$پانۆرامای ژنانی باشووری کوردستان و ئێراق لە ساڵی 2023$
ناوەندی هەواڵەکان-رۆژنیوز
باشووری کوردستان و ئێراق ساڵێکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاریی تێپەڕاند، ژنانی #باشووری کوردستان# لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کارایان گێڕا و توانییان بەرخۆدانی دژی داگیرکاریی بکەن و دەستکەوتی گرنگ بەدەست بهێنن.
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە ژنان لە کۆمەڵێک بواردا بەدەستیان هێناوە و ئەو بانگەشە بەردەوامانەی کە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردن و پشتیووانیکردنیان دەکەنەوە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، هێشتا ئاستەنگ و نادادپەروەریی بەرانبەر ژنان هەیە.
لە ئێستادا سیستمی جیهانی تووشی قەیرانێکی قووڵی هەمەلایەنە بووەتەوە، باشووری کوردستان و ئێراقیش لەم قەیرانە بە دوور نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەریی ئەم قەیرانانە لەسەر کۆمەڵگە بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی قووڵتر دەبێتەوە، بەڵام ژنانیش هەوڵی تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان داوە و خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
$یادی شەهیدان و بۆنە نەتەوەییەکان کرایەوە$
لە 2023-09-12دا ڕێوڕەسمی 10یەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی #ساکینە جانسز#، #فیدان دۆغان# و #لەیلا شایلەمەز# لە کۆمەڵکوژیی پاریس، لە باشووری کوردستان کرایەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە شاری #سلێمانی# یادی شەهیدکردنی ژنە پێشەنگ و ڕێبەری شۆڕشی ژنان، ساکینە جانسز و هاوڕێکانی کرایەوە و لە مەڕاسیمەکەدا خەڵاتی ساکینە جانسز بەخشرایە #ئامینە کاکە باوە# ژنە سیاسەتمەداری کورد لە وڵاتی سوید، ئەم یادە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ترەوە بەرز ڕاگیرا.
هاوکات ژنانی باشووری کوردستان بە گڕوتینەوە پێشوازییان لە 2023-03-08، ڕۆژی جیهانی ژنان کرد و لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە چالاکی جۆراوجۆر هاوشێوەی، گردبوونەوە، سیمینار، کۆنفرانس، فێستیڤاڵی کەلتووریی، ناشتنی نەمام، پێشانگای کاری دەستیی و هونەریی ئەنجامدرا.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی2023-03-08 دا، ژنانی #بەغدا# داوای گۆڕین و هەموارکردنەوەی بڕگەکانی یاسای کۆمەڵکوژیی ژنانیان کرد، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان بە هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، لە بەردەم قەڵای #هەولێر# گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایان کرد، کوشتنی ژنان ڕابگیرێت و چیتر ژنان نەکوژرێن.
هەر لە ڕۆژی 2023-03-08 دا ژنانی سلێمانی بە هەموو ڕەنگەکانەوە، بە درووشمی “ژن ژیان ئازادیی.. ڕێ پێوانی ژنە بەرەو شۆڕشی گەلان” ڕێپێوانێکیان لە شەقامی سەهۆڵەکەوە بەرەو باخی گشتی ئەنجامدا، هەمان ڕۆژ شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی (ژن تی ڤی) لەلایەن کارمەندان و بەشێک لە ژنانەوە بە پەیام و ئاهەنگێڕان پیرۆز کرا.
بە گڕوتینی ڕۆژی 2023-03-08، ژنان بە جلی ڕەسەنی خۆیان پێشوازییان لە جەژنی نەتەوەیی کورد (#نەورۆز#) کرد، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئاستەنگی بۆ کوردان درووستکرا لە یادکردنەوەی جەژنە نەتەوەییەکەیان، بەڵام گەل بە یەک هەڵوێست سەرەڕای ئاستەنگییەکان بە بەشداریی بێ وێنەی هەزاران کەس جەژن لە هەموو شارەکانی کوردستان پیرۆز کرا و ئاهەنگی گەورەی نەورۆزیش لە بناری #قەندیل# بە بەشداری هونەرمەندان و هاووڵاتییانی چوار پارچە بەرز ڕاگیرا، لە هەموو ئاهەنگ و پیرۆزباییەکاندا ژنان پێشەنگ بوون.
