$ئێراقی بەختڕەش$
#زکری موسا#
#20-06-2022#
میدیاکان دەڵێن ئەگەری ئەوە هەیە 200 ملیار دینارەکەی بەشە بودجەکەی هەرێمی کوردستان کە لە ئێراقەوە دێت ببڕدرێت. ڕاگەیاندنەکان بە گوێمان دەچرپێنن هێزەکانی حەشد کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیان داگیر کردووە، لەوانەیە پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن. میدیا و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە میلیشیاکان پڕن لە لێکدانەوەی ناڕەوا لە دژی کوردستان و مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. دەیانەوێ وا وێنا بکەن کە گەورەترین کێشەی ئێراق پەیوەندییەکانی #هەولێر# و بەغدایە. دەیانەوێ ئەو قەناعەتە لای ئێراقییەکان و تەنانەت خەڵکی کوردستانیش درووست بکەن کە ئەگەر هەرێمی کوردستان ملکەچی بڕیارە ناڕەواکانیان ببێت و هەرێمی کوردستان چیدی خۆی نەوت دەرنەهێنێت و نەفرۆشێت، ئەوە ئێراق دەبێتە بەهەشتی ناوچەکە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵیزم و مافەکانی خەڵکی کوردستان گەورەترین کێشەی ئێراق و ئێراقییەکانە؟ ئایا کوردستان ڕێگرە لەوەی ئێراق پێشبکەوێت و خەدەمات بۆ دانیشتووانی نێوەڕاست و باشووری ئێراق دابین بکرێت؟
ئەو 200 ملیارەی زۆر باسی دەکەن و وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن و بە مووچەخۆرانی هەرێمی بە ڕەوا نابینن تەنیا دەکاتە کەمتر لە 2%ی داهاتی مانگانەی ئێراق. ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی هەشت ساڵیشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێراق بڕدراوە و سەرباری بوونی شەڕیش لەگەڵ #داعش# حکومەتی ئێراق تەنانەت ئامادە نەبووە یەک فیشەکیش بۆ پێشمەرگە بنێرێت.
داهاتی ئێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە تریلیۆنێک دۆلار زیاتر بووە و بەشێکی زۆر کەمیی ئەو داهاتە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە. 80 ملیار دۆلار لە ئێراقدا بۆ کارەبا سەرفکراوە کەچی نە کارەبا هەیە و نە پارەکە دیارە بۆ کوێ ڕۆیشتووە. لەدوای 2003 هەتا ئێستا دەیان هەزار هاووڵاتیی ئێراق تیرۆر و تەسفیە کراون و ملیۆنان هاووڵاتیی دیکەیش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. ئەو دەستوورەی خەڵکی ئێراق دەنگی پێدا پێشێلکرا. تایفەگەری و فراوانخوازی و بەدەوییەتی فکری و سیاسی و سەربازی شوێنی دیموکراسی و سیستەم و مەدەنییەتی گرتەوە. لەو پاشەکشە ڕوونەدا کە لە ئێراق لە هەموو بوارەکاندا ڕووی داوە، هەرێمی کوردستان تۆسقاڵێک ڕۆڵی نەبووە. بە پێچەوانەوە ئەگەر لە ئێراقدا شوێنێک هەبێت سەقامگیری و حەوانەوەی جیاوازییەکانی تێدابووبێت ئەوە هەرێمی کوردستان بووە نەک شوێنەکانی دیکەی ئێراق.
لێرەدا بە دەرئەنجامێکی لۆژیکیی دیکە دەگەین کە پێچەوانەی جاڕدانی خەڵکی شۆڤێنی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی گرفتەکانی ئێراق نییە، بەڵکوو چاوگی بەختڕەشی و ناخۆشییەکانی ئێراق دەسەڵاتدارانی ئێراق و عەقلییەتەکەیانە کە ئێراقیان بەم ڕۆژە گەیاندووە.
بەر لە ڕووخانی سەدام هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراق دوو کۆنگرەی گرنگیان لە سەڵاحەدین (نۆڤەمبەری 1992) و لەندەن (دیسەمبەری 2002) ئەنجام دا. بەشی زۆری ئەو هێزانە ئێستا لە ئێراقدا باڵادەستن و حوکم دەگێڕن. ڕاسپاردە و بڕیارەکانی هەردوو کۆنگرەکە دەرئەنجام و بڕیاری دڵخۆشکەر بوون بۆ ئاییندەی ئێراق. ئەوان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پاشەڕۆژی ئێراق دەبێ دیموکراسییانە بێت و دەستوورێک حەکەم بێت. ئەوان بەڵێنیان دا کە هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی و زەوتکردنی ئیرادەی ئێراقییەکان ڕەتبکەنەوە. گفتیان دا کە مل نەنێنە تایفەگەری و ڕێزی پێکهاتەکان بگرن و دەوڵەتی هاووڵاتی بنیات بنێن. ئەوان بەڵێنان دابوو کە ئەگەر ڕژێم ڕووخا چیدی سوپا و دەزگە ئەمنییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی ناوخۆیی بەکار نەهێنرێت و وڵات نەبێتە سەربازگە و جێی میلیشیاکان. کەڵک لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن و خۆیان بۆ ئێراق بەخت بکەن. هەردوو کۆنگرەکە هاوسۆزیی تەواوی داوا ڕەواکانی گەلی کوردستان بوون بە مافی دیاریکردنی چارەنووسیشەوە. بڕیاریان دا ئاسەوارەکانی جینۆساید و بەعەرەبکردن و کیمیاباران و ئەو ستەمەی لە کورد کراوە و بسڕنەوە و گەلی کوردستان قەرەبوو بکەنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون هەموو بڕیار و بەڵێن و ڕاسپاردە و درووشمەکانیان خستە ژێر پێ و بەتەواوەتی ڕێگەیەکی پێچەوانەیان گرتەبەر. ئێراقیان گەیاندە دۆخێکی ترسناکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی. هەتا توانیان تایفەگەری و بەدەوییەتان پڕڕەنگ کرد. وایان کرد ئێراق لەڕووی گەندەڵییەوە ببێتە سەر لیستی وڵاتانی گەندەڵ و پاسپۆرت و ئیعتباری ئێراقیش بکەوێتە دوای سۆماڵ و سووریا.
ماوەتەوە بڵێین ئەو ئێراقەی بڕیار بوو بنیات بنرێت سەری نەگرت و شکستی خوارد. چارەسەری کێشەکانی ئێراقیش ئەوە نییە، ئیملای دەرەکیی بۆ بکرێت یانیش دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق ببێتە هەمە کارە. چارەسەری ئێراق ئەوە نییە هەرێمی کوردستان بخنکێندرێت و سوننە دەستەمۆ بکرێت و نەوتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دەست سۆمۆ. دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش دادی دۆخەکە نادات. چارەسەر ئەوەیە ئێراق بگەڕێتەوە قۆناخی 2003 و بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەها و پڕەنسیپانەی کە بڕیار بوو بچەسپێن، بەڵام ئەتک کران. ئێراق پێویستی بە دووبارە پێناسەکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. [1]