ناونیشان: ڕووداو ناسڕێتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #29-06-2015#
لەگەڵ هەر ڕووداوێکی گرنگدا کە هۆکارەکەی ناکۆکیی نێوان دوو پارتی گەورەی کوردستان بێت، ڕووداو خۆی بۆ دوو ڕەوش ئامادە دەکات: یەکێکیان، ئەوەی کە چۆن بە باشترین و خێراترین شێوە ڕووماڵی بکات، دووەمیش، چۆن چەترێک بۆ بارانی ڕەخنە و هەندێکجار قسەی نەشیاوی ئەوانە هەڵبدات کە ڕووماڵەکەیان بەدڵ نییە. لە وڵاتێکدا کە ئەزموونی میدیایەکی وای تێدا نەبووە بتوانێت بە یەک مەودا بەرانبەر هەموو ئاڕاستە سیاسییەکان بوەستێ، هەزمکردنی ئەزموونێکی وەکوو ئەوەی ڕووداو کاتی دەوێت. ڕووداویش کاتی دەوێت بۆ ئەوەی هەموان تێبگەیەنێت کە مەرج نییە هەموو هەواڵێک بەدڵی هەموو کەس بێت.
یەکەمین ڕووماڵی ڕووداو لەسەر ئاگرگرتنی کەمپێکی پەنابەران بوو لە بادینان. بیرمە دەیانوت ڕووداو لەژێر کاریگەریی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی خۆی کە گۆڕانیان خۆشدەوێت بەو ڕووماڵە دەستی بە پەخش کردووە. هەروەها لەو ڕۆژانەدا کە باسی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی گەرم بوو، پەکەکە دەیانوت ڕووداو لە ڕووماڵەکەیدا بەلای پارتیدا دەیشکێنێتەوە، پارتیش دەیانوت پەکەکە ڕووداو بەکاردەهێنێت بۆ کاریگەریدانان لەسەر دانووستاندنەکان. کاتێک #مام جەلال# نەخۆشکەوت و بەدوایدا هێندرایەوە #سلێمانی#، سەرەتا یەکێتییەکان دەیانوت ڕووداو بەئەنقەست مەسەلەی نەخۆشییەکەی مام جەلال گەورە دەکات، دوایی کە ڕووماڵی هاتنەوەی لە شاشەی ڕووداوەوە باشتر لە میدیای یەکێتی کرا، نوێنەری سکرتاریەتی مام جەلال بە چەپکێک گوڵەوە لە دەرگای نووسینگەی سلێمانیی ڕووداوی دا. لە کۆبانێ و #شنگال# و گوڵاڵە و زۆر شوێنی دیکە هەمان ڕێتۆریک و هەمان ڕەخنە لە ڕووداو دووبارەکرانەوە.
هاوکارانی ڕووداو شانازی بەوەوە دەکەن کە لە سەتەلایتی ماڵاندا ژمارە یەک ڕووداوە و بەدوایدا کەناڵەکانی دیکەی کوردستان دێن. بۆیە شانازی بەوەوە دەکەن، چونکە دەزانن ئەمە بەرهەمی ماندووبوون و شەونخوونیی تیمێکی ڕۆژنامەڤانانە کە هەریەکەیان لەدڵەوە پارتێکیان خۆشدەوێت و لە پارچەیەکی کوردستانەوە هاتوون، بەڵام بڕوایان بەوەیە کە دەبێ “یەک ڕووداو بۆ چوار پارچەی کوردستان” هەبێت. دەشزانن ئەوەی ڕووماڵی ئەمڕۆی بەدڵ نەبێت، ڕەنگە بۆ ڕووماڵی سبەی چەپڵە لێبدات.
ئەو ڕۆژنامەڤانانەی لە ڕووداو کاردەکەن، زۆربەیان مەشقی ڕۆژنامەڤانی پرۆفێشناڵی نێودەوڵەتییان وەرگرتووە، بەڵام ئەمە واناکات هەڵە نەکەن. لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، ئەوانیش ڕۆڵەی ئەو کۆمەڵگەیەن کە ساڵەها فێری میدیای ناهاوسەنگ و هەڵچوو کرا. دووەمیش، پرۆفیشناڵێتی لە ڕۆژنامەڤانیدا وەکوو چەپڵە وایە و بە یەک دەست لێنادرێت: تاوەکوو شەفافیەت نەبێ لە سەرچاوەی هەواڵ و سنووری نێوان دەنگۆ و فاکت لە هەرێمی کوردستان هێندە تێکەڵ بن، زووزوو ڕۆژنامەڤان دەکەونە هەڵەوە. هەڵبەت ئەمە نابێتە پاساو بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو.
دەکرێ تۆ کە ئێستا ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە یەکێک بیت لەوانەی ڕووداوت خۆشنەوێت، بەڵام نەتوانیت سەیری نەکەیت یان نەیخوێنیتەوە یان گوێی لێنەگریت. دەکرێ بیریشت لەوە کردبێتەوە کە ڕووداو لەسەر سەتەلایتەکەت و لە ڕیزی پەیجە دڵخوازەکانت و لە ڕادیۆی نێو ئۆتۆمبێلەکەت بسڕیتەوە، بەڵام دەزانیت کە ئەمەت کرد ئەڵتەرناتیڤێکت نییە وەکوو ڕووداو هەموو دیوەکانی هەواڵت وەک یەک پێشان بدات. بۆیە نایسڕیتەوە. چاکیش دەکەیت نایسڕیتەوە و ئەرکی ڕۆژنامەڤانانی ڕووداو بۆ پیشەییتربوون و وردتربوون لە گەیاندنی زانیارییەکان قوورستر دەکەیت. [1]