ناونیشانی بابەت: لەئاوێنەی لۆزاندا کورد خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێت
ئامادەکردن: #سالار مەحمود#
سەد ساڵ لەمەوبەر دابەشبوونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست بوو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی ڕێکەوتننامەی سیڤەرو لەبەرچاوانەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاهیرە لە ساڵی 1920 داڕێژرایەوە کورد بووە قوربانیی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە درووستبوودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی هێزێکی سیاسیی کاریگەریی کوردستانی، بیرۆکەی درووستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بوو، بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چوارچێوەی لۆزاندا.
نەک هەر ئەوە، بیرۆکەی درووستبوونی کۆماری سووری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵکرایەوە. ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لە خەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست هەڵگرتبوو، بوونە بەشێک لە پەرتکردن و ڕاگواستنی کورد. لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا درووستکرد، دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان. سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دووەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە. بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لەلۆزان؟ کورد خۆی بەچییەوە سەرقاڵکردبوو ئەو دەمە؟ بۆچی ئەرمەنەکان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان هاوسۆزنەبوون بۆ کورد؟ لە 143 مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەهاتووەو ڕێکەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟ لێکەوتەکانی لۆزان بۆ هێشتا بەردەوامە؟ هۆکارەکانی پشت ڕێکەوتنی لۆزان چی بوو؟ پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا هەن و پێویستیان بە گفتوگۆی هێمن و زانستی هەیە، دوور لە سۆزگەرایی و خۆدزینەوە لە ڕاستییە مێژووییەکان.
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر هەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نا دەوڵەتی لە هەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتوو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبووە لە گۆشەیەکدا گەر هەبووبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکییەوە!. هەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند، بەڵکوو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بە نەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆمەڵکوژی #دەرسیم# و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری، بەرکوڵی ئەو ڕێکەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیای نوێ بوو. لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بوو، ئێستا کورد ئامادەیی هەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.
ئەوسا کورد نەناسراو بوو پێگەکەی نەدەخوێنرایەوە، ئێستا کورد لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناسراوەو پێگەی سیاسی هەیە، لە ڕۆژاوای کوردستان کانتۆنی هەیە، لە باشوور هەرێمێکی فیدراڵی هەیە لە ناو دەوڵەتی ئیراق پێگەی دەوڵەتی هەیە. لەوەش دڵخۆشکەر تر ڕەوەندێکی بەهێزی کوردستانی لەتاراوگە بوونی هەیە. لە باکوور فراکسیۆنی پەڕڵەمانی هەیە و سەنگەرێکی بەهێزی هەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا. لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشوورو ڕۆژاواش تا ڕادەیەک بوونی گەندەڵی پو پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یەک وتاری لە پرسە سیاسییەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسییەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام هێشتا هەر هێزەو گەر بەباشی بۆ پرسە باڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکار بهێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ، بەڵام گوڕە سیاسییەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچە و هێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن، یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن.
ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمتر کوردی لێ بوو، ئێستا چەندان لۆرد پەڕڵەمانتارو ئەندامی ئەنجوومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆ لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا هەن. ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی لۆزان هەر بەردەوامە. تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی هێشتا ملهوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و ڕاسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کولتووریش بە کورد ڕەتدەکاتەوە. لە ساڵی 1999 لە لوتکەی هلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و ڕێکاری بەدەنگەوەهاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست، بەڵام تورکیا لە ماوەیەکی کەمدا دەریخست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکسل لە ساڵی 2006 لە وەک پاڵێوراویش ناوی سڕایەوە.
هەر سەبارەت بەم پرسە لە 96 ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان وتارێکی داو ڕایگەیاند کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانییەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکووری سووریاو ئیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی هەردوو بەشەکەی کوردستان بوو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن. لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لە ماوەی 100 ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووەو هەر هیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە. لۆزان هەر بەرکارەو هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێهێنانی، بەڵام لەناو هاوکێشەکانی ناوچەکەو جیهانیشدا هێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی درووست بکەن.
لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بوو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکارییە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێهێشت. هەموو پڕۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە دەرهەق بە کورد ئەنجام دراون، لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن. بە ئاوڕدانەوە لە 100 ساڵی ڕابردوو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتییە، بە بەرگەگرتنی ئەو هەموو زلهێزە مرۆڤکوژو بێبەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نییەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کلتوورو زمان ڕەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە. لۆزان ڕەگێکی قوڵی لە مێژوودایەو لەئێستاماندا هێشتا هەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژووەش بۆ وانە وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی هەرزانن بۆ بەرژەوەندی گرووپێکی بچوک و بە ڕێگایەکی نانیشتمانی لە ڕێگەی یاریکردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتییە بێ پێزە بەجوانی وێنا بکەن.
لەسەر دەستی خود ویستی و ڕەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزموونی سی ساڵەی هەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕدەبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانە دەنگە نیشتمانییەکان وزە نوێ و زانستییەکانی کوردستان لە ماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە ڕەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو ڕوونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا، ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری گرووپی سیاسی بچوک. سەدەی نوێ سەدەی کورد و هەڵگەڕانەوەی سەرجەم هاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژووە درەنگ یا زوو ئەوە ڕوودەدات. تا ئەوساتەی جیهان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی بەبێ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی مێژوو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە هەرگیز ئۆقرەیی بەخۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم هاوکێشە و لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەد ساڵە براوە نەبووە، ئاوەهاش براوە نابێت.
لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکوو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ، بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆشکاندن ئازاو ئامادەن، ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە. لە ئاستی گەلدا، کورد لە هەموو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیادەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری ڕۆمانسیەتی فریودەر. [1]