سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەسەر بانگهێشتی پادشای بەریتانیا و سەرۆکی ئیمارات، لە چوارچێوەی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی، بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەکات.
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە #30-11-2023#، #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە دوبەى لەسەر بانگهێشتى هاوبەشى شا چارڵزى سێیەم، پادشاى شانشینى یەکگرتووی بەریتانیا و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکى ئیمارات، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەى وڵاتان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتى پێشوازیى ژمارەیەک لە سەرکردەى وڵاتان و بەشدارانى کۆنفرانسى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانى کەشوهەوا (COP28) دا کرد.
ڕێوڕەسمەکە بۆ کردنەوەى کۆڕبەندى کارى خێرخوازى و گۆڕانى کەشوهەوایە کە لەگەڵ کارەکانى (COP28) دا، لەلایەن سەرۆکایەتیى ئیمارات بۆ کۆنفرانس و دەسپێشخەریى بازاڕى بەردەوامەوه، ساز دەکرێت. ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردەى ئەو وڵاتانە و میوانان بانگهێشتى ڕێوڕەسمى ئەم ئێوارەیە کراون کە سبەى بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى لووتکەى دوو ڕۆژى یەکەمى کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەسەر بانگهێشتى فەرمیى شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکى ئیمارات و بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانى کەشوهەوا (COP28)، گەیشتە شاری دوبەى.
ڕێوڕەسمەکە لەگەڵ کردنەوەى (COP28) دا دێت کە ئەمڕۆ 30-11-2023 بە بەشداریی سەرۆک و سەرکردەى وڵاتان و میوانانى باڵا و شارەزایان دەستپێدەکات و تا #12-12-2023# بەردەوام دەبێت. تێیدا وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانس و ڕێکخراوەکانى ئەم بوارە و کەرتى تایبەت، لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ دەربارەى هەڕەشە و مەترسییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا و پلان و ڕێکارەکانى ڕووبەڕووبوونەوەیان لەسەر ئاستى جیهان، دەکەن. [1]