ناونیشانی بابەت: مەستی خەونی ڕووخان
ئامادەکردن: #زکرى موسا#
زەنگی داڕووخانی هەرێم لێدرا… گورزێکی تر بە هەرێم کەوت… ئابووریی سەربەخۆ کۆتایی هات… هەرێمی کوردستان لە لێواری کەوتن دایە… هەرێم هەڵدەوەشێتەوە… هەرێم نامێنێ… ئەم مانشێتانە بەشێکن لەو شەڕە ڕاگەیاندن و دەروونیانەی بە لێشاو و بە شێوەیەکی مونەزەم، ڕۆژانە لە دژی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بەڕێوە دەچێت. ڕۆژانە زەین و هۆشی خەڵک بە هەواڵی ساختە و گرژ و بێمانا بۆردومان دەکرێن و یاری بە باری دەروونیی کۆمەڵگە دەکرێت. جێگەی هەڵوەستەکردنیشە ئەم شەڕ و ئەم دەنگە شوومانە لەلایەن دوژمن و داگیرکارانەوە نایەت، بەڵکوو لە گەرووی دامودەزگەی ئیعلامی و سۆشیاڵمیدیای ئەو لایەن و حزبە کوردیانەوە دێت کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن و ملیۆنان دۆلاری لێ سەرفکراوە و هەزاران کادیری بۆ تەیار کراوە.
ڕاستیتان دەوێ هیچ یەک لە نەیارە دەرەکییەکانی هەرێم ئەو جورئەتەیان نەبووە ڕێگە بە خۆیان بدەن، باس لە نەهێشتن و لەناوبردن و ڕووخانی هەرێم بکەن. کەچی ئەوانە بە هەناسەیەکی سارد و بە دڵخۆشییەوە ڕۆژانە مەستی خەونی ڕووخانی هەرێمەکەیانن و وەک مژدەیەک دەیڵێنەوە و دەیڵێنەوە. ئەو تەماح و دڵخۆشییە بۆ (ڕووخاندنی خود) ە، چاوگەکەی تەنیا ڕقلێبوونەوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد یان پارتی نییە، کردەوەیەکی تەندرووستی سیاسی و ڕۆژنامەوانیش نییە و لە زانایی و مەعریفە و ڕۆشنگەریشەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو جۆرێکە لە پەرێشانی و دیاردەیەکی سەدلەسەد دژەکولتوورییە کە دەبێ دیراسە بکرێت و هۆکارەکانی بدۆزرێنەوە و چارەسەر بکرێن.
ئایا تینوویەتی بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات ئەوە دەهێنێت کە تۆ ئامادە بیت یاری بە هەبوو و نەبوو و خاک و سەرزەمین و مێژوو و ئێستا و ئاییندەی وڵاتت بکەی و چەپڵە بۆ داڕووخان لێ بدەی؟ سرووشتییە خەڵک هەبێت حەزی لە دەستەڵات بێت و هەوڵی بۆ بدات و ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنبوونیش ئسووڵی خۆی هەیە. تەنانەت ڕقڵێبوونەوە و دوژمنبوونیش فۆڕمۆڵ و پڕەنسیپ و ڕێوشوێنی خۆی هەیە. لە هیچ کامێک لەم شێوازانەدا شەیدایی بۆ ڕووخان و هەڵوەشانەوە و کەوتنی وڵات بوونی نییە.
ئۆپۆزیسیۆن کێیە و چییە؟ پێناسەی ئۆپۆزیسیۆن بریتییە لەو لایەنانەی لە هەوڵی ئەوەدان دەستەڵات بگرنە دەست و ببنە ئەلتەرناتیڤی دەستەڵات. ئەم هەوڵدانە یان لە ڕێگەی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردن و لە ڕێی میکانیزمە دیموکراتییەکان ئەنجام دەدرێت کە تێیدا ئۆپۆزیسیۆن بەشێکە لە سیستەمی سیاسیی وڵات، یانیش لە ڕێگەی تر کە ئۆپۆزیسیۆن لەدەرەوەی سیستمەی سیاسی بە پشتبەستن بە چەک هەوڵی گۆڕینی دەستەڵات دەدات. لە سەردەمی ئێستاکەدا مۆدیلی ئۆپۆزیسیۆنبوون لە ڕێگەی چەک و توندوتیژی کڕیاری نییە و زۆر باوی نەماوە. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە لە هەموو حاڵەتێکدا ئۆپۆزیسیۆن چ شەڕخواز بێت یان دیموکراتی، باوەڕی پتەوی بە خاک و خەڵک و سەروەریی و هەبوو و نەبووی وڵاتەکەی هەیە و هەرگیز ئارەزووی ڕووخان و هەڵوەشانەوە و نەمانی ناکات.
هەرێمی کوردستان موڵکی تاک تاکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەو دەبێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەک بپارێزرێت و بەهێز بکرێت و کەموکووڕییەکانی چارەسەر بکرێن. ئەمە نەخشەڕێگەی درووستی کارکردنە بۆ بەرژەوەندیی وڵات و نەوەکانی داهاتوو، بەڵام دڵخۆشی و شەیدایی بۆ ڕووخان و هەڵوەشانەوە، نە بوێرییە نە زانایی و نە شانازی، بەڵکوو سەرلێشێوانێکی موتڵەقە و جێگەی بەزەییە. [1]