گەمژەکان لە بەردەم تەلەڤزیۆندا دانیشتوون
(قەسیدەیەکی تایبەت بۆ ئازادیخوازان)
دەق: #ئەبوبەکر کاروانی#
وەرگێڕان: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
چەند لەگەمژەکان دەچین!
سیاسەتمەدارەکان دەبینین
ئاگر لە نیشتمان بەرئەدەن و
پەنجەرەکان و شوشەکان
دەشکێنن
(دواتر) ڕۆڵی بازرگانەکان دێت
بە بیانووی
چاکردنەوەی زیانەکان
ئەوەی کۆمانکردۆتەوە و
ئەو پارەیەی کە پاشکەوتمان کردووە
لێمان وەردەگرن!!!
ئەی گەمژەکان
ئێوە نازانن
هەست ناکەن
سیاسەتمەدارەکان
خزمەتکاری بازرگانەکانن
یەکێکیان ترس وتۆقان
دەڕوێنێت
ئەوی دیکەیان بانگەشەی بنیادنان و
پاراستنی خاک و خەڵک دەکات!
یەکێکی تر ئیرهاب ئەسازێنێت و
پشتیوانی دەکات
ژێرخانەکان و
شوێنەوارەکان
وێران دەکات
زانستمان لێدەدزێت و
تاڵانمان دەکات،
وزە و تواناکانمان بەتاڵ دەکات و
گەمارۆمان دەدات،
ڕێگری بەرهەمهێنان و
داهێنانمان لێدەکات
تەنانەت بێ دوودڵیش
زاناکان ڕەشەکوژ دەکات
تاوەکو لە ژێر دەسەڵاتی بەهێزەکاندا
بمێنینەوە و
ڕەزامەندبین بەوەی کە
لە گروپی لاوازەکان و
زەلیلکراوەکان بین!
هەموو خەمی بەکرێگیراوەکان
و داگیرکەرانیش هەر ئەوەیە
واقیعەکە وەک خۆی و
وەک ئەوەی بەهێزەکان دەیانەوێت
بمێنێتەوە
دەیانەوێت (بێ ئیرادە) و ڕووت
وەک ئاژەڵەکان بین
پەنجەمان نەبێت
شارستانیەتی پێدروست بکەین
دەیانەوێت
شوێنەوارەکان بەجێبهێڵین و
ملکەچی کۆیلایەتی بین!
سەبارەت بە چیرۆکی بازرگانەکانیش:
ئەوان بانک و کارگەیان هەیە
بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان
تاوەکو (سەرچاوە) بێت
بۆ دەستەبەرکردنی (دەسەڵات) و تواناکانی و
سازاندنی واقیع و بڕیارسازی
بەو پێیەی خۆیان دەیانەوێت
دەمانکەنە (بازاڕی ئازاد)
بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی بیرۆکەکان
یان کاڵا و شتومەکەکانی مرۆڤە هیچوپوچەکان!
وە بۆ ئەوەی نیشتمانمان
تەنها کێڵگەیەک ومەزرایەک بێت
یان سەرچاوەی کەرەستە خاوەکانیان بێت
بۆ وەگەڕخستنی کارگە و بانکەکانی
خوێڕیەکان!
هەر بۆیە دەمانبینن
هانا بۆ سیاسەتمەدارەکان دەبەین
تاوەکو لە تیرۆر بمانپارێزن!
لە بانکەکان دەپاڕینەوە و
مەرجەکانیان قبوڵ دەکەین
بۆ ئەوەی قەرزمان پێبدەن!
ئێمەش حەقدەستیان پێبدەین،
تاوەکو لە خراپە بمانبپارێزن و
زیانەکانمان بۆ چاک بکەنەوە،
کە جەنگەکان
لەگەڵ مرۆڤە خراپ و تیرۆریستەکاندا
بەجێیان ھێشتووە و
لە لایەن سیاسەتمەدارەکانەوە دروستکراوە و
بازرگانان تێچوی جەنگەکەیان خستۆتە ئەستۆ!
