ناونیشان: هۆنگ کۆنگ وەک هەرێمی کوردستانە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #08-07-2019#
ئەوانەی زانیارییان لەسەر هۆنگ کۆنگ هەیە، یەکسەر دەڵێن: نا. بەڵام پرسیارەکەی من لەسەر لەیەکچوونی چارەنووس و سیستمی سیاسی و ئاییندەیانە. لەسەر ئەوەشە کە ئایا هیچ شتێکی هۆنگ کۆنگییەکان هەیە بۆ هەرێمی کوردستان بەکەڵکی بەراوردکردن بێت؟
ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵی هۆنگ کۆنگ کە هێشتاش بەردەوامن، درووست سەلمێنەری بوێژیان ئیدیەمە کوردییەکەن کە دەڵێت: دوو سەر لە مەنجەڵێکدا ناکوڵێن. بیریشمان دەهێننەوە کە گەلی هۆنگ کۆنگی (وەک خۆیان حەزدەکەن وایان پێبگوترێ و پێیاننەڵێن چینی) هاوشێوەی کوردستانییەکان قوربانیی سیاسەتی نادادپەروەرانەی سەت ساڵی ڕابردووی شانشینی بەریتانیان.
ئەوانیش وەک باشووری کوردستان کۆڵۆنییەکی بەریتانی بوون و لەسەرەتاوە چارەنووسیان وا گرێی لێدراوە کە نەتوانن بگەنە سەربەخۆیی. ساڵی 1984، لە ڕێککەوتنێکی سەیر و سەمەرەدا، بەریتانیا هۆنگ کۆنگ دەداتەوە چین و ساڵی 1997 ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت. بنەمای ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە هۆنگ کۆنگ ببێتە بەشێک لە چین، بەڵام ئۆتۆنۆمییەکی فراوانی هەبێت.
هۆیەکەشی ئەوەیە کە هۆنگ کۆنگییەکان فێری ژیانێکی تەواو جیاواز لە چینی کۆمۆنیستی بوون و دەیانەوێ ئەو ستایلی ژیانە بپارێزن. سەیر و سەمەرەیی ڕێککەوتنەکە، کە ئەوکات لەنێوەوەی بەریتانیاش ڕەخنەی زۆری هێنایە سەر مارگرێت تاتچەری سەرۆکوەزیران، ئەوەیە کۆنسێپتێک دۆزراوەتەوە بەناوی (خۆبەڕێوەبەریی تایبەت) بۆ هۆنگ کۆنگ و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ لەسەر بنەمای (یەک وڵات و دوو سیستم) بە پەکینەوە گرێدراوە. گوایە ئەو دوو سیستم و یەک وڵاتییە (واتە دوو سەر و یەک مەنجەڵ) گەرەنتیی پاراستنی ژیانی دیموکراسییانەی هۆنگ کۆنگییەکان دەکات. بەڵام ئێستا چین وردەوردە خەریکی کاڵکردنەوەی دوو سیستمی و گۆڕینییەتی بۆ یەک سیستم، کە بێگومان سیستمە کۆمۆنیستییەکەیە.
هۆنگ کۆنگ لەوەدا لە هەرێمی کوردستان دەچێت کە خەسڵەتی پەیوەندییەکەی لەگەڵ دەوڵەت لە ناوەند نە فیدراڵییە بە مانا زانستییەکەی و نە کۆنفیدراڵیشە، بەڵکوو کۆنسێپتێکە لەنێوان هەردووکیاندایە. هەروەها ئەو ژیانە دیموکراسییەی هۆنگ کۆنگییەکان پێی ڕاهاتوون و ئەو ڕۆحی یاخیبوونەی هەیانە و چینییەکان نەیانکردووە و نییانە، هەمان ئەو شتەیە کە کوردستانییەکان لە ئێراقییەکان جیا دەکاتەوە. قەدەری هەردوو گەلیش ئەوەیە کە سەربەخۆبوونیان لە ئاسۆی نزیکدا نابینرێ و زەحمەتیشە بەزوویی وەدیبێت. بۆیە هەردوولا ناچارن لەگەڵ پایتەختی ئەو دەوڵەتانەی سەروەرییان بەسەر خاکەکەیانەوە هەیە، دەستوپەنجە نەرم بکەن.
لەپەنای شتە لەیەکچووەکاندا، زۆر شت هەن کە وادەکەن هۆنگ کۆنگ لە کوردستان نەچێت. بۆ نموونە هۆنگ کۆنگ یەکێک لە مەزنترین سەنتەر و دەروازە ئابوورییەکانی جیهانە، یەکێک لە گەورەترین دە وڵاتە هەناردەکارەکان و نۆیەم گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری جیهانە. دۆلاری هۆنگ کۆنگیش یەکێک لە سێزدە بەهادارترین دراوەکانی جیهانە. جگە لەوەی زۆرترین ژمارەی باڵەخانەی بەرز (سکای سکراپەر) ی دنیاش هەر لە هۆنگ کۆنگن. ئەم پێگە تایبەتەی هۆنگ کۆنگ وایکردووە کە دەوڵەتی چین، بە و بێمنەتییەی لە هەموو دنیاش هەیەتی، نەتوانێ بۆ نموونە وەڵامی ناڕەزایی هۆنگ کۆنگییەکان بە و ستایلە بداتەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکات وەک لەگەڵ ئویگورەکان و تیبتییەکان دەیکات و لە ڕابردوودا کردوویەتی.
هەرێمی کوردستان تەنانەت یەکێک لەو پلەبەندییانەی سەرەوەشی لە هۆنگ کۆنگ ناچێت، بەڵام ئەو نموونەیە پاساوی ئەوە دەبڕێت کە پێیوابێت بێدەوڵەتی وادەکات لە ئاییندەدا نەتوانێت بگاتە ئەو پلەبەندییانە و بەوە گەرەنتیی پاراستن و پێشکەوتنی خۆی بکات. ڕێگەی یەکەمیش بۆ ئەمە، پرسیارێکی سادەیە: دەمانەوێ خۆمان و نەوەکانمان وەک هۆنگ کۆنگییەکان بە ئابووری و سۆفت پاوەر بەهێز بین و دنیا چاوی لێمان بێت، یان دەمانەوێ هەر وەک ئێستا بمێنین و هاوشێوەی ئۆیگورەکان خەڵک بەزەیی پێماندابێتەوە و داوای پاراستنی مافەکانمان لە حکومەتی ناوەندی بکەن؟ [1]