سەرباری هەموو ئاستەنگیی و توندوتیژییەکان، ژنان لە تێکۆشان، بە بۆنەی ڕۆژی 2023-25-11، ڕۆژی هەڵمەتی جیهانیی بەرەنگاری توندوتیژیی دژ بە ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنان لە شار و شارۆچکەکان چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوەبرد، وەک پێشانگای شێوەکاریی، سیمینار، شانۆگەریی، بڵاوکردنەوەی نامیلکە و گردبوونەوە، هاوکات لە باخی گشتی شاری #ڕانیە# ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر پەرتووکخانەی گەڕۆکیان بردە شارەکە و بە بڵاوکردنەوەی پەرتووک بەشدارییان لە چالاکییەکانی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان کرد، #ڕژاک# و کژاریش بە بەیاننامە و پێشانگای شێوەکاری بەشداری چالاکییەکان بوون.
$توندوتیژییەکان تا دێت زیاتر دەبن$
بەهۆی داگیرکاریی، قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و زاڵبوونی کەلتووری بێگانە لە ڕێگای میدیاکانەوە، توندوتیژییەکان لەناو کۆمەڵگە و بەتایبەت لەسەر ژنان زیادی کردووە، چالاکوانان هۆکارەکانیان بۆ داڵدانی بکوژ لەلایەن دەسەڵات، سەروەرنەبوونی یاسا، نەگەشتنە ئەنجامی کەیسەکانی ژنان و تێکدانی کەلتووریی کۆمەڵگە گەڕاندەوە.
لە هەرێمی کوردستان تا دێت توندوتیژییەکان بەرانبەر ژنان ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ گۆرانکاریی بەسەر شێواز و جۆرەکانیاندا دێت، کە ئەمساڵ 2023 زیاتر بەهۆی گێچەڵی ئەلیکترۆنی و هەڕەشە و فشارکردنەوە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە، کە بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان لە ماوەی 10 مانگدا زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە، کە زۆربەیان توندوتیژیی ئەلیکترۆنین.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە هەر لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان 33 ژن، کوژراون، بەڵام دوابەدوای ئەو ئامارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا دوو ژنی دیکە لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژرا و ڕێژەکە بۆ 35 بەرزبووەوە.
هەروەها ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان باس لەوە دەکەن بەهۆی تۆخبوونەوەی دیاردەی “سوڵحی عەشایەریی”، کەیسەکانی توندوتیژیی و تاوانەکان بەرانبەر ژنان ون دەبن.
هاوسەرگیری پێشوەختە ڕوو لە هەڵکشانە و بەپێی ئامارێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە ئێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 بڵاو کردەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد، لەو ساڵەدا 55 هەزار و 896 گرێبەستی هاوسەرگیریی واژۆ کراوە، لەو ڕێژەیە هەشت هەزار و 48 گرێبەستیان، کە دەکاتە 14.4٪ کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون.
هاوکات وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، لە هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2017ەوە تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، لە ناوچە و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان 549 ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون.
پێشێلکاریی و توندوتیژییەکان لە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتیی بۆ ژنان، لەو شوێنانەی کە کاری تێدا دەکەن لە هەڵکشاندایە، بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی کە ئەنجامدراون لە 85٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووس هەراسان دەکرێن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی ژنانی ئێراق، دەردەکەوێت کە 77٪ی ژنانی ئێراق ڕووبەڕووی گێچەڵپێکردنی ڕاستەوخۆ دەبنەوە، هەروەها زیاتر 90٪ی ژنان داوایانکردووە یاسا بۆ ڕێگریکردن لە گێچەڵ و هەراسانکردن دابندرێت و بە شێوەی یاسای ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا کۆتایی پێ بهێنرێت.
ئامارەکان دەریانخستووە 78٪ی ژنانی بەشداربوو لە ڕاپرسییەکەدا وتوویانە لە شوێنی کار هەراسانکراون، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی دارایی و گوزەرانیان نەیان توانیوە دەستبەرداری کارەکانیان ببن.
