێنا. شەقامی عەرەبی ئەوەندە لە دژی کورد بارگاویی کرابوو، تەنانەت یەک پیاوی ئایینی ئێراق و بە مەرجەعیەتیشەوە زاتی ئەوەیان نەکرد یەک وشە لەبەرانبەر ئەو زێدڕۆییە بڵێن کە دەرهەق بە کورد کرا.
پاش شەڕی #داعش# لایەنە شیعەکان خۆیان بە لایەنی سەرکەوتووی پانزدە ساڵ ململانێ دەزانی لەبەرانبەر کورد و سووننە. میلیشیا و تاییفەخوازی و شیعەگەری سەرتاپای ئێراقی تەنی. ئەو دەوڵەتە مەدەنییەی بڕیاربوو دابمەزرێ بووە دەوڵەتێکی تاییفی و میلیتاری کە ئۆلیگارشییەکی فاسیدی مەزهەبی ئیدارەی دەکرد. ئەوان لە مەحفەلەکانیان لەبارەی خەونی ئیمپراتۆری دەدوان کە سنوورەکانی لە ئەفغانستانەوە دەستی پێدەکرد هەتا دەگەییشتە سنوورەکانی ئیسراییل لە دەریای سوور و سپی و هەروەها یەمەن لە نزیک شاخی ئەفریقا.
ئەم مەستییە زۆر کوورتخایەن بوو، هەمیشە ئەحزابی دینی چاوەڕوانی ئەوەن خەڵک ویلائی ڕەهای بۆ ئەوان هەبێ و کوێرانە ئیتاعەت بکەن. خرۆشانی شەقامی شیعە لە دژی گەندەڵی و تاییفەگەری دەستەڵاتی شیعەی تووشی شۆک کردووە.
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران و بەڵێن بۆ چاکسازی، سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین و هەوڵەکانی ئێران و مەرجەعییەت شەقامی هێور نەکردووەتەوە. ڕاستییەکەتان دەوێ ئێراق لە دەستپێکی قۆناخێکی زۆر جیاوازە. کەسایەتی و هێز و کەرستە و درووشمەکانی ئەو قۆناخە لە ئێراقدا پێشتر نەبینراون. سەرباری بوونی دەستێوەردانی دەرەکی و هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییەتییەکان هێزێکی نوێ و دینامیکییە و ستراتیژی و داواکاریشی هەیە.
بەپێچەوانەی هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێ وا پێشان بدەن کە خۆپێشاندەران و شەقامی ناڕازیی شیعە دژی خواست و مافەکانی کوردن، خاڵی هاوبەش لەنێوان داواکاریی کوردستان و خۆپێشاندەراندا هەیە. دیموکراسی و جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت کە داواکاریی خۆپێشاندەرانە، دەیانساڵە درووشم و ستراتیژیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە. ئەگەر سەرکردەکانی کورد لەکاتی نوووسینەوی دەستووری ئێراق نەبان عەرەبەکان دەستووریان بۆ دەوڵەتێکی سەرتاپا دینی دەنووسییەوە. حزووری کورد لە ئێراقی نوێدا وایکرد مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە دەستووردا جێگیر ببیت.
لەبارەی گۆڕینی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەکانیش کە داواکاریی سەرەکیی خۆپێشاندەرانە، کورد هەمیشە لەو یاسایە زەرەرمەندبووە و بە لۆژیکی زۆرینە بەسەریدا سەپێنراوە. هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەدانهەزار دەنگی کوردی سووتاند و حەفت کورسیی کوردی لە نەینەوا بە ناهەق پێشکەشی ئیئتیلافی عەبادی کرد. ئەو قسەیەی ئێستا خۆپێشاندەران لەبارەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دەیکەن کورد هەمیشە گوتویەتی و ناڕازی بووە.
هەرلە ساڵی 2010 هەتا ئێستا هیچ سیاسییەک بە قەدەر سەرۆک بارزانی تێبینی لەسەر بارودۆخی ئێراق و پێشێلبوونی دەستوور نەبووە. ئەو یەکەم کەس بوو ڕایگەیاند ئێراق بەرەو دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێ. تەنیا ئەو پرسیاری ئەوەی کرد سەدان ملیار داهاتی ئێراق بۆ کوێ ڕۆییشتووە. یەکەمجار سەرۆک بارزانی بوو کە هۆشداریی دا ئێراق بەرەو چارەنووسی نادیار و هەڵدێڕ دەڕوات. ئەو دەستنیشانیکرد کە دەستوور پێشێلکراوە و شەراکەت و تەوافوق پشتگوێخراوە. سەرۆک بارزانی بوو کە ڕایگەیاند لەبری ئەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی دابمەزرێت، وا خەریکە دەبێتە دەوڵەتێکی تاییفی.
ئەوەی شەقامی ئێراقی داوای دەکات دەیان ساڵە کورد داوای دەکات. پشتگیریی کوردیش لە عادل عەبدولمەهدی بە مانای پشتگیری لەو دەوڵەتە تاییفییە نییە. کورد پشتی عادلی گرت بۆ ئەوەی کەسانی وەک عەبادی تەمێ بکات و پشتیان لە ئەرز بدات.
لە بابەتی گۆڕینی دەستووریش ئەگەر هیچ کەس نەیەوێت دەست بۆ کەمکردنەوەی دەستکەوت و مافەکانی کوردستان و پێکهاتەکان ببات ئەوە کورد هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ شەقامی خرۆشاوی ئێراقیدا نییە. کوردیش دەیەوێ لە دەستووردا چەمکی هاووڵاتیبوون بەهێزتر ببێت و دەستوور وا دابڕێژرێتەوە کە یەکسانی دادپەروەری بێنێتە ئاراوە. [1]