ناونیشانی بابەت: هەواڵی ساختە لەتەرازووی حەقیقەتدا
دەقی وتاری لیی ماکنتایەر (Lee McIntyre) لەبارەی پەڕتووکەکەیەوە بەناوی “پۆست حەقیقەت”
وەرگێڕان و پەراوێز: #سەنگەر حەسەن نەجم#
دوو پەڕتووکم لەگەڵ خۆمدا هێناوە، یەکێکیان پەڕتووکی “پۆست حەقیقەت”ه، و ئەوی دیکەشیان کۆپیەکی پەڕتووکی “1984”ی جۆرج ئۆڕوێڵە و هی سەردەمی گەنجێتیمە. لەم دواییانەدا ئەم پەڕتووکە زۆر لەگەڵ خۆمدا هەڵدەگرم و هەمیشە بەدەستمەوەیە و زۆرترین وتە و ڕستەی لێ وەردەگرم و بەنموونەی دەهێنمەوە. وتاری ئەمشەوم بە ناونیشانی “هەواڵی ساختە – فێیک نیوز”ە، لەبەرانبەر ئەم حەقیقەتانەی کە هەن لە سەردەمی پۆست-حەقیقەت دا. شتێکی ڕوونە کە دیاردەی هەواڵی ساختە، دیاردەیەکی نوێ نییە بەڵکوو بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی “ڕۆژنامەگەریی زەرد” لە ساڵانی 1890 یان ڕەنگە بەرلەئەوەش. بەڵام ئەم زاراوەیە لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێوەیەکی فراوان بەربڵاوبووە، بە جۆرێک خەڵکی لای وایە کە شتانێکی زۆر لەمبارەیەوە دەزانن تەنانەت گەر واش نەبێت.
لە پەڕتووکە نوێکەمدا، شتانێکی زۆر کەمم باسکردەوە لەبارەی مێژووی سەرهەڵدان و کاریگەرە نەرێیەکانیی هەواڵی ساختە لەگەڵ تەرکیز خستنە ئەو کێشانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بۆ ساڵی 2016 درووستی کرد. من دەمەوێت لێرەدا تەرکیز بخەمە سەر ئەم کاریگەرە مەودا درێژەی جێی هێشتووە، کە ئەمەش مەترسی لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەوانی و دیموکراسی درووست دەکات.
ڕۆڵی هەواڵی ساختە لە کاریگەریی خستنە سەر هەڵبژاردنە هەستیارەکەی ساڵی 2016 ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دەستێوەردانە دەرەکییەکان ناسراوە، لایەنەکانی تریش چەندین هەواڵی هەڵبەستراو و نادرووستیان درووستکرد و لە سۆشیال میدیای وەکوو فەیسبووک و ئەوانی تر بڵاویان کردەوە. خەڵکی وایلێهات تووشی سەرشێوان بوو لەوەی ئاخۆ کامە حەقیقەته و کامە درۆ و ساختەیە، هەروەها بۆ لەمەودوا ئیدی بەکام سەرچاوە باوەڕبکەن. هەواڵە ساختەکان لەگەڵ هەواڵە ڕاستەکان لەکێبڕکێدابوون و بینیمان کە چەندە ئاسانە یاری بەهەستی ڕای گشتی بکرێت و لەگەڵ ئەو هەموو تێچووە زۆرەی کە هەیەتی، ئەمەش نەک هەرتەنیا بۆ متمانە پەیداکردن، بەڵکوو بۆ ئەم ڕۆڵەش کە ڕۆژنامەگەریی دەیگێڕێت لەدابینکردنی ئەم جۆرە زانیارییە وردەی کە شاخوێنبەری ژیانە بۆ گوزەراندن و ژیانکردن لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد. بەڵام هەر لەگەڵ هەڵبژاردنەکان، بینیمان کە چۆن زاراوەی “هەواڵی ساختە” بوو بە چەکێک دژی نەیارانی سیاسی هەر لەگەڵ یەکەم پرێس کۆنفڕانسەوە لە 11 جەنیوەری 2017 دا.
=KTML_Bold=لیی ماکنتایەر: حەقیقەت لە مەترسیدایە=KTML_End=
دۆناڵد تڕەمپ تەنانەت بەرلەوەی سوێندی دەستووریی بخوات وەک سەرۆکێک، ڕەتیکردەوە کە وەڵامی پەیامنێرەکەی (سی ئێن ئێن) جیم ئۆکوستا بداتەوە، بەبیانووی ئەوەی کە وتی “ئێوە سەرچاوەی هەواڵی ساختەن”. لە مانگی شوباتی 2017 دا، تڕەمپ تویتێکی کرد، بەوەی کە “هەواڵی ساختە” دەربڕینێک بوو، لەبەرانبەر دوژمنانی ئەمریکا. هەروەها لە حوزەیرانی 2018 دا دیسانەوە تویتێکی کرد، دوای ئەوەی لەڕاگەیاندنەوە کۆمەڵێک پرسیاری قوڕسی ئاڕاستەکرا سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ کۆریای باکوور، بۆیە ئەو لەتویتەر وا بڵاویکردەوە کە ئەمانە هەمووی “هەواڵی ساختەن و بەتایبەت هەر دوو کەناڵی (ئێن بی سی) و (سی ئێن ئێن) بە ڕژدی هەوڵ دەدەن تاوەکوو لە گرنگیی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆریای باکووردا کەم بکەنەوه”.
