$ئامانجی بەغدا ڕێککەوتن نییە بەڵام کورد یەخەی بەرنادات$
#نوێنەر فاتیح#
#02-05-2020#
لە قۆناخی ئامادەیی، سەرداری هاوڕێم بۆی گێڕامەوە کە باوکی ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتای کۆنی هەبوو و نزیکەی 30 ساڵ بوو پێیبوو، براکانی پارەیان بۆ باوکیان کۆکردبووەوە و پێیانگوتبوو ئەم ئۆتۆمبێلە شڕە بفرۆشە و ئێمە ئۆتۆمبێلێکی نوێت بۆ دەکڕین. باوکیان دڵی بە ئۆتۆمبێلە کۆنەکەیەوە بوو و نەیدەویست بیفرۆشێت، بەڵام بە نابەدڵی چووبوو بۆ پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل تاوەکوو ئۆتۆمبێلە کۆنەکەی بفرۆشێت، لەوێ کاتێک خەڵک دەهات سەودای ئۆتۆمبێلەکەی دەکرد، دەیانپرسی چۆنە؟ لە وەڵامدا باوکی سەردار دەیگوت: بەعەمەل نایەت و زۆر شڕە، گێڕ و مەکینەی تێدا نەماوە و بیکڕی خێری لێ نابینیت. ئامانجی باوکی سەردار ئەوەبوو ئۆتۆمبێلەکە نەفرۆشێت، هەرچەندە لەژێر گوشاردا بە ناچاری چووبوو بۆ پێشانگەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل.
ئەم چیرۆکەم بۆیە گێڕایەوە، چونکە گفتوگۆکانی نێوان #هەولێر# و بەغدا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا وادێتە پێش چاو، کە بەغدا ناچاربووە بێتە سەر مێزی دانووستاندن، بەڵام نیاز و ئامانجی گەیشتن نییە بە ڕێککەوتن.
دوای سێ ڕۆژ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق، شاندی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە، بەڵام هێشتا هیچ موژدەیەکیان پێ نییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە و گفتوگۆکانیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. بڕیارە یەکشەممە جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق دەستبکەنەوە بە گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و بودجە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، داواکارییەکانی ئێراق ڕادەستکردنی ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بوو بە بەغدا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی بە بازاڕکردنی نەوتی ئێراق (سۆمۆ) بفرۆشرێت، بەڵام وادەردەکەوێت لە گفتوگۆکانی ئەمجارەدا، ئێراق داواکارییەکانی جیاوازن و لە 250 هەزار بەرمیل نەوت نەماوەتەوە، بەڵکوو بەپێی زانیارییەکان داوای هەموو داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە نەوت، گومرک و دەروازە سنوورییەکان و باج. واتە بە پراکتیکی لەنێوەڕۆکدا هەرێمی کوردستان دەبێتە سێ پارێزگای سەر بە بەغدا و لە ناوەندەوە کۆنترۆڵ دەکریت، تاکە شت کە وەکوو هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە ناوەکەیەتی.
ڕەنگە بەرپرسانی ئێراق پێشوەخت بزانن کە ئەگەرێکی زۆر دوورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەم داوایەی ئێراق ڕازیبن، هەر ئەوەش هۆکاری ورووژاندنی ئەو داواکارییەبێ لەسەر مێزی داواکارییەکاندا.
بۆ تێگەیشتن لەم داواکارییەی ئێراق، پێویستە خوێندنەوەیەک بۆ داهات و خەرجی ئێراق و ئەو ڕەوشە داراییە بکرێت کە تێیکەتووە، ڕەنگە بەغدا لە هەموو کاتێک زیاتر ئامانجی ئەوەبێ نەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە پێشنیازێک دەکات کە دەزانێ زۆر زەحمەتە کورد پێی ڕازیبێت.
ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە ڕێککەوتن و وەکوو ساڵی 2019 تەنیا نیوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش -نەک هەمووی- بنێرێت، ئەوا دەبێ مانگانە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان.
بەڵام لەم ڕۆژەدا، بەهای 400 ملیۆن دۆلار بۆ بەغدا زۆر جیاوازترە وەک لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستا ئەو بڕە دەکاتە 28%ی داهاتی مانگێکی ئێراق لە فرۆشتنی نەوت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق، داهاتی ئێراق لە مانگی نیساندا لە فرۆشتنی نەوت یەک ملیار و 423 ملیۆن و 499 هەزار دۆلار بووە، کە ڕۆژانە 3.43 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و بەرمێلێک نەوتی بە 13 دۆلار فرۆشتووە.
بەڵام لە مانگی ئادار، داهاتی ئێراق 2.96 ملیار دۆلار بووە و بەرمیلێک نەوتی بە 28 دۆلار فرۆشتووە، لە مانگی شوباتیش داهاتی ئێراق 5 ملیار دۆلار بووە و بەرمیلێک نەوتی بە 51 دۆلار فرۆشتووە، لە مانگی کانوونی دووەمیش داهاتی ئێراق 6.1 ملیار دۆلار بووە و بەرمیلێک نەوتی بە 60 دۆلار فرۆشتووە.
ئەگەر بەهای ئەو 400 ملیۆن دۆلارەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت لێکبدەینەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
لە مانگی نیسان 400 ملیۆن دۆلار 28% داهاتی ئێراق بووە، لە مانگی ئادار 400 ملیۆن دۆلار تەنیا 13.5%ی داهاتی ئێراق بووە، لە مانگی شوبات ئەو 400 ملیۆن دۆلارە تەنیا 7.9%ی داهاتی ئێراق بووە، لە مانگی کانوونی دووەمیشدا لە سەرەتای ئەمساڵ، ئەو پارەیەی بەغدا وەکوو بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، تەنیا 6.5%ی داهاتی ئێراق بووە.
بۆیە 400 ملیۆن دۆلار ئێستا بۆ ئێراق، چوار هێندە بەهای زیاترە بۆ ئێراق بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم. واتە بە دیاریکراوی بەهای ئەو 400 ملیۆن دۆلارە 430% زیادیکردووە.
بۆیە ئێستا ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکبکەوێت، دەبێ پارە بنێرێت، کە لانی کەم 400 ملیۆن دۆلارە ئەگەر نیوەی مووچە بنێرێت. لەکاتێکدا ئێراق خۆی مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلارە بۆ خەرجییە سەرەکییەکان، وەکوو مووچە و چاودێری کۆمەڵایەتی و خەرجییەکانی دیکە.
تەنیا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، ئێراق چوار ملیار دۆلار کوورتهێنانی هەبووە لە خەرجییە سەرەکییەکان، بۆیە زەحمەتە بەغدا بە ئاسانی بیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکبکەوێت و مانگانە شتێکی پێبدات کە خۆی مانگانە تەنیا بایی 30%ی پێداویستییەکانی خۆی هەیە. [1]