ناونیشانی بابەت: عەلی وەردی: دواکەوتنی مووچە هۆکارە بۆ دزی و گەندەڵی
ئامادەکردن و نووسین: #بارام سوبحی#
دەوڵەتی عوسمانی لەکاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی نەدەدا، بۆیە هەندێجار سەربازەکان پەلاماری بازاڕەکانیان دەدا. فەرمانبەرانیش بەبێ بەرتیل کاری هاووڵاتییانیان نەدەکرد. کۆمەڵناسی بەناوبانگی ئێراقی د.عەلی وەردی لەیاداشتەکانیدا وادەڵێت.
پەڕتووکی وانەکانی ژیانم لە نووسینی د.عەلی وەردی و وەرگێڕانی نەوزاد ئەحمەد ئەسوەدە، لەبڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفانە و (158) لاپەڕەیە. لەبارەی ئەم بەرهەمەوە، وەرگێڕ دەڵێت: وەردی بیرەوەرییەکانی خۆی بەشێوەی تەقلیدی نەنووسیوەتەوە، بەڵکوو هەوڵیداوە جارێکیتر لەمیانی باسکردنی بیرەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی، نەریت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کەشف بکات و شیکردنەوەیان بۆ بکات و هۆکارەکانیان بخاتەڕو ڕەخنەیان لێبگرێت.
لەم بیرەوەرییانەدا وەردی باس لە قۆناغی منداڵی و مێردمنداڵی و تاساڵانی (1935) دەکات، ئەو ساڵانەی کە قۆناغی ئامادەیی بەپلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەموو ئێراقدا تەواو دەکات و دەنێردرێت بۆ زانکۆی ئەمریکی لەبەیرووت. لەبارەی نووسینەوەی یاداشتەکانی، وەردی دەڵێت: من هەروەک کەسانی دی حەز دەکەم ستایشی خۆم بکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست بەوە دەکەم کە ئیرادەی ئەوەم نەبو خۆم خۆم درووست بکەم، تەنیا لەچوارچێوەیەکی زۆر دیاریکراودا نەبێت. ئێستاش کاتێک لەروداوەکانی ژیانم ورد دەبمەوە هەر لەمنداڵیمەوە تاپیریم، واهەست دەکەم زۆر جار من وەک ئەو پەڕە وام کە بادەیبات و خۆم هیچم نییە.
سەرکەوتن بەرهەمی مرۆڤ نییە
وانەی یەکەم لەژیانی عەلی وەردی بریتییە لەوەی کە سەرکەوتن و درووستبوونی کەسایەتی مرۆڤ بەتەنیا دەستکردی مرۆڤ نییە، بەڵکوو پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤ دەرەنجامی کارلێکی نێوان فاکتەری بۆماوە و ژینگە یان دەوروبەرە. بۆیە لەمڕوەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگەی ئێراقی دەگرێت و دەڵێت: خەڵکی وا ڕاهاتون ڕێز لەکەسی سەرکەوتو بگرن و ڕقیان لەکەسی ژێرکەتو بێتەوە، لەو باوەڕەی گوایە هەریەک لەوانە خۆیان خۆیانیان درووستکردووە، ئەمەش بووەتە مایەی سەرهەڵدانی ستەمێکی زۆری کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵکیدا. ئەوان کاتێک ڕێز لەکەسی سەرکەوتو دەگرن لەڕاستیدا زیاد لەشایستەی خۆی دەدەنێ. کاتێکیش ڕقیان لەکەسی ژێرکەوتو دەبێتەوە ئەوا ستەمی لێدەکەن و پێیانوایە تەنیا خۆی بەرپرسیارە لەفەشەلی خۆی.
لێکدانەوەی تازە بەکۆن
لەمیانی باسکردنی ژیانی خۆیدا، وەردی کاتێک باس لەهاتنی فڕۆکە و ئاشنابوونی خەڵکی بەکارەبا دەکات، وانەیەکی دیکە دەخاتەڕو، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ ناتوانێت لەشتی تازە تێبگات تەنیا لەمیانی چەمکە کۆنەکانییەوە لێکدانەوەیان بۆ دەکات. بۆیە دەڵێت: سرووشتی ئەقڵی بەشەری بەگشتی بەو شێوەیە ناتوانێت بەڕەهایی لەحەقیقەتی شتەکان تێبگات، بەڵکوو بەپێی زانیاری و تێگەیشتنەکانی خۆی لێیان تێدەگات، ئەمە تەنیا لای خەڵکی عەوام وانییە، بەڵکوو لەلای زانا و فەیلەسوفەکانیش هەیە.