گەورەترین دوژمنی وڵاتی ئێمە بریتییە لە “هەواڵی ساختە” کە لەلایەن گەمژەکانەوە بە ئاسانی بڵاودەکرێتەوە. ئەم جۆرە هێرشکردنە سەر ڕاگەیاندنە دەبێت بە جۆرێک تێیبگەین، لەم ڕوانگەیەوە کە دەیەوێت متمانه و میسداقیەتی ئەوانە لاواز بکات کە هەواڵگەلێک بڵاودەکەنەوە، لە بەرژەوەندی سەرۆکدا نییە.
گەر لەسەر ئەوە ڕێککنەکەوین کە حەقیقەت چییە و ئەگەر هیچ حەقیقەتێکیش نەبێت لەبەرئەوەی کە چووینەتە نێو مشتومڕێکی بێ سنوور، کەوابوو هیچ بەرپرسیاریەتێکیش وجودی نابێت
بەگوێرەی ڕاوبۆچوونی جیم ڕۆزین بێت، کە مامۆستایە لە زانکۆی نیویۆرک؛ پێی وایە کە ئەمە داماڵڕانی جیهانە لە حەقیقەت، گەربێت و لەسەر ئەوە ڕێککنەکەوین کە حەقیقەت چییە و ئەگەر هیچ حەقیقەتێکیش نەبێت لەبەرئەوەی کە چووینەتە نێو مشتومڕێکی بێ سنوور، کەوابوو هیچ بەرپرسیاریەتێکیش وجودی نابێت.
لەمکاتەدا کە دامەزراوە یاساییەکانی ڕاگەیاندن بە هەواڵی ساخت تۆمەتباردەکرێن، بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک بەوەی کە ئەمانە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، یان تەنانەت هەواڵەکەیان ورد نییە، ئەوا مانای وایە ئێمە چیتر ناتوانین چاوەڕێی هیچ بەرهەم و دەرەنجامێک بکەین دوای ئەوەی ئەم زاراوەیە دزراوە بۆ ئەوەی لە دژی ئەم هەواڵانە بەکارببرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرۆک یەکناگرێتەوە.
لەڕاستیدا، تڕەمپ لەم چەند مانگەی دواییدا زاراوەی “هەواڵی ساختە” زۆر بەکاردێنێت بەرانبەر هەموو ئەو هەواڵانەی کە بە نەرێنی باس لە ئەو دەکەن، ئینجا ئەم هەواڵانە ڕاست بن یا نا، تەنانەت واخەریکە شوێنکەوتووانیشی هەمان شت دووبارە دەکەنەوە. ڕاپرسسیەک کرا، پێم وابێت لەسەدا 40ی لەگەڵ ئەودا هاوڕا بوون کە هەواڵی ساختە دەربڕی کۆمەڵێک هەواڵی نادرووستن. بۆیە لەژینگەیەکی لەمجۆرەدا تەنانەت “حەقیقەت”یش له مەترسیدایە. کەوابوو لێرەدا دەبێت ڕوون بین لە پێناسەکردنی زاراوەی “هەواڵی ساختە”، لەڕاستیدا “هەواڵی ساختە” لەبەر ئەوە نییە کە هەواڵەکە درووست نییە، بەڵکوو زیاتر مانای وایە کە بەنیازی باوەڕهێنان بەکەسێک یان لایەنێک هەواڵێک درووستدەکرێت بەدەستی ئەنقەست، لەلایەکی تریش دەبێت ئەوە بزانین کە هەر تەنیا لەبەرئەوەی دەزگا و دامەزراوەیەکی یاسایی و ڕێکوپێک هەواڵێکی ساختەی بڵاوکردۆتەوە، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەم دەزگایە ئیتر تەواو سەرجەمی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی ساختەن، مانای ئەوەش نییە کە ئەوان هەواڵێکیان بەدەستی ئەنقەست درووست کردووە بۆ ئەوەی ڕەواج و ڕەوایەتی بدەن بە هەواڵێک و بڵاویبکەنەوە، بەڵکوو ئەو کەسانەی کە ئەم کارە دەکەن دەبێ لە نیەتیاندا بێت بۆ ئەوەی خەڵکان بە لاڕێدا ببەن یان ئەجێندایەکیان هەبێت لەمەڕ ڕاگەیاندنی درۆو ساختەکاریی. سەرنج بدەن کە جیاوازی هەیە لەنێوان بەلاڕێدا بردن و زانیاریی بەلاڕێدابردراو، ئەمە ڕێک وەک ئەو وتەیەی کە دەڵێت: ساختەیی یان فێڵ نابێتە درۆ تائەوکاتەی کەسێک دەزانێت کە ئەمە بە نا-ڕاستیی نووسراوە.
“هەواڵە ساختەکان” ناچنە نێو قاڵبی هەواڵی درۆو هەڵبەستراو، ئەگەر هاتوو نووسەرەکەی بەدەستی ئەنقەست مەبەستی بەلاڕێدابردنی حەقیقەت نەبێت.
لەڕاستیدا، دەزگا ڕاگەیاندنە یاساییەکان، پەیڕه و و کەلتوورێکیان هەیە، کە تیایدا ئەوە ڕەچاودەکرێت نەک هەرتەنیا دوای کۆنگرە و هەواڵە ڕۆژنامەوانییە درووستەکاندا بکەوێت وەکوو ئاشکراکردنی کێشەیەکی شاراوە لە زانیارییەکی دووسەرە و پاشان ڕاستکردنەوەی هەر هەڵەیەک کە دەشێ بخزێتە نێویی، تەنانەت ئەگەر هاتوو ئەمە بەدڵی کەسانێکیش نەبێت، یان هەر هەڵەیەک کە ببێتە هۆی ساختەیی هەواڵەکە. ڕەنگە کەسانێک هەبن لایان وابێت کە تەنیا کاری ڕۆژنامەوان دەبێت ئەوەبێت کە دژی هەموو بەرژەوەندییەکانی کەسانی دەسەڵاتدار بوەستێتەوە.
