ناونیشانی بابەت: بارزانی و زیاتر لە پەیامێک
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
هەردوو سەرکردایەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، بەنزیکەیی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕای گشتی بە چاوی خۆیان ئاستی کاریگەریی هەرێمی کوردستانیان لە «بارزان» بینی. هەمووشیان بە تەواوی لایەنە ئێراقی و شاندە بیانییەکانەوە ئاستی کاریگەریی کاک #مەسعود بارزانی#یان بینی کە زیاترە لە سەرۆکێک؛ لە ڕابردوو، ئێستای ئێراق و کوردستان و ناوچەکە توانیویەتی و دەتوانێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت. بەدڵنیاییەوە، نەیارەکانی پارتی و هەرێمی کوردستانیش لە ناخەوە ئەم ڕاستییە دەزانن، بەڵام بە «وتن» ددانی پێدا نانێن!
لەبارەی دەست پێکردنی شەڕی ئیرادە بۆ هەستانەوەی کوردستان، بارودۆخی شۆڕش لە سەرەتای (1964) دا، مام هەژاری موکریانی لە «چێشتی مجێور» دا دەنووسێت: هەشتا هەزار جاش و سەرباز بە تیر بار و تفەنگ دەسڕێژیان دەکرد. هەموو چەکداری پێشمەرگە لەو ناوەدا بە حاڵ دەگەیشتە پێنج سەت کەس. ئێران و تورکیا بنکەی سەربازییان لە #کەرکووک# بۆ بەرگری لە #بەعس# دانابوو. دەیانوت تەیارەی ئینگلیستانیش بەشەو لە قوبروسەوە دێن و بەشی خۆیانی تێ دەخەن (لاپەڕە: 345) . ئەوە بێجگە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کوردستان لەو کاتە هەستیارەدا، بێجگە لەوەی لەوکاتەدا، چەندین عەشیرەت هەر لە سنووری بادینان دژایەتی و دوژمنانەتیان بۆ شۆڕش و بۆ ڕەوانشاد مەلا مستەفا سنووری ئەوەی تێپەڕاندبوو کە کەوتبوونە لاتەکی ڕژێم بۆ لە بەین بردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. بەڵام سەرئەنجامەکەی ڕێککەوتننامەی (11ی ئازاری 1970) بوو کە پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بارزانی توانییان وا بکەن سەددام حسێن سازشیان بۆ بکات. سەدام! کەس لەو ڕۆژگارەدا نە لە سەدام دڕندەتر بوو، نە بەهێزتربوو لە ئێراق و ناوچەکەدا.
من لەم نووسینەدا، بانگەشە بۆ ڕەنگ کردنی کوردستان، یاخوود ئەوە ناکەم کە هەموو شت لە سفرەوە تا سەت بارزان و بارزانییەکان کردوویانەو دەیکەن، بە بێ پاڵپشتی خەڵک، پێشمەرگە، سەرکردەکانی تر، هەزاران مرۆڤی لە خۆ-بووردووی دیکە ئەستەمە هیچ کرابێت و بکرێت. بانگەشەی ئەوە ناکەم، کە ئیتر وتاری بارزانی و پارتی سەرکەوتن و هەموو ئەوانەی تر دۆڕاون. بە پێچەوانەوە، سەرەتاو کۆتایی سەرکەوتنی وتارەکەی بارزانی لە میانەی ناساندنی مێژووییەکی نزیک و هۆکارەکانی پێویست بوونی «یادگەی نیشتمانیی بارزان» ئەوەیە کە دارێک لە بارزان ناڕوێنن بۆ ئەوەی هەموو کەس بچێتە سێبەرەکەی، بەڵکوو لە ڕێگەی پێکەوەژیان و یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانەوە کوردستان دەکەنە سێبەرێک بۆ هەمووان.