ململانێی دین و دونیا
بەشێکی زۆری بیرەوەرییەکانی وەردی تەرخانکراوە بۆ باسکردن لەململانێی نێوان دین و دنیا، ئەمەشمان لە چەند ڕووداوێکی جیاوازەوە بۆ شرۆڤە دەکات. بەنموونە کاتێک باس لەباوکی دەکات دەڵێت: باوکم لەبەرئەوەی پیاوێکی ئایینی بو لایەنگری عوسمانییەکان بو، بەڵام بەهۆی ستەمکارییەوە ڕقی لەعوسمانییەکان بو، چونکە جەورو ستەم لە سەردەمی عوسمانیدا گەیشتبوە پلەیەک بەدەگمەن ستەمی والەهیچ سەردەمێکی تردا هەبوە.
بابەتێکی دیکە کە وەردی باسیدەکات زۆربوونی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانە، هۆکارەکەشی بەپلەی یەکەم دەخاتە ئەستۆی دەسەڵات. لەوبارەیەوە دەڵێت: دەوڵەتی عوسمانی لەکاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی نەدەدا، بۆیە هەندێجار سەربازەکان پەلاماری بازاڕەکانیان دەدا. هەروەها فەرمانبەرانیش بەبێ بەرتیل کاری هاووڵاتییانیان نەدەکرد.
وەردی لەمیانی باسکردنی ململانێی دین و دونیادا باس لەحاڵەتێکی تر ئەویش هەڵچونی خەڵکییە لەکاتی بۆنە ئایینییەکاندا، لەوبارەیەوە دەڵێت: خەڵکی لەکاتی کۆبوونەوە ئایینییەکاندا هەست بەئازایەتی دەکەن و کەمتر هەست بەترس دەکەن، بۆیە لەحاڵەتی وادا مەیلی غەوغاو گێرەشێوێنیان تیادا گەش دەبێتەوە... هەروەها زۆرجار هەستی خێڵەکی و شارچێتی بەسەر ئایینداریدا زاڵ دەبێت و ئەوەش گرفتی لێدەکەوێتەوە.
ماستاوکردن بۆ دەسەڵات
وانەیەکی دیکە لەژیانی وەردی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کەسایەتییانەیە کە لە ڕێگەی ماستاوکردنەوە خۆیان لەدەسەڵات نزیک دەکەنەوە، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە پارێزگاری لەپێگە و ناوبانگی خۆیان بکەن و خۆیان بەسەر خەڵکیدا بابدەن. ئەمەشمان لەچیرۆکی سەید جەعفەرەوە بۆ دەگێڕێتەوە. لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو کەسانە خۆیان بەگەورە دەزانی و سڵاویان لەکەس نەدەکرد، لەئاستی دەسەڵاتدارانیش خۆیان بەبچوک دەزانی.
ئەگەر نزیکبوونەوە لەدەسەڵات بۆ هەندێک کەس ببێتە مایەی دەسکەوت، ئەوا بۆ هەندێکی دیکە بوەتە گرفت. بەنموونە پیاوانی ئایینی لە سەردەمی عوسمانیدا خەڵکیان هانداوە بچن بۆ جیهاد و بەرگری لەدەسەڵاتی عوسمانی بکەن، بەڵام کوڕەکانی خۆیان لەو کارە بەخشراون. کەچی لە سەردەمی حوکمڕانی پاشایەتی و باڵادەستی ئینگلیزدا نزیکبوونەوە لەدەسەڵات بوەتە کێشە بۆ پیاوانی ئایینی و مایەی لۆمەکردنی خەڵکی، ئەمەشمان لەبەسەرهاتی سەیید حەسەن سەدرو مەهدی خاڵسی دا بۆ ڕوندەکاتەوە.
شار بەتامی گوند
کاتێک عەلی وەردی باس لەژیانی خۆی لە بەغدای ئەو کات و جیاوازی نێوان گەڕەکەکان دەکات، دو وانەمان پێدەڵێت یەکەمیان ئەوەیە بەشێک لەخەڵکی هەرچەندە لەشاردا ژیاون، بەڵام بەهەمان داب و نەریت و دەستووری ژیانی گوندەکانەوە، ئەمەش لەمامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی ژناندا دەردەکەوێت.
وانەی دوەمیش ئەوەیە هەرچەندە خەڵکی دەیانەوێت لەسەر داب و نەریتەکانیان بەردەوام بن، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ناچاردەبن تەڤلی تازەگەری ببن و دەستبەرداری ڕەفتارو داب و نەریتی باب و باپیرانیان بن. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئێمە نابێ بەردەوام گلەیی لەخەڵکی بکەین لەسەر ئەو کردەوانەی پێی ڕاهاتون و ئەو باوەڕو نەریتانەی لەسەری پێگەیشتون، ئەمە لەڕاستیدا لەخواست و ئیرادەی خۆیاندا نییە. سائەگەر ئێمەش لە هەمان ژینگە و هەمان بارودۆخدا پێبگەیشتینایە ئەوا وەک ئەوان دەبوین. هەروەها دەڵێت: هەرچەندە کۆمەڵگە داخراو بێت ئەوا بەرەنگاربوونەوە و بەرهەڵستکاری تیایدا توندتر دەبێت.
بۆچی هەموو خەڵکی دەبنە سیاسی؟
لەدرێژەی گێڕانەوەی ژیانی خۆیاندا وەردی هۆکاری ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە بۆچی زۆرینەی خەڵکی ئێراق باسی سیاسەت دەکەن و خۆیان لێبوەتە سیاسی و ڕەخنە دەگرن. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە دەگێڕێتەوە بۆ دەورانی حوکمی مەلیک فەیسەڵ و ڕایدەگەیەنێت خەڵکی لە سەردەمی عوسمانیدا پێیانوابو سیاسەت و حوکمڕانی پەیوەندی بەوانەوە نییە.
وەردی ئاشکرای دەکات لە ئێراقدا خەڵکی تەنیا ئەوکاتە لەبارەی سیاسەتەوە دەدوێن کە دڵنیابن لەوەی دورن لەمەترسی. هەر ئەوەندەی بزانن حکومەت شمشێری لێ بەرزکردونەتەوە ئەوا دەمودەست دەگەڕێنەوە بۆ بیرۆکە کۆنەکەیان کە دەڵێت: من هەقم چییە بەسەرەوە و پەیوەندی بەمنەوە نییە. هەروەها دەڵێت: خەڵکی لەسرووشتی ئەو بەربەست و ئاستەنگانە تێنەدەگەیشتن کە دوچاری مەلیک ببو، هەموو کەسێک ببو بەڕەخنەگری سیاسی عەیار بیست و چوار و باوەڕیان وابو کە خاوەنی ڕاوبۆچونێکی ڕاستن.
مزگەوت و گەندەڵی
وانەیەکی گرنگ کە وەردی فێرمان ئەوەدەکات مەرج نییە زۆربوونی مزگەوت و مەزارگەکان مانای ئەوەبێت خەڵکی زۆر ئاییندارن. چونکە وەکوو دەڵێت: لە سەردەمی عوسمانییەکاندا فەرمانڕەوایان لەهەرە فەرمانڕەوا گەندەڵ و بەرتیلخۆرو ستەمکارەکانی جیهان بوون، بەڵام لەخەڵکی زیاتر خۆیان واپیشاندەدا کە خەریکی دیندارین و سەرقاڵی بنیاتنانی مزگەوت و مەزارگە و شتی لەو چەشنە بوون. بەغدا لەو دەمانەدا بەقۆناغێکی زەمەنی وادا تێپەڕی هەرچەندە مزگەوت و مەزارگەی پتر بنیات بنرایە، پتر وێرانەیی و گەندەڵی بڵاودەبوەوە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=