جۆرج ئۆڕوێڵ دەڵێت: ڕۆژنامە (ڕاگەیاندن) ئەوە بڵاو دەکاتەوە کە ئەویی تر نایەوێت بڵاوبکرێتەوە. هەموو شتەکانی تر بریتین لە پەیوەندییە گشتییەکان، کاری لەپێشینەی میدیاش بریتییە لە گوتنی ڕاستییەکان. ئەمەش مانای ئەوەیە کە تۆمەتی هەواڵی ساختە تەنانەت ئەوکاتەی گومان لەهەواڵەکەش دەکرێت، نابێت ببێتە هۆی هاندانی ئەوەی کە بە ڕۆژنامەنووس بگوترێت ساختەچی و هەواڵەکەش بەساختە لەقەڵەم بدرێت. بەڵام ئەگەر هاتوو هەواڵەکە ورد و ڕوون نەبوو ئەوا دەبێت چەند مەرجێک لەخۆبگرێت بۆ سەلماندنی، ئەم وتەیەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەزگا ڕاگەیاندنەکان لەجۆرێک لە پیلان تاوەکوو ناپاکی له و بەهایانە بکەن کە سوێندیان خواردبوو لەسەری.
یەکەم کێشە ئەوەیە کە هەواڵی ساختە دەکرێت کێبڕکێ لەگەڵ هەواڵی ڕاست دا بکات، کە ئەمەش وامان لێدەکات لەسەر زۆر شتی ژیان بڕیار بدەین، لەنێویشیاندا دەنگدان
من داوا دەکەم کە ئێوە بڕیاربدەن، کامیان لەوەیە کە پیلانگێڕی بێت، ئەوەی کە پیلانگێڕەیەکی جیهانیی لەئارادایە و لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەدەچێت لە دژی ئەمریکا یان تێپەڕین لە سنوورەکان بەشێوەی نایاسایی کەمی کردووە لەبری ئەوەی زیاد بکات لەچاو ئەو دەیەیەی ڕابردوو. با ئێستا بزانین ئەی چی دەبێت ئەگەر حەقیقەتی ئەم باسە ئەوە بێت کە ئەوانەی ئەوانی تر تۆمەتبار دەکەن بە “هەواڵی ساختە”، ئەوا لەڕاستیدا تەنیا زیان بە خۆیان بگەیەنێت، هەروەک بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016. من لەم وتارەدا هیچ شتێک ناڵێم کە بەڕژدی وەرنەگیرێت، چوون ئێمە هەموو بینیمان کە ئەوانەی لەسەر فەیسبووک و تویتەر بانگەشەی جیابوونەوەی ویلایەتی تەکساسیان دەکرد لەویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوا لەلایەن ڕووسیاوە ئاڕاستە کرابوون. لە هەمان کاتیشدا، پێویستە تەواوی ئەم دەنگۆ و تۆمەتانە وەلا بنێین لەبارەی هەر گومانێکی ساختەیی بۆ هەواڵی ساختە، هەروەک کە خۆیان سەرچاوەی وردبینین، ئەوەی کە نەیارانیان پێ تۆمەتبار دەکەن ئەوەیە کە دوو زیان هەیە کە لەگەڵ هەوالی ساختەدا دێن، کاریگەرییەکی کوێرانەی ناسراو هەیە کە دەشێ ڕووبدات هەر کاتێ کەسێک هەڵدەستێت بە درووستکردنی هەواڵێکی نادرووست بەدەستی ئەنقەست، هەروەها کاریگەرییەکی قوورستتری هەیە ئەویش کە وادەکات کەسێک گومان لە هەواڵێکی ڕاست بکات، یەکەم کێشە ئەوەیە کە هەواڵی ساختە دەکرێت کێبڕکێ لەگەڵ هەواڵی ڕاست دا بکات، کە ئەمەش وامان لێدەکات لەسەر زۆر شتی ژیان بڕیار بدەین، لەنێویشیاندا دەنگدان، لەسەر بنەما و پشت بەستن بە ساختەیی. بەڵام کێشەی دووەم ئەوەیە کە دەشێت تۆمەتبارکردن بە هەواڵی ساختە لە دونیای سیاسەت دا بەکاربێت بۆ ئامانجی ئەوەی گومانمان بۆ درووست بکات لەوەی کە ئایا هیچ حەقیقەتێک لەدونیادا هەیە و جیهان هەمووی هەواڵی ساختەیه و ئەمەش وامان لێدەکات کە هەندێک جار تەنانەت سڵ بکەینەوە لە پێدانی زانیاری ڕاستەقینە.
دەشێت گومان و شپرزەیی چالاک بن وەک درۆ، ڕێک وەک ئەوەی وا لەکەسێک بکەیت کە باوەڕ بە درۆ بکات. ئەمەش کاریگەرییەکی دووانەیی کلاسیکییە کە وا لەخەڵکی دەکات هەواڵی ساختە بە درۆ وەربگرن و هەواڵی ڕاستیش بە ساختە و درۆ وەربگرن، دیارە هەردوو حاڵەتیش ترسناکە و زیان دەگەیەنێت، نەوەک هەرتەنیا لەبەر بڕیارەکانمان بەڵکوو لەبەر بەها ڕاستەکان و ئەو بەڵگانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی.
