لە سەدساڵەی لۆزاندا، کورد تا ئێستا لە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێتەوە
دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین
#09-07-2023#
دەردی خۆخۆری و پەرتەوازەیی کورد کۆنە و پێویستی بە لەسەر وەستانە، کە بۆچی وایە؟ ئەدەبیاتی شاعیرانی ئێمە پڕاوپڕە ڕەخنەگرتن و نەفرەتکردن لەدەردی خۆخۆری و پەرتەوازەیی، هاوکات تکا و ئامۆژگاری بۆ یەکبوون و کۆبوونەوە لە دەوری خەمی هاوبەش، بەڵام تا ئێستا نەهاتۆتەدی؟! ئەحمەدی خانی (1651-1707) ز داوای یەکبوون و یەکێتی کوردان دەکات و دەڵێت: گەردێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ڤێگرابکرا مە ئیقیادەک ڕۆم و عەرەب وعەجەم تەمامی هەمیا ژمەتا دکر غولامی تەکمیل دکر مە دین ودەوڵەت تەحلیل دکر مە عیلم وحیکمەت ئەم یەکنەبوونە مێژویەکی دێرینی هەیە و ئامۆژگاری شاعیرانیش لە خانییەوە بۆ حاجی قادری کۆیی و بێکەس و شێرکۆی کوڕ و پەشێو ....، درێژەی هەیە و (کلک و تەور هەر خۆمانیین، چەکوش و بزمار هەرخۆمانینین، خۆخۆرین، یەکنەگرتووین) بۆ؟ ئێستا ئێمە لە یادی سەد ساڵەی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانداین، جێی خۆیەتی بەوبۆنەوە لەسەر دۆخی خۆمان بوەستین و بزانین دوای ئەو مێژوە و پاش سەد ساڵ لە لۆزان دۆخمان چۆنە و بۆهەر یەکنەگرتووین؟ پەیوەست بەم دۆخەوە، موساعەنتەرلە بیرەوەرییەکانی خۆیدا چیرۆکی کۆبوونەوەکانی براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهان (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەمەریکا) دەگێڕیتەوە، کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا نەخشەیەکی نوێی ناوچەکە دوای دابەشکاری دەخاتە ڕو، شوێنی دەوڵەتە نوێیەکانی تورکیا، ئێراق، سووریا... نیشانی ئەوانی تر دەدات، سەرۆکی ئەوسای ئەمەریکا دەڵێت: ئەی کامەیە کوردستان؟ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا (لۆرد کرورزۆنی) کە دەسەڵاتێکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە دەڵێت: برادەران واز لە کورد بێنن، تا میشکی دێتەوە سەرەخۆی، بۆیە تا ئەو کاتە پێویستدەکات لەژێرپێدا بفلیقێنەوە، چونکە ئەمە سوودیان پێدەگەیەنێت، باشترە بەنموونەیەک بۆتانڕونبکەمەوە، لە زانستی پزیشکیدا دکتۆرەکان بەسێ ڕێگا چارەسەری ئەو کەسانە دەکەن کە نەخۆشی مێشکیان هەیە، ئەوانەی پێیاندەڵێن شێت. ڕێگای یەکەم تێۆرییەکی دەروونییە، کە مەعنەویاتی کەسەکە بەرزدەکەنەوە و پێیدەڵین تۆکەی شێتی؟ بەپێجەوانەوە زۆر ئاقڵیت، تا بە هۆش خۆی دێتەوە، پاشان دەیبەنە لای شێخ و مەلا و نوشتەی پێوەدەکەن. ئەگەر ئەمە سوودی نەبو، پاسان ڕێگای دوەم چارەسەری کیمیایی و دەرزی و دەرمان لە نەخۆشەکە دەدەن، بەڵام ئەگەر ئەمەش سوودی نەبو، ڕێگای سێیەم تاقیدەکەنەوە، کە بریتییە لە چارەسەری فیزیکی جەستەیی. نەخۆشەکە بە برسێتی دەهێڵرێتەوە، لێیدەدەرێت، ئاوی ساردی پێدادەکرێت، دەترسێنرێت، کارەبای لێدەدرێت، تا مێشکی دێتەوە سەرەخۆی، ئەگەر هەر چاکنەبۆوە، ئەوا بە شێتی