ئەوەتا ئێمە هێشتا
لەبەردەم تەلەڤزیۆنەکەدا
بە فیلمێکی کۆمیدی پێدەکەنین
کە تیایدا گەورەکان منداڵەکان فێر دەکەن
چۆن ئاشتی لەناو ببەن و
خراپە و زیان دروست بکەن
منداڵێکی (بێ تاوان) دەبینیت
(بە ئەنقەست) پەنجەرەکە دەشکێنیت
تا لە پیاوێکی دەست بڕ بپاڕێینەوە
شووشەکەمان بۆ چاکبکاتەوە! (1)
ئەوەیە ڕووخساری داگیرکەر
مرۆڤە خراپەکان دروست دەکات و
پارەیان بۆ خەرج دەکات و
تیۆرییەکان دادەنێت
بۆ شەڕە (بێکۆتاکان) (2) و
ناتوانێت شکست بە
مرۆڤە خراپە بەهێزەکان بهێنێت! (3)
واشمان لێدەکەن لایەنداری دوژمن بین و
(بێ ئاگا) کاریان بۆ بکەین
و بیانپارێزین!
ئەی ئەو کەسەی کە زۆر
لە بەردەم تەلەڤزیۆندا پێکەنیت
بەبێ ئەوەی توانای خوێندنەوە و لێکدانەوەی
وێنەی واقیع یان وێنەی نێو فیلمت هەبێت
ئیدی کاتی ئەوەیە
درک بە گەمەی گەلان و
یاریزانە گەورەکان بکەیت
بۆ ئەوەی خۆت و
خاکت
لە چنگی خراپەکاران ڕزگار بکەیت و
ڕێگەیان پێ نەدەیت
پێستەکەت داماڵن
یان سامانەکەت بەتاڵان بەرن و
تواناکانت لە ناو بەرن
بە دەنگی بەرز هاوار بکە
(نا) بۆ دەسەڵاتێک
کە تیرۆر دروست دەکات و
پارەی بۆ خەرج دەکات و
ناچارمان دەکات پارە ببەخشین
تاوەکو ئەو کەسەی
لەسەر تەختی خراپەکاری دادەنیشێت
(بپارێزین)
کەسێک کە مرۆڤە
ئازادیخوازەکان دەکوژێت
ئەو ئازایخوازانەی کە کەلەبچەکان دەشکێنن و
داهێنان لەدانانی تیۆرییەکان و هۆنراوەکاندا دەکەن.
سڵاو لەوانەی
مۆمەکان (لەتاریکیدا) دائەگیرسێنن و
بەشداری لەتێکشکانی بتەکان دەکەن
سڵاو لەوانەی
کەرەسە و ئامێرەکان و
دیوارەکان و کەلەبچەکان تێکدەشکێنن.[1]
..........................
1/ ئاماژەیە بەفیلمی کۆمیدی (The Kid) لە دەرهێنان و نواندنی Charlie Chaplin، ساڵی (1921) لەلایەن کۆمپانیای Warner Bros بەرهەم هێنراوە.
2/ ئاماژە بە تیۆری (شەڕی بێکۆتایی) یە کە پێیوایە خێرو شەڕ بەردەوام وەک دوو هێڵی هاوتەریب وان و خاڵی بەیەکگەیشنێکی ئەوتۆیان نییە کە یەکێکیان بەسەر ئەویدیدا سەرکەوێت، بۆیە ھەرگز نەجەنگ کۆتایی دێ و نە شەڕ و خراپەش کۆتاییدان پێدێ!
ئەم تێوریە لە لایەن خوازیارانی جەنگ و دەسەڵاتخوازانەوە سازێنراوە کە وادەکات هیوای سەرکەوتنی باش بەسەر خراپدا بشارێتەوە و گومان لەبوون و هەبوونی بەرەبەیانی ڕاستەقینە و کۆتایهاتنی جەنگ و جەنگخوازان دەکات کە ئەمە پێچەوانەی ڕەوتی مێژو و سرووشت و گەردونە.
3/ وەک تەواوکردنی پەراوێزی دووەم: لەیاسای سرووشت و گەردون وڕەوتی مێژوو، تەنانەت مەسەلەی (عەدلی ئیلاهی) و دادگەری یەزدان و بگرە لەئەدەب و هونەریشدا نییە کە خراپە وخراپەکاران کۆتاییدان نەبێت و مرۆڤ بەخاڵێک نەگات کە تێدا مرۆڤە باشەکان سەرنەکەون، تەنانەت لە جەدەلیەتی مارکسیسزمیشدا مانەوە بۆ (أصلح) باشترینەکانە کە توانا و هێزی خۆراگریان لە بەردەم هۆکارە نالەبارەکاندا هەیە.[1]