بێگومان چارەسەرێک هەیە بۆ کێشەی یەکەم، کە دەکرێت لە ڕێگەی خۆمانەوە جەخت لەسەر ڕاست و درووستیی بکەینەوە، دەکرێت گومان بخەینە سەر هەواڵەکە و پاشان دڵنیابینەوە لێی، بەکوورتی دەتوانین کارێکی قوورس بکەین بۆ ئەوەی هەواڵی ساختە دیاربکەین تاوەکوو پەسەندی نەکەین و لە هەواڵە درووستەکە دایببڕین. بەڵام ئەی چی دەربارەی کێشەی دووەم؟ ئامراز و ڕێگاکان چین لە دژی ئەم کێشەیە؟ گرنگترین شتانێک چین کە پێمان بکرێت لەبەرانبەر کێشەی دووەم کە دەبێتە هۆی باوەڕنەبوو، تەنانەت ئەگەر دەزگا ڕاگەیاندنە یاساییەکانیش ئاگاداری ترسناکیان بێت، هەروەها پێویستە لەسەر ئێمە کە ئەم گرەوانە بوەستێنین کەلەسەر هەواڵە ساختەکان دەکرێن کە هیچ نییەتێکی نییە جگە لەزیاندان بە هەواڵە ڕاستەکان و ئەمەش تەنیا بۆ مەبەستی سیاسەتێکی ڕەشه و لە بەرژەوەندی حکومەتە ئۆتۆکراسییەکاندایە، ئەوەش نەک هەر تەنیا درۆ لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆی دەکات بەڵکوو بۆ خولقاندنی کلتوورێکی پڕ لە باوەڕنەبوون، کە ناتوانن جیاکاری بکەن لەنێوان ساختە و ڕاستیدا، لەمەشدا کەوابوو مەبەستیان هەرتەنیا بەلاڕێدابردن نییە، بەڵکوو وامان لێبکات کە هەمیشە گومان لەحەقیقەت بکەین، لەکاتێکدا حەقیقەت وا لە بەردەممان دا بێت، هەروەها لایەنێکی تریش هەیە لە کۆتاییدا کە شتانێکیان هەیە حەقیقەت نییە و دەیانەوێت بەئێمەی بفرۆشن، کە ئەمەش سەرەتایەکی ئەزموونکراو و حەقیقەتێکە بۆ دەسەڵاتداریی، هەروەک توێژەری بەناوبانگی فڕنەکانی کارەساتی هۆڵۆکۆست، هانا هۆشداری داوە کە نموونەیەکی دیاریی تۆتالیتارییەت بریتیی نییە لە نازییە پێداگرەکان یان شیوعییە پێداگرەکان، بەڵکوو بریتییە لەوانەی کە جیاوازی ناکەن لەنێوان حەقیقەت و خەیاڵیی حەقیقی هەروەها هەڵە. تیم ساندرز لە دوا پەڕتووکیدا، کە پەڕتووکێکی گرنگە لەبارەی تاغوتی پۆست-حەقیقەت بریتییە لە قۆناغی بەر لەفاشیزیم.
هەواڵی ساختە نەک هەر تەنیا درۆ لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆی دەکات بەڵکوو بۆ خولقاندنی کلتوورێکی پڕ لە باوەڕنەبوون، کە ناتوانن جیاکاری بکەن لەنێوان ساختە و ڕاستیدا، لەمەشدا کەوابوو مەبەستیان هەرتەنیا بەلاڕێدابردن نییە، بەڵکوو وامان لێبکات کە هەمیشە گومان لەحەقیقەت بکەین
تۆ سەیری ئەم جیهانەی دەوروبەرمان بکە که تێیداین، ئەو تۆمەتانەی کە سیاسییە دیموکراتەکان لە خۆراوا ئاڕاستەی ڕاگەیاندنی دەکەن بەناوی هەواڵی ساختە، ئەو دیکتاتۆرانە گاڵتەیان پێدەکەن کە دەیانەوێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە بێدەنگ بکەن کە هەواڵی ڕاست بڵاو دەکەنەوە، ئەو هەواڵە ڕاستەی کە هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەیان دەکات، بەداخەوەش نموونەیێکی زۆرمان هەیە له و ڕۆژنامەنووسانەی کە زیندانی کراون، یان تەنانەت کوژراون لەلایەن ڕژێمەکانەوه کە هەواڵە ڕاستەکانیان هەڕەشە بووە بۆیان.