دەمێنێتەوە، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کورد ڕێگای فیزیکی سوودی هەیە. دەڵێت؛ هەر تەنیا تورک و عەرەب و فارس دوژمنی کوردنیین، بەڵکوو ئەوانەی سەرکردایەتییان دەکەن، دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیانن. (بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر، ساڵ1 202، ل 417، 416، 415) . ئەگەر سەرنجبدەن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا سۆزێکی بۆ کورد هەیە و پرسیاردەکات و دەیەوێت بزانێت شوێنیان کوێیە؟ بەڵام ئێستا و دوای سەدساڵ لە لۆزان دوای ئەوەی 32 ساڵە ئەمەریکا هەرێمی کوردستان دەپارێزێت، تازەترین ڕاپۆرتی ئەمەریکا دەڵێت: کورد گەورەترین دوژمنی خۆیەتی، دەتوانن هەموو کەس ڕێکخبەن تەنیا ناتوانن لەناو خۆیاندا ڕێکبکەون. لە ئەمڕۆدا ئەم دۆخەش لە سایەی ناکۆکی وململانێی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی پارتی و یەکێتییە، ئێستا ئێمە لەناو یادی سەد ساڵەی لۆزانداین، بێگومان ئەم ژمارەیە سیمبولییە پێش سەد ساڵ و دوای سەد ساڵیش هەروەک یەکە، ئەوەی دۆخەکە دەگۆرێت هاوکێشەی نێودەوڵتی و فاکتەری هێزە بە واتا فراوانەکەی. بۆ ئێمەی کورد جیا لەوەی زۆرگرنگە لە ڕێگای ئابووری وکلتوری و... بچینە ناو هاوکێشە جیهانییەکان و بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە، هاوکات لۆبی لەگەڵ ئەو گەلانەش بکەین کە لە ئەنجامی پەیمانی لۆزاندا زەرەرمەندبوون، بۆ ناوخۆی خۆشمان ئەوەندە گرنگە یەکگرتووبین و ستراژیکێکی نەتەوەیی نیشتمانی هاوبەشمان هەبێت، نەک حیزبی و بنەماڵەیی. بەمە دەتوانین ئاڵنگارییەکان تێپەڕینین، هەر بۆیە (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژە لە لۆزان دەبەستێت ( 24، 23، 22/ 7 / 2023) ، بەو هیوایەی بتوانرێت بەرنامە و ستراتیژی هاوبەشی نیشتمانی و نەتەوەیی دابنرێت، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دۆخەکە، هەرچەندە ئەم هیوایە مەحکومە بە نەهاتنەدی، چونکە پارتی کۆتایی مانگی 5/ 2023 کۆنفرانسی خۆی لە لۆزان بەست و ماڵی خۆی جیاکردەوەوبەرژەوەندی حیزبی بەسەربەرژەوەندی نیشتمنای و نەتەوەییدازاڵکرد، ئەمەش سەلماندنی ئەو ڕاستییە وەک خۆردرەوەشاوەیەیە، کە سەرکردایەتی کود دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیان و نەتەوەن و ناتوانین یەکبین، بە واتایەکی تر لەسەردەمی حمەدی خانییەوە یەکنەگرتووین و لانی کەمیش سەد ساڵە لەناو بازنەیەکدا دەخولێینەوە، نە نموونەکەی ئەوکاتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و نە ئامۆژگاری دۆست و شاعیر و خەمخۆرانی خۆمان و نە سەد ساڵەی لۆزان و هیچ تراژیدیا و جینۆسایدێک نەیتوانی یەکمناخات. ماوەتەوە ئێمەش لەگەڵ حەمدی ساحێبقڕان، کە شیعرەکەش ماوەیەکی کەم دوای لۆازنە بڵێین: ڕەبی موی لێبێ زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێ هەرکەسێ گوڵشەن بەدەردی کوڵخەنی دۆزەخ بەرێ.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,593 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!