$هاوڕەگەزخوازەکان جێی زگپێسووتانن$
#محەمەد خۆشناو#
#03-04-2021#
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، هەواڵێک بڵاوبووەوە کە هێزەکانی ئاساییشی #سلێمانی# لەسەر داوای هاووڵاتییان ژمارەیەک هاوڕەگەزیان دەستگیر کردووە.
لە ڕاستیدا من وەکوو بوونەوەرێکی قێزەوەنی بەدفەڕ سەیری هاوڕەگەزم دەکرد، تەنیا لە تەلەڤزیۆن ئەمانەم بینیوە و کە دەمدیتن یەکسەر لەسەر کەناڵەکەم لادەدا، وابزانم ئیدارەکەی بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، دوو هاوڕەگەزخوازی تێدایە کە دوو پۆستی گەورەیان هەیە... زۆر مەراقم بوو کە بزانم، هۆکار چییە کە ئەمانە دەبنە هاوڕەگەزخواز و لە هەندێک وڵاتانی ئەوروپی ڕێگە بە هاوڕەگەزخوازەکان دەدرێت هاوڕەگەزی بکەن؟ دەیان سەرچاوەم لەسەر خوێندنەوە، هەمیشە دەگەڕام کە ئەمانە بۆ وان!
ئەم جۆرە کەسانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان، عەرەبی و ئێرانیش هەن، بەڵام ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن لە ترسی کوشتن یا ئابڕووبردن کە دوایین جار ناچار دەبن خۆیان بکوژن، تاڕادەیەک تورکیا و تونس باشترە.
مانگێک لەمەوبەر، پزیشکێکی برادەر کە کەسێکی ڕۆشنفکرە بە تەفاسیل هۆکاری هاوڕەگەزی بۆ باسکردم کە پووختەکەی ئەوەیە: کە ئەمە لە خەلەلێک لە تێکچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنییەوە هاتووە، ئەم کارە خەتای ئەوانی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە ئەم جیاوازییەیان بە ڕادەیەکی زۆر خەمی پێدەخۆن و ئازاریان دەدات.
ئەمە فیلمێکی زانایەکی هاوڕەگەزخوازی بیرهێنامەوە کە لە تەلەڤزیۆن بینیم کە ئەمە پووختەکەیەتی: لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، حکومەتی بەریتانیا، کۆمەڵێک زانا بانگ دەکات، بۆ درووستکردنی ئامێرێک بۆ کردنەوەی کۆدی پەیوەندیی ئەڵمانیا، چەند مانگێک خەریک دەبن ناتوانن ئامێرەکە دابهێنن، تەنیا یەک مانگیان لە بەردەمدا دەمێنێت بۆ درووستکردنی ئامێرەکە، هەموو زاناکان پاشەکشە دەکەن و بێئومێد دەبن، بەڵام تو ڕینگی زانای ماتماتیکی ئینگلیزی توانی بە یەک مانگ ئامێرەکە درووستبکات، ئامێرەکە دەزگەیەکی ئاسنینی گەورە بوو وەکوو چاپخانە، لە ڕووی پێشەوەی کۆمەڵێک بەکرە دەسووڕانەوە بۆ کردنەوەی کۆدی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا، ئەو ئامێرە ناوی ئینگاما، لە بەختی ئەو زانایە هاوڕەگەزخواز بوو، ئەو کات هاوڕەگەزخوازەکان هیچ مافیان نەبووە، زانای ناوبراو لەکاتی خۆیدا بە هەڵە دەستگیر کرا، بڕیاری دادگە ئەوە بوو یان بگیرێت و بخرێتە بەندینخانەوە، یا ئەوەتا بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر چارەسەردا بێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەرزی ئەو هۆرمۆنە وەربگرێت بۆ زیندووکردنەوە و بەجۆشکردنی نێرایەتییەکەی. زاناکە چارەسەرەکەی هەڵبژارد لەجیاتی بەندینخانە و بە خەمۆکییەوە لە ماڵەکەیدا گۆشەگیر بوو و، دەرنەدەچوو، بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوەکانی بوو و لەکاتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کۆدەکە.
کچێک کە هەر لەو تیمەی لەگەڵیدا کاری دەکرد، حەزی لە زاناکە دەکرد، بۆ ئەوەی هاوڕەگەزخوازییەکەی ئاشکرا نەبێت، زاناکە مارەی کرد، بەڵام دوایی ئیعترافی بۆ کچەکە کرد و کچەکە بە تووڕەییەوە بەجێی هێشت، پاش ماوەیەکیش کچەکە زانی زاناکە لە ماڵەوە خۆی گۆشەگیر کردووە، چووە لای و دۆخی پاشەکشە و خەمۆکی لە زاناکە بینی، هاوسۆز بوو لەگەڵی، دەیویست مەعەنەویاتی بەرز بکاتەوە و پێی گوت، ئێستا من لە وێستگەی شەمەندەفەری ئەو گوندەوە دێم بۆ لات، خودی ئەو گوندە دەبووایە ئەمڕۆ نەمابایە، ئەگەر ئەو بەشدارییە زانستییەی تۆ نەبووایە، ئەگەر تۆ نەبایت، بە داهێنانی ئەو ئامێرە. کچەکە پێی گوت: ئەو کەسەی بلیتی شەمەندەفەرەکەی دامێ، ئەگەر بەشدارییە زانستییەکەی تۆ نەبووایە، دەبوو لە ڕیزی مردوواندا بووایە، دواجار کچەکە بە گەشبینی و زەردەخەنەوە جێی هێشت و گەڕایەوە، پاشان زاناکە بە جیدیتر و حەماسەوە بەردەوام بوو لە بەرهەم و لێکۆڵینەوەکانی، پاشان دوای ئەو ماوەیە دوای دوو ساڵ بە خۆکوشتن مرد، دوای مردنی بە چەندین ساڵ ئیلیزابێسی شاژنی بەریتانیا لێبووردنی پێبەخشی و دانی بەوەدا نا کە ئەگەر ئەو پیاوە نەبووایە، جەنگی جیهانیی دووەم بۆ دوو ساڵی دیکەش بەردەوام دەبوو و ئەوساش 14 ملیۆن کەس لەنێودەچوون. [1]