بۆچی یەکێک ئەم کارە دەکات؟ ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی جیهان بدەینەوە، دەبینین ئەو ڕژێمانەی هەوڵیانداوە کە ڕاستگۆکان بێدەنگ بکەن، ئەوا بەوردی ئەم کارەیان کردووە، چونکە دەیەوێت پارێزگاری لە هێزەکەی بکات بۆ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت کە درۆ لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە بۆ ئەوان کاردەکەن و ڕەنگە ئەم جۆرە حکومەتانە تەواو باوەڕیان بەوە هەبێت کە کەس بە درۆکانیان باوەڕ ناکات، بەڵام هەبوونی دەسەڵاتێک بۆ درۆکردن و نەبوونی هیچ دەنگێک کە تانە لەم درۆیە بدات، ئاماژەی بوونی هێزێکی تەواوه، هەروەک جەیسۆن ستانلی ئاماژەی پێداوە لە پەڕتووکە گرنگەکەی “پڕوپاگەنده، چۆن سەردەگرێت؟”، ئەو دەڵێت: “مەبەست لە پڕوپاگەندە ئەوە نییە کە باوەڕت پێبکات، بەڵکوو بۆ ئەوەیە نیشانت بدات کە کێ سەرۆک و بەرپرسە. لەمجۆرە ژینگەیە لێپرسینەوە لەژێر مەترسی دایه و لەلایەن دێپۆتیزمەوە جێیگاکەی گیراوە. هەر بۆیە من باوەڕم وایە کە ترسیی گەورە لە هەواڵی ساختە هەرتەنیا بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان نییە، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی 2016 بینیمان، بەڵکوو ترسەکە ئەوەیە کە کاریگەرییەکەی ئەوەیە دەکرێت تۆمەتی هەواڵی ساختە بۆ ئامادەسازیی پاشخانێکی کەلتووریی درۆکردن بەکاربێت کە بەتەنیا بەرژەوەندی ئەو کەسانەی تێدایە کە هەوڵدەدەن خەڵکانی پێ فریوبدەن، چوون فریودانی ئەمانە ئاسانترە لەوانەی کە هۆشیار و وریا، هەر بۆیە ئەم کاریگەرییە لەلایەن تڕەمپەوە هەڵقۆزراوەتەوە بەوەی تەنیا مۆڵەت بەم دەزگایانە دەدات ڕووماڵی کۆنگرەکان بکەن کەدەیەوێت و لەلایەکیش هەڕەشە لەوانە دەکات کە پێی وایە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە بەوەی مۆڵەتی ڕووماڵکردنی پرسەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە. دەربڕینێکی ترسناک هەیە دژ بەهەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بەئاشکرا دەیبینین، کە ئەمیش سرووشتی هەڕەشەکردنە لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و تەنانەت دیموکراتیش. ترسناکیی ئەم تەکتیکی پۆست-حەقیقەتەی هەواڵی ساختە هەرتەنیا توندوتیژی نییە بەرانبەر حەقیقەت بەڵکوو توندوتیژییە بەرانبەر هەموو ئەو بەهایانەی کە پێویستن بۆ دەستپێوەگرتنی ئازادیی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و کراوە.
ئەم هەڕەشانە لە سەردەمی تەکنۆلۆژیاو داهاتوو چۆن دەبێت؟ داهاتووی هەواڵی ساختە چییە؟ من لەئێستاوە کەمێک دەتانترسێنم، ئەگەر قسەکانی پێشووم جێگای ترس نەبووبێت، ئەوە بەدڵنییایەوە ئەمە جێگای ترسە. بەداخەوە بەڵام ئێمە هیچ هۆکارێکمان لەبەردەست نییە کە وادابنێین شتەکان بەرەو باشی دەچن، ئەگەرچی فەیسبووک و تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر هەوڵی زۆریان داوە کە نموونەیەکی وریا و زیندوو بن لەهەمبەر گشت کێشەکان و هەواڵی ساختە، و ڕەنگە دوا جەنگیان لە دژیی بەکارهێنابێت. هەروەک ئەم وتەیەی کە دەڵێت ئەگەر تۆ دیوارێک بەبەرزیی 10 مەتر درووست بکەیت ئەوا دڵنیا بە کەسێکی دیکەش پەیژەیەکی 11 مەتری درووست دەکات، جیا لە نووسینێکی سادە و یان وێنەیەک، پێشکەوتنەکان بە جۆرێک داهێنانیان هێناوەتە کایەوە کە بە ساختەییی قووڵ دەناسرێت، کەتیایدا دەنگ و ڕەنگ (ڤیدیۆ) بەدڵی خۆیان دەستکاری دەکەن و بە جۆرێک تۆ بەچاوی ئاسایی لەڕاستەقینەی جیا ناکەیتەوە و بەگوێچکەی ئاسایی نازانیت کامە حەقیقەتەکەیە.
من کە لەڕێگادا بووم کە لە ڕادیۆی نیشتمانی بیستم کە کۆنگرێس سبەی دانیشتنێک سازدەکات سەبارەت بە “ساختەیی گەورە” لە لیژنەی هەواڵگریی، ئەگەر تۆ دەتەوێت نموونەی ئەمە ببینیت لەڕووی دەنگەوە، ئەوا کۆمپانیایەکی کەنەدی هەیە بەناوی Lyrebird کە لەسەر گەشەپێدانی تەکنیکێک کاردەکات بەوەی دەیەوێت نموونەیەک لەدەنگی کەسێک (ماوەکەی یەک خولەک بێت) بگۆرێت بۆ فەرهەنگێکی جیهانی. ئەمە واتای ئەوەیە کە لەڕووی مەبدەئەوە دەکرێت هەر دەنگێکمان بوێت گوێبیستی بن و تەنانەت ئەوانەش کە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەمجۆرە لەمە بەدوا هیچی دیکە دەنگیی کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتیی بەکارنابەن. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم جۆرە تەکنۆلۆژیایە بۆ کاری تری زۆر خراپ بەکاردێت و هەروەک دەشزانن کە تەکنۆلۆژیاش هەمیشە بێ خەوش نییە، کێ هەیە باوەڕی بەوە نەبێت کە ڕەنگە ڕۆژانێک بێت زۆر لەوە زیاتر بەرەوپێش بچێت و نەوەک هەر بە تەنیا بۆ پزیشکانیی پسپۆڕ بەردەست بێت، بەڵکوو بۆ خراپەکاران و سیاسییەکانیش، ئەوانەی کە هەمیشە دەیانەوێت بە لاڕێدا بمانبەن، ئینجا ئەگەر ئەمجۆرە تەکنۆلۆژیایەی دەنگەیان لەبەردەستدا بێت ئاخۆ چی بکەن.
بیر لە گوێگرتن لە فۆتۆشۆپ بکەوە! نەک هەرتەنیا لە یەک وێنەدا، بەڵکوو لەتەواوی گرتە ڤیدیۆیەک، بەڵام بەشە ترسناکەکە ئەوەیە کە دەکرێت لە کاتی ڕاستەقینەدا بەکاربێت، هەروەها لەکاتی ئێستادا ئێمە دەتوانین بەسەرنج دان لەڤیدیۆکە و وردبوونەوه و لێی بۆمان دەربکەوێت کە ئاخۆ قسەکان و شێوازی جووڵانەوەی لێوەکانی یەکدەگرێتەوە
جگەلەوەش ئەگەر ویستیان لەگەڵ گرتەی ڤیدیۆیی ڕێکی بخەن! وەکوو ئەوەی لە یەکێک لەپڕۆژەکانی زانکۆی ستانفۆڕد پەرەی پێدەدرێت، بەناوی پڕۆژی “ڕووبەڕوو”، کە ڕێگە دەدات بە شیان و ڕوودانی شتێک پێی دەگوترێت “گرتنی ڕووخسار”، بیر لە گوێگرتن لە فۆتۆشۆپ بکەوە! نەک هەرتەنیا لە یەک وێنەدا، بەڵکوو لەتەواوی گرتە ڤیدیۆیەک، بەڵام بەشە ترسناکەکە ئەوەیە کە دەکرێت لە کاتی ڕاستەقینەدا بەکاربێت، هەروەها لەکاتی ئێستادا ئێمە دەتوانین بەسەرنج دان لەڤیدیۆکە و وردبوونەوه و لێی بۆمان دەربکەوێت کە ئاخۆ قسەکان و شێوازی جووڵانەوەی لێوەکانی یەکدەگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ ئەمە ڕاستە یان نا، بەڵام لەم تەکنۆلۆژیایەدا هەموو ئەم شتانەش تێپەرێنراوه و تەنانەت بەبێ پۆشینی ماسک، بۆیە ئێمە نازانین کە ئەمە ڕاستە یان نا.
ئێمە ئێستا کە لێرەدا قسە دەکەین، دوورین لەمە، بەڵام ڕەنگە بۆ کاتێکی تری کەم ببینین پارچەیەک لەم ڤیدیۆیە ساختە بکرێت و ئەمەش نزیکە و ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنەکانی 2020 بیبینین، ئەوکات ئێمە بەتەواوی دەتوانین بەلێکدانی ئەم داهێنانانە هەر ڤیدیۆیەک، ئینجا وتار بێت یان وانەیەک، دەتوانین بیگۆڕێن بۆ ئەو قسەکردنەی گە دەمانەوێت و لەخەیاڵماندا هەیە.
بەنموونە هەر لەهەفتەی ڕابردوو لەجیاتی ئەم ڤیدیۆیەی کە خاو کرابوویەوه و وای نیشان دەدا کە نانسی پیلۆسی سەرخۆشە یان بەملاولادا دەچێت، دەتوانین بیگۆڕین و ساختەی بکەین و بیکەین بەوەی کە ئێمە مێگان مارکیلمان بە خراپ ناوزەند نەکردووە. هەرکاتێک گرتە ڤیدیۆیەک هەبێت دەتوانین هەرشتێک بمانەوێت بیگۆڕین تیایدا و پاشان بپرسین ئاخۆ کامە ڤیدیۆ ئۆرجیناڵەکەیە و کامە ساختەکەیە!
ئێستا نرخی ئەم ئاڵنگارییە گەورەییە دەزانین کە سەبارەت بە ساختەیی زانیاریی هەبووە و لەگەڵ هەواڵی ساختەدا جەنگاوە و بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی نووساوە یان بینراوە و لەگەڵ هۆکارەکانی تری وەکوو کاسێتی ڤیدیۆیی گواترێکی سیاسی وەکوو بەڵگەیەک وابوو لەبەردەستان لەوەی بیسەلمێنێت کە بەڕاستی چی ڕوویداوە، بەڵام ئەی ئێستا چی کە ئیدی تەنانەت بەڵگەیی ڤیدیۆیی و بەڵگەی دەنگی وەکوو بەڵگە هەژمارنەکرێت، چونکە بوونی ئەم جۆرە تەکنۆلۆژیایە قووڵە، گومان لە درووستیی ڕەسەنیی بکات، چوون هەموو کەس دەتوانێت بۆنی تیۆری پیلانگێڕیی تێدا بکات و دەشێت هەموو شتێک ساختەبکرێت. لەڕاستیشدا ئەم شتە دەمێکە بوونی هەیە، کاتێک دەبینی “دەنگێک” ئاڕاستە دەکرێت وەکوو بەنموونە دەنگی جاڕسکەر و بێ ئابڕووانەی لەنێو ستۆدیۆکانی سینەمایی هۆڵیود، دواتر دۆناڵد تڕەمپی کاندید لەسەرەتادا داوای لێبوردنی کرد، پاشان لەگەڵ پرسیارەکاندا ڕێی کرد سەبارەت بەوەی کە چی لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەگەر ڤیدیۆکە دەستکاری کرابێت و ساختەبێت. لەبارەی ئەم ڤیدیۆیەی کە بە لیستەر هۆڵت دەڵێت یان لە یەکێک لەچاوپێکەوتنەکانی کەناڵی (ئێن بی سی) دەیڵێت، بەوەی ئەو جەیمس کۆمی دەرکردووە لەترسیی بەهۆی ترسەکانی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانیی ڕووسیا، دواتر تڕەمپ وای پێشنیاز کرد کە ڕەنگە هۆڵت ڤیدیۆکانی ساختە کردبێت. ئەم بەهانه و نکۆڵییکردنەش بەشێوەیەکی بەرفراون ڕەتکرایەوە لەژێر ڕۆشنایی بوونی بەڵگەی دەنگ و ڕەنگیی، بەڵام ئاخۆ چی ڕوودەدات ئەو ڕؤژەی کە ئەم تەکنۆلۆژیا قووڵە دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێت.
ترسەکە هەر ئەوە نییە کە ئەوەی ئێمە دەیبنین ڕەنگە هەواڵێکی ساختە بێت، بەڵکوو ترسەکە ئەوەیە کە ڕەنگه لەمەودوا گومان لە هەموو شتێکی ڕاست و درووست بکەین
بەڕاستی ئەمە شتێکی گاڵتەجارییە کە لەگەڵ هەموو بەرەوپێشچوونێکی تەکنۆلۆژیا، متمانەی ئێمەیش بەمانە زیاتر دەبێت کە کار لەسەر ڤیدیۆ، دەنگ، نووسراو و بینراو دەکەن. ترسەکە هەر ئەوە نییە کە ئەوەی ئێمە دەیبنین ڕەنگە هەواڵێکی ساختە بێت، بەڵکوو ترسەکە ئەوەیە کە ڕەنگه لەمەودوا گومان لە هەموو شتێکی ڕاست و درووست بکەین. جارێکی تر، هانا ئاڕێنت پێمان دەڵێت کە تەریببوون لەگەڵ ڕابردوومان ترسێکە بۆ زۆرداریی داهاتوو.
ئاڕۆن دەڵێت لە جیهانێک کەلێی تێناگەین و هەمیشەش لەگۆڕاندایە، خەڵکی گەیشتوونەتە خاڵێک کە بەهەموو شتێک باوەڕدەکات و لە هەمان کاتیشدا بەهیچ شتێک باوەڕناکات، پێی وایە هەموو شت دەکرێت ڕووبدات و لە هەمان کاتیشدا هیچ شتێکی ڕاستەقینە بوونی نییە. سەرکردە تۆتالیتارەکان پڕۆپاگەندەکانیان لەسەر بنەمایەکی ڕاستی گریمانەیی سایکۆلۆژی بنیات دەنێت، لەژێر هەندێک بارودۆخدا کە یەکێک بتوانێت وا لەخەڵکی بکات سەرسامترین دەربڕین ئەوەیە کە لایان وابێت بۆ ڕۆژی دواتر ئەگەر بەڵگەیەکی وایان پێدرا بەدرۆنەخرێتەوە، ئەوا بەرەوە گاڵتەجاریی دەچن، و ئینجا ئێمە لامان وایە کە مەترسیی هەواڵی ساختە هەرتەنیا ئەوە نییە کە تۆ بەرەو باوەڕنەبوون دەبات بە شتێکی درۆ، بەڵکوو کارەسات ئەوەیە کە بەرەو ئاقارێک دەتبات پرسیار بکەی ئاخۆ ئەسڵەن هیچ شتێکی ڕاست و درووست وجوودی هەیە!
من لێرەدا کۆتایی بە وتارەکەم دەهێنم بە نموونەیەک لە پەڕتووکە دڵخوازەکەم، ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆڕوێڵ، لە یەکێک لەدیمەنەکانی کۆتایی ئەم ڕۆمانە، ئازاردانی ونستۆن سمیثە لەژێرزەمینی وەزارەتی خۆشەویستی، بیرتات بێنمەوە کە وەزارەتی ڕاستی ئەو وەزارەتەیە کە درۆت لەگەڵ دەکات. وەزارەتی خۆشەویستی ئەو وەزارەتەیە کە ئەشکەنجەت دەدات، وینستۆن لەوێدا ئەشکەنجە دەدرێت چونکە سوورە لەسەر ئەوەی کە وەڵامێکی درووست بداتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە دەڵێت 2+2 دەکاتە چەند؟ ئینجا لەگەڵ هەر وەڵامێکی ڕاست، وینستۆن کارەبای لێدەدرێت لەلایەن مامۆستاکەیەوە (ئۆوبڕاین) تاوەکوو تەواو بەرەو کەناری شێتی دەیبات. هەر لە ڕۆمانەکەوە هاتووە، کاتێک لێی دەپرسێت، وینستۆن ئەمانە چەند پەنجەن، هاوار دەکات چوار، چوار بوەستە بوەستە، تۆ چۆن دەتوانی ئاوا بەردەوام بیت، ئەی ئێستا چەند پەنجەن پێنج، پێنج… ئەو دەڵێت نا وینستۆن تۆ ڕاست ناکەیت هێشتا هەر پێت وایە کە چوار پەنجەیە بەڵام بەدرۆ دەڵێیت پێنج، ئەو دەڵێت: چەند پەنجەن، چوار یان پێنج یان هەر چەندێک حەزت لێیە با ئەوەندە بێت بەڵام هەرتەنیا ئازاری ئەم کارەبا لێدانە بوەستێنە. لەپڕ لەنێو دەستەکانی ئۆبڕایندا لەهۆش خۆی دەچێت بۆ چەند چرکەیەک، ئینجا دەست و قاچی بەستراویی دەکەنەوە و ئۆوبڕاین پێی دەڵێت: ونستۆن تۆ زۆر بەخاویی فێردەبیت. ئەو دەڵێت باشە من چۆن بزانم ئەوەی لەبەرچاومە 2+2 هەندێکجار دەبێتە چوار، زینستۆن هەندێکجار دەبێتە پێنج و هەندێکجاریش دەبێتە سێ و هەندێکجاریش هەموویانە، بەڵام تۆ دەبیت کە هەوڵ بدەیت، ئەمە شتێکی هێندە ئاسان نییە کە بتەوێت ژیر بیت.
=KTML_Bold=پەراوێزەکان:=KTML_End=
- پەڕتووکی “پۆست-حەقیقەت” یەکێکە لە پەڕتووکەکانی دکتۆر لیی ماکنتایەر، واتە هی نووسەر خۆیەتی.
- لەتەواوی وتارەکە ئاماژە بەپەڕتووکی “بەرەو کۆیلەیی”ی فردریک هایک نادرێت، کە باوەڕ وایە، جۆرج ئۆڕوێڵ، سروشی ڕۆمانەکەی خۆی لەم وەرگرتووە.
- مەبەست لێی ئەم ڕۆژنامەیەیە کە بەدوای هەواڵی ناڕاست و، وەیان زیادەڕەوی دا دەگەڕێت. لەمڕۆدا ئەمجۆرە نموونانەمان زۆرن، جگە لەوەش “میدیای سێبەر” نموونەیەکی بەرچاوە.
- ئەمە دەستەواژەیە لای تڕەمپ بووەتە باو، بە جۆرێک نەک هەرتەنیا لە پرێس کۆنفڕانسەکان، بەڵکوو لەزۆربەی تویتەکانی بەکاری دەبات.
- وەکوو دیاریشە، هەر ڕۆژنامەنووسێکی باشوور لە دەزگایەکی حیزبی کاربکات بەمە تاوانبار دەکرێت.
- ئەمە خاڵی مەبەستی فەلسەفەکەیە، کە کاریگەریی هەوالی ساختە لەوەدا نییە کەسێک گومان بخاتە سەر هەواڵێکی نادرووست، بەڵکوو ئیدی وای لێدێت کە نەک هەرتەنیا گومان، بەڵکوو هەواڵی ڕاستەقینەش ڕەت بکەینەوە و ئەمەش لەڕۆژگاریی ئێستاماندا بەڕوونی دیارە. زیاتریش لەوە، کە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی زمانحاڵیی حیزبی، لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە هەواڵەکانیان بە نا-درووست لەقەڵەم دەدرێت، تەنانەن ئەگەر هەواڵەکەش ڕاست بێت.
- لەئێستادا بازاڕی گەرمی “هەواڵی ساختە” کات و ساتی هەڵبژاردنەکانە.
- لە جیهاندا تا ئەمڕۆکەش زۆرێک هەن کە “هۆڵۆکۆست” ڕەت دەکەنەوه و بەدرووستکراو وەسفی دەکەن.
- نموونەکانی #سەردەشت# عوسمان، #سۆران# و ویدات، دیارترینی نموونەی ئەم حەقیقەتە تاڵەن لە باشووردا.
- جاران لەنێو کوردەواریدا دەگوترا، کە “بێدەنگی نیشانەی ڕازیبوونە” بەڵام ئەگەر ئەوە بۆ ئەو سەردەمە گونجاو بووبێت، ئەوا بۆ ئێستا شتێکی ترە، ئێستا بێدەنگی نەک هەر واتە ڕازیبوون، بەڵکوو واتە “پشتگیریکردنیش”، زۆرینەی ئەم حکومەتانەش بەمجۆرە کاردەکەن، و باش دەزانن کە ئەم درۆیانەی دەکرێت ناشێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە باوەڕی پێبکرێت، بەڵام کاتێک ئەوان بێدەنگ دەبن، ئەمە واتای ئەوەیە کە نەک هەر لەم درۆیە ڕازین، بەڵکوو پشتگیریشی دەکەن.
- Despotism دیپۆتیزم، حکومەتی زۆرداریی یان ئیستبداد.
- لەخولی پێشووی پەڕڵەمانی کوردستان ئەمە پەیڕه و دەکرا و تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت تەنیا ڕێگە بەچەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەدرێت سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆڕۆنا بکات و چەندان نموونەی تریش.
- لەم بەستەرەی بەرنامەی تێد، دەتوانی بچیتە نێو دەروازەی ناساندنی ئەم تەکنۆلۆژیایە! https://www.ted.com/talks/supasorn_suwajanakorn_fake_videos_of_real_people_and_how_to_spot_them/transcript?language=en
- لەم سەروبەندی پەتای کۆڕۆنایە، دەتوانین بلێین گشت سەرکردەکان جیهان لەبارەی پرسی جیاجیا بە “ماسکەوە” دەرکەوتن و لێدوانیان دەدا، ئێستا ڕەنگە پێویست بەم تەکنۆبۆژیایەش نەبێت، چونکە لەژێر ماسکەوە لێدوان دەدرێت و تۆ ناتوانیت سەیری لێوەکانی بکەیت!
- وتارەکە هی ساڵی 2019یە.
- چۆمسکی پێی وایە کە ئەم پرسی دەست تێوەردانەی ڕووسیا بە هێز و پارە بێدەنگ کرا. [1]