لە هەرێمی کوردستان سیاسەتی ئابووریی و میدیایی و کۆمەڵایەتی هەڵە گیراونەتە بەر، بۆیە دەرئەنجامی هەڵەی لێکەوتۆتەوە و هەمووان زیانیان تێدا کردووە؛ پێش خەڵکی کوردستان خودی حیزبە سەرەکییەکان و کەسە یەکەمەکانیان بەهۆی کەمبوونەوەی ئینتیماو کاڵبوونەوەی متمانە وە زەرەرمەندی یەکەم بوون. بۆیە ئەگەر خوازیارن مێژووی خۆیان بە گەورەیی ڕابگرن و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە پارێزراویی بهێڵنەوە، دەبێ هەمووان لە چوارچێوەی پەیامەکانی ئەو سەرۆک بارزانییەدا دەست بە پارادایمێکی نوێ بکەن. بۆ نموونە بارزانی دەڵێت و دەیسەلمێنێت ڕێبازی بارزان بەرز- ڕاگرتنی ژینگەیە؛ پێویست ناکات بەرانبەرەکانی خەریکی خراپ لێکدانەوەی ئەمە بن، بە قەدەر ئەوەی گرنگە پێکەوە سیاسەتێکی ژینگەیی درووست بگرنە بەر. کاتێک بارزانی هەستی پێکردووە و لە چەندین بۆنەدا دەستی خستۆتە سەر کرۆکی برینەکانی ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵگەی کوردیی دەڵێت: پێویستە کار لەسەر پەروەردەکردنی تاکی کورد بکەین و کەسێتی مرۆڤی کورد بینا بکەینەوە. ئیتر پێویستە لەمەولا هەرکەسێک ئیشی لەسەر شکاندنی کەسێتی تاکی کورد کرد (بە بەرپرسانی پارتیشەوە کە کەمیان نەکردووە) بە بارزانی بناسێنن.
ڕق و کینە و وتاری پۆپۆلیستی کەسی بە هیچ کوێ نەگەیاندووە؛ کاتەکەش دەکوژێت و دەرفەتە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکانیش بۆ کورد لە دەست دەدات. لەبەرئەوەی هەمووتان پێتان وایە پەیامەکەی بارزانی مێژووییە؛ پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە؛ هیچ کێشەیەکی وا لە ئارادا نییە کە بە دیالۆگ چارەسەر نەکرێت، لە ئێستا زووتر نییە ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگرن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تەحەداکان ببنەوە و دەرفەتەکانیش زیاتر بکەن.
بە دەرفەتتان نەزانی و ڕێگەتان نەدا تا ڕەوانشاد «مام #جەلال تاڵەبانی#» لە ژیاندا بوو کۆی کێشەکان چارەسەر بکات؛ بگرە زۆرجار تاڵەبانی باوک بەسەر چاوەی کێشەکان دەزانرا؛ بەڵام دواتر هەزاران ئاخ و داخ بۆ نەبوونی ڕەوانشاد #مام جەلال# لە گۆڕەپانەکەدا هەڵکێشرا و دەکێشرێت و، دوای ئەو هیچ شتێکی باشتر نەهات. هەموو کێشەیەک بۆ بوونی بارزانیش لە گۆڕەپانەکەدا درووست کرا، بەڵام ئەگەر تەماشای هەرێمی کوردستانی پێش هەڵبژاردنەکانی (2021) و دواتر لە یەک ڕووەوە بەراورد بکەیت دەزانیت بارزانی بەڕەی لەژێر پێی تەواوی لایەنە ئێراقییەکان دەرهێنا؛ پێش ئەو بەروارە هەر لە جەلاولاو #خانەقین#ەوە تا دەگەیشتە فڕۆکەخانەی #هەولێر# و ناو شاری هەولێر، تا سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە شەنگال بە دەست هێرشی درۆنی و مووشەکیی میلیشیا ئێراقییەکانەوە ڕەزالەتی بوو، دواتر بارزانی بە ڕێککەوتنی- ڕانەگەیەنراوی خۆی لەگەڵ چەند لایەنێکی سەرەکیی ئێراقیی وەهای کرد کە ئەو گرووپە میلیشیایانە تاکە یەک کورسیی پەڕڵەمانیی لە ناوچەکانی هێڵی تەماسیی لەگەڵ کوردستان بە دەست نەهێنن. بە حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سوودانییشەوە بارزانی کلیلی سەرەکی پێکهێنانی بوو.
لەبەرئەوەی «بارزانی» ئەوەندە کاریگەرە، بێگومان تەواوی فشارەکانش: فشاری ئێران، تورکیا، #پەکەکە#، لایەنە ئێراقییەکان، بەریتانیاو ئەمریکا، لایەنە کوردییەکان، ناوخۆی پارتی و حیزبەکەی خۆی لەسەر ئەون. ئێستاش کە هەمووان لایانوایە:« پەیامەکە مێژوویی بوو» بێزەحمەت بە هەمووتان سەرەتایەکی نوێ و مێژووییەکی نوێ دەست پێ بکەن. [1]