ناونیشانی بابەت: حەمەسەعید حەسەن بەرگەی یەک کۆمێنتی منی نەگرت و بلۆکی کردم!
ناوی نووسەر: #هاوکار عەبدوڵڵا#
#حەمە سەعید حەسەن# خۆی بە ڕەخنەگری دایک و یەکەم ڕەخنەگری ئەدەبی دەزانێ بەتایبەتی ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان، کەچی بەرگەی یەک کۆمێنتی منی نەگرت و بلۆکی کردم.
نکۆڵی لە لێهاتوویی ئەو پیاوە ناکرێ بەتایبەتی لە زمان و ڕێنووسی کوردیدا، بەڵام ناشکرێ کورد گۆتەنی پووشکە لە چاوی خەڵک ببینی بەڵام شوژن یان کاریتە لە چاوی خۆت نەبینی.
ئەمرۆ، وتارێکی ئەو نووسەرەم بەرچاو کەوت کە لە کۆمێنتی یەکەم دامناوە، تیایدا هەموو مێژووی هەزار و چوارسەد ساڵەی ئیسلام لە بە کۆیلەکردنی ژنان و سەبایە و ئەتککردنی نامووسی ئەم و ئەو بچووک کردووەتەوە. ئاخر ناکرێ ئیسلامێک بە هەموو گەورەیی و پەیامە پیرۆز و مرۆییەی هەیەتی، بە هەموو کەڵەپیاو و قارەمان و دانایی و ئەو هەموو بەخششەی بۆ سەر ژیان و ژیاری خۆرئاوا هەیەتی، تەنیا لە مەسەلەی بەکۆیلەکردن و کەنیزە و سەبایەی ژنان قەتیس بکەی.
کاکی نووسەر هەمیشە لافی ئەوە لێدەدا بۆ مێگەڵ و عەوام نانووسێ، جارێ وشەی مێگەڵ هەر جوان نییە من زانیوومە هەر بۆ ئاژەڵان بەکاردی، هاوکات، ناشبێ بە ئیمۆجی پێکەنین کاردانەوەت بەرانبەر نووسینەکانی هەبێ، کەچی پشیی ئەوەندە تەنگە بەرگەی کۆمێنتێکی بەندەی نەگرت کە بەبێ هیچ بێرێزییەک بۆ جەنابیان نووسییە، و بلۆکی کردم.
من ناڵێم مێژووی ئیسلام بێ کەموکوڕییە، بەڵکوو دەڵێم ئیسلام وەک ئایین بێ کەموکوڕییە و مێژووش شتێک نییە پیرۆز بێ.
گلەیی یان پێشنیاری من بۆ حەمەسەعید و مەریوان هەڵەبجەیی ئەوە بووە/ئەوەیە کە ئێوە ئەوەندە شیرتان بەرانبەر ئیسلام و مێژووەکەی تیژە، ئەی بۆچی جارێک باس لە توندوتیژی ئایینەکانی دیکە ناکەن، بۆ جارێک چاوتان توندوتیژی و زەبروزەنگی پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە نابینێ بەتایبەتی مێژووی شەڕی سی ساڵە و توندڕەوی جووەکان و سپیپێستە باڵادەستەکان و چەندان نموونەی دیکە کە دواتر بەتۆمەتی ئەوەی بکەرە نەخۆشی دەروونی هەیە، پەردەپۆشی کردەکەی دەکەن.
دەزانم ئێستا من و هاوفکرانی منت پێ داعشە، بەڵێ ئەوەی دیفاع لە دین و ژینی و کولتوری خۆی بکا، یەکڕاست ناو و ناتۆرەیەکی دەخرێتەپاڵ. جارێکی دیکە دەیڵێم، هیچ مێژووییەک بێ کێماسی نییە، بەس دەخوازم قەڵەمەکەت تۆزێک بخەیەگەڕ بۆ هەڵدانەوەی لاپەرەی ڕەشی ئایینەکانی دیکە و پەیڕەوەکانیان، ئەوکات ددان دەنێم بەوەی کە جەنابت ڕەخنەت لە هەموو ئایینەکان گرتووە بە بێ جیاوازی.
دەزانم، هەندێ کەس بەو نووسینەم دڵتەنگ دەبن، بەڵام من ناتوانم بەرگەی پرۆسەیەک بگرم کە تەنیا لایەکی وێنەکە نیشاندەدا و لایەکانی دیکەی وێنەکە فەرامۆش دەکات.
لە کؤمێنتەکەی ڕەشتکردووەتەوە و بلۆکت کردووم، بۆم نووسیووی، پێمباشە سەیری ئەو کتێبەی تیم ۆڵەس مێرفی بکەی بەناوی (ئیسلام چی بۆ ئیمە کردووە: تێگەیشتن لە بەخششی ئیسلام بۆ سەر شارستانیەتیی خۆرئاوا)، تا بزانی بەڕاستی ئیسلام هیچی بۆ خۆرئاوا کردووە یان نا...تا بزانی مێژووی ئیسلام هەر سواربوونی مێینەیە هەر وەک خۆت ئەو وشەیەت بەکارهێناوە.
دواجار، گەر جەنابت خۆت تەنیا بۆ ڕەخنەگرتن لە ئیسلام تەرخان کردووە دوور لە ئایینەکانی دیکە و مێژووی پەیڕەوانیان، ئەوا هیچ گلەییم نییە و بەدڵی خۆت بکە، بەس ناکرێ بڵێ من ڕەخنەگرێکی پێشەنگم کەچی تەنیا ڕەخنە لە ئیسلام بگرم و لەئاست توندوتیژی ئایینەکانی دیکە چاو دابخەی. بۆیە، وا باشترە بنووسی من تەنیا ڕەخنە لە ئیسلام و مێژووەکەی دەگرم. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=