هەر بەپێی ئامارەکە دەرکەوتووە، 57٪ ڕووبەڕووی هەراسانکردنی زارەکی بوونەتەوە، 20٪یان گێچەڵی سێکسیان پێکراوە، هەراسانکردنی ناو خێزانیش ٪5 بووە، هەروەها ٪7ی ژنان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەراسانکراون.
$ژنان دژی هەموو ستەمێک تێکۆشان دەکەن$
ژنانی باشووری کوردستان وەک هەمیشە بەشداری کارابوون لە وەستانەوە دژی ئەو نادادی و ستەمەی دەسەڵات بەرانبەر خۆیان و کۆمەڵگەش ئەنجامی دەدات، لە مانگی شووباتدا لە شارۆچکەی #دەربەندیخان#، ژنان بەشدارێکی کارای ناڕەزایەتییەکان بوون دژی چارەسەرنەکردنی کێشە و گرفتەکانیان کە پەیوەندی بەخزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە هەبوو، بۆ ماوەی مانگێک لەسەر شەقام بەردەوام ناڕەزایەتییان دەردەبڕی.
هەروەها لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2023ەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دژی پێنەدانی ماف و شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمەوە، مامۆستایان و مووچەخۆران بایکۆتی خوێندنیان کرد، لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی #گەرمیان# و #ڕاپەڕین#، #کۆیە# و #هەڵەبجە# ڕژانە سەر شەقامەکان، لەو شەپۆلە خۆپیشانەشدا مامۆستا و فەرمانبەرانی ژن دووبارە دەنگێکی بڵندی ناڕازیی بوون و پێشەنگی چالاکییەکانیان دەکرد و داوایان لە هاووڵاتییان و بەتایبەت ژنان دەکرد زیاتر بەشدار بن.
شایەنی باسە ژنان لەم چوارچێوەیەشدا بوونە قوربانیی، لە ڕووداوێکی پڕ گوماناوییدا مامۆستای وانەبێژی ناڕازی جیهان تەها کۆتایی بەژیانی هات و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم پانۆڕامایە #26-12-2023# هیچ زانیارییەک لەبارەی کەیسەکەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە، خوشک و برا و کەسوکارەکەشی ڕایانگەیاندووە کە گومانی تەواویان لەو بابەتە هەیە و پەدەکە بە بەرپرسیار دەزانن لە ئاست ئەو ڕووداوە.
مامۆستای وانەبێژ و ناڕازیی جیهان تەها، ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرت، لە شەوی 2023-10-26 لە ڕووداوێکی گوماناویی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای #بارزان# کۆتایی بە ژیانی هات، سەرەتا هەوڵدرا ڕووداوەکە وەک هەر ڕووداوێکی هاتوچۆی ئاسایی نیشان بدرێت، بەڵام سات لە دوای سات گومانەکان دەربارەی شێوازی گیانلەدەستدانەکەی زیاتر بوون و لە ئێستادا خێزان و خوشک و براکانی داوا دەکەن دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕوونکردنەوەیان پێ بدات و بە خستنەڕووی بەڵگەی حاشا هەڵنەگر گومانەکانیان بڕەوێننەوە و ڕاستییەکانیان بۆ ئاشکرا بکەن.
$شاندی نێودەوڵەتی سەردانی ژنانی باشووری کوردستانیان کرد$
لە مانگی ئاداری 2023دا بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد-ڕێپاک، بەمەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” و تێگەیشتنی زیاتر و زانینی ئاستی بەرجەستەکردنی لە هەرێمەکەدا، شاندێکی نێودەوڵەتی ژنان لە ئەڵمانیاوە هاتنە باشووری کوردستان و لە سلێمانی سەردانی ژنانی لایەنە جیاوازەکانیان کرد.
لە ڕۆژی 2023-10-12 دا، شاندێکی ژنانی باکوور، کە پێکهاتبوون پەڕڵەمانتاران و ئەکادیمیسیان و چالاکوانان، سەرجەمیان ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستانن، هاتنە باشووری کوردستان و لەگەڵ لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتییەکاندا لە هەولێر و سلێمانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
شاندەکەى باکوورى کوردستان پێکهاتبوون لە نووران ئیمیر پەڕڵەمانتاری هەدەپە و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، گوڵشەن سنجار جێگری هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد، ئێڤین ئادین ئەکادیمسیان و مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد، زینەت دینجەر ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان لە باکووری کوردستان و دامەزرێنەری پلاتفۆرمی یەکیتی ژنانی کورد.
$ژنان کۆنگرەی تایبەت بە پرس و کێشەکانی خۆیان بەستووە$
ڕۆژی 2023-01-17 بە درووشمی “بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی سەردەخەین”، کۆنگرە ستار نۆیەمین کۆنگرەی گشتیی خۆی ئەنجامدا.
هاوپەیمانی ژنانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 2023-01-20، کۆبوونەوەی وەرزی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی پرسەکانی دۆخی ئێستای ژنان و دەرفەت و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم بزووتنەوەکانی ژنان لە کوردستان کرا و پاشانیش جەختیان کردەوە لەسەر هێنانەدی کوردستانێکی پێشکەوتوو و دیموکراسی و مەدەنیی، کە تێیدا یەکسانی جێندەری فەراهەم بێت، مافە مەدەنییەکانی سەرجەم تاکەکانی پارێزراو بێت.
هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە و بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” پانێڵێک لەبارەی تێکۆشانی ژنانی کورد و دەسکەوتەکانیان لە سلێمانی ڕێکخرا.
لەلایەن تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی-تاژی، ڕۆژی 2023-04-23 لە #شنگال# بە بەشداری زیاتر لە 350 ئەندام، کە لە ژنانی ئێزدیی و عەرەب و ژمارەیەک میوان پێکهاتبوو، کۆنفراسێک بە ناونیشانی “ژن ژیان ئازادیی، بەرەو شۆڕشی ژنان”، بەڕێوەچوو، لە کۆتایی کۆنفراسەکەدا جەختکرایەوە پێویستە ژنان بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد #عەبدوڵڵا ئۆجالان# بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن و نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.
ڕۆژانی 2023-05-18/19 هاوپەیمانی ژنانی باشووری کوردستان بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوون و پشتیووانی ڕێکخراوی (میدیکا مۆندیالی ئەڵمانی)، دیدارێکی دوو ڕۆژەی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر بەرنامەی کاری داهاتووی هاوپەیمانی ژنان، بە تایبەت دانانی ستراتیژێک بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی چەمکە جێندەرییەکان و بەهێزکردنی بزووتنەوەی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان، چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان.
کۆمەڵەی ژنانی کوردستان- کەژەکە لە #2023-07-09# دا، لە نۆیەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی شنگال کەمپەینێکی بە درووشمی “لە دژی هێرشی پیاوانی دەسەڵاتخواز لەگەڵ ژنانی شنگال و ئەفغانستانداین” ئەنجامدا و لە 3 تا 15ی ئاب بەردەوام بوو.
لە درێژەی چالاکییەکانی نۆیەم ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان و داگیرکردنی شنگال، تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی- تاژێ، لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێک ئەنجام درا، کە تێیدا ئەو کۆمەڵکوژیی و سیاسەتی لەناوبردنانەی لەسەر پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان بەڕێوەبردراوە تاوتوێ کرا، هاوکات لە دیدی ژنان و گرنگی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لەبارەی چارەسەرییەکانەوە گفتوگۆ کرا.
لە یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا، بە دەستپێشخەریی کژار، بە بەشداری ژنانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سلێمانی سیمیناری “ژن، ژیان، ئازادیی” ئەنجام درا.
ڕۆژی 2023-11-05، لە شاری سلێمانی بە هاوبەشی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و #ڕژاک# ، بە درووشمی “بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی، بەرەو چارەسەریی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە هەنگاو دەنێین”، کێشەکانی ژنان و ڕێگە چارەسەرییەکان لە پانێڵێکدا تاوتوێ کران.
هەروەها لە شاری هەولێر و لە ڕۆژی 2023-01-17، کۆنفرانسی سەد ساڵەی #لۆزان# “ڕۆڵی ژن لە پاراستنی خاک و ناسنامە” بەڕێوەچوو، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ژنانی #کەنەکە# و بۆردی ژنانی ئازادی سەر بە یەکێتی پەڕڵەمانتاران و ڕێکخراوی ئێمە ئامادەکاری بۆ کرابوو و تێیدا لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان لەسەر دۆخی ژنان لە باشووری کوردستان لە ڕووی سیاسی ، یاسایی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی بۆ سەر ژنان تاووتوێ کرا.
$دەستکەوتەکانی ژنان لە ساڵی 2023دا$
قەیران و ململانێ سیاسییەکان پاشەکشەیان بە ژنان نەکرد، لە ساڵی 2023دا پێگە و دەستکەوتەکانی ژنان لە بواری سیاسیی و بەڕێوەبردندا بەرجەستەتر بوو، لەو چوارچێوەیەدا، چەندین دەستکەوت و بەرهەمی دیاریان هەبوو.
لە بواری هونەریی و ڕۆشنبیریشدا ڕۆڵی ژنان کارا بوو، چەندین پەرتووکی ئەدەبی و پەروەردەیییان لە چاپدا، یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانی ژنان کردنەوەی ناوەندی “ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد ” بوو کە ناوەندەکە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و یەکێتی ژنانی کوردستانە، بۆ ئەرشیفکردنی نووسین و هەر کەرەستەیەکی مێژوویی و هاوچەرخی ژنانی کورد، لە ئێستادا زیاتر لە 1800 سەرچاوە و پەرتووکی نووسەرانی ژنی تێدایە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا.
لە مانگی تەمووزی 2023دا ڕۆمانی دایە (ڕێگە درێژەکەی ڕەنج و تێکۆشانی دایە یادە)، بڵاوکرایەوە، کە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ژنۆلۆژییە و باس لە ژیانی پڕ لە تراژیدیای ژنێکی شۆڕشگێڕی یاخی خۆنەویستی شاری سلێمانی دەکات.
ڕۆژی 2023-10-21 لە شاری سلێمانی پەرتووکی “گەڕیدەی حەقیقەت” کە کۆکراوەی 100 وتاری #ناگیهان ئاکارسەل#ە و لەلایەن #نەجیبە قەرەداغی# یەوە وەرگێڕانی بۆ کرا بڵاو کرایەوە.
لە کۆتایی مانگی ئابدا، #هانا ڕەزا#، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور، بووە یەکێک لە سێ براوەکەی خەڵاتی پریتزکەری داهێنانی ژینگەیی بۆ ساڵی 2023، کە لەلایەن زانکۆی کالیفۆرنیاوە دەبەخشرێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023دا، دکتۆر دێرین نەجات، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆڕی زیندەکیمیایی کلینیکی و خانە زیندەییەکان لە زانستی کیمیا لە زانکۆی سلێمانی، خەڵاتی “لۆڕیاڵ”ی بەدەستهێنا، کە یونسکۆ دەیبەخشێت بەو ژنانەی لە زانستدا داهێنانیان کردووە.
بەسیمە عەبدولڕەحمان، لەلایەن دامەزراوەی پەخشی “بی بی سی”، ناوی 100 ژنی چالاک و کاریگەریی بۆ ساڵی 2023دا هات و لەبارەیەوە نووسیبووی، بەهۆی شەڕەوە زۆرێک لە شارۆچکەکانی ئێراق وێران بوون، بەڵام کاتێک بەسیمە عەبدولڕەحمان دوای ماستەرەکەی لە ئەندازیاری پێکهاتەیی گەڕایەوە، شێوازێکی جیاوازی بۆ هاوکاریی پێشخست و کەسک-ی دامەزراند کە یەکەم هەنگاوە لە ئێراقدا بەرەو درووستکردنی خانوو و باڵەخانەی دۆستی ژینگە و بەکارهێنانی خۆر وەک سەرچاوەی بەدەستهێنانی وزە.
ڕۆژی 2023-10-12دا، لە چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتیی بەغدا، “چاوان خەلیل” شانۆکاری کورد بە بەشداری کردنی لە شانۆی “بەڵی ژن بوون سەختە” خەڵاتی باشترین شانۆکاری کچی پێ بەخشرا.
ڕۆژی 2023-12-05، لەلایەن ڕێکخراوی #جەمال نەبەز# لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا خەڵاتی جەمال نەبەز بۆ ساڵی 2023 پێشکەش بە مامۆستای زمانی کوردیی #زارا محەمەدی# کرد، پێدانی خەڵاتەکەش لەپای ئەو کار و هەوڵانەی زارا محەمەدییە بۆ پاراستن و زیندوو هێشتنەوەی زمانی کوردیی ئەنجامی داوە.
لە 2023-12-11، هێرۆ ئەحمەد وەکیل چالاکوانی بواری ژینگە و ژنان لە ھەڵەبجە، لەپای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژینگە و هاوکارییکردنی ژنان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەڵاتی “ژنانی پاڵەوانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژینگە 2023” بەدەست ھێنا، ئەو خەڵاتە لەلایەن سەنتەری جنیڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ دابەش دەکرێت.
دوابەدوای ئەو دکتۆرە #چۆمان هەردی#، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەر ئاستی جیهان لەگەڵ 12 کەسایەتی جیهانی بە فەرمی خەڵاتی (فەرەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ)ی پێ بەخشرا، یەکێکە لەو خەڵاتانەی بەو کەسانە دەبەخشرێت کە بوێرانە کاریان بۆ بەرگریکردن و پاراستینی مافی مرۆڤ کردووە لە وڵاتەکانی خۆیاندا.
لە کۆتا شەوی پایز و یادەکانی شەوی (چەلە) خەڵاتی ژنە شاعیری کورد خورشیدە بابان بەخشرا بە پێشکەشکار و بەڕێوەبەری کەناڵی ژن تیڤی ئەڤین نەسرین.
لە بواری ئابووریشدا ژنان چەندین پڕۆژەی هاوبەشیان دامەزراند، وەک شوێنکاری شوشتنی ئۆتۆمبێل، فێرکردنی شۆفێری بۆ ژنان، کافێ، چنینی کڵاش، دوکانی پێداویستییەکانی ژنان، کارگەی نان، دوکانی شیرینی و کردنەوەی خولی دروومان و چەندین پڕۆژەی دیکە لە شارەکانی هەڵەبجە، ڕانییە، #کەرکووک#، #چۆمان#، #ماوەت#، #هەورامان# و سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی ژنان ساڵانە بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیی و خۆجێییەکان دەکەن بە بەرهەمەکانیان.
ڕۆژی 2023-11-18 ڕۆژنامەنووس #نیاز عەبدوڵڵا# وەک ژنە کوردێک خەڵاتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی نێودەوڵەتیی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان “سی پی جەی” بەدەست هێنا و لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتەکەدا وتی: خەڵاتەکە پێشکەش دەکەم بە زیندانیانی بادینان، شەهید #ژینا ئەمینی#، #سەڵاحەدین دەمیرتاش# و #مەزڵوم عەبدی#، کە ئەوان چوار سمبولی ئازادیخوازیی کوردستانن.
$لە سیاسەتیشدا ژنان بەشداری کارا بوون$
لە بواری سیاسییشدا ژنانی ئێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارێکی کارا و چالاک بوون.
لەمساڵدا بۆ یەکەمجار ژنێک کرایە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە سعودیە.
هەروەها لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق ژنان توانییان سێ وەزارەت بەدەست بهێنن کە یەکێکیان وەزارەتی داراییە و تەیف سامی وەزیرێیەتی.
لە 2023-09-27 لە شاری سلێمانی کۆنگرەی پێنجی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ئەنجامدرا، بەڵام لەو کۆنگرەیەدا ڕێژەی ژنان لە سەرکردایەتی حزبەکەدا کەم کرایەوە، دوای پێنج ڕۆژ بەردەوامیی، ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا کرا، کە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە هەڵبژێردراون، لە کۆی 60+1 ئەندام، تەنیا نۆ ژن ئەندامی ئەنجوومەنەکەن، ئەو ڕێژەیەش زۆر کەمترە لە ڕێژەی کۆتا-ی ژنان لەو حزبەدا.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2023دا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەشدا کاندیدانی ژن بەشێوەیەکی بەرچاو هەبوون، لە کۆی پێنج هەزار و 904 کاندید، هەزار و 662یان ژن بوون، کە دەکاتە 28.1٪ی کۆی گشتی کاندیدەکان و کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسییان کرد و لە کەرکووک لەنێو کاندیدە ژنەکاندا پێنجیان بەبێ کۆتا و بە توانای خۆیان کورسییەکانیان لە ئەنجوومەندا مسۆگەر